عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
له‌ خاڵی چاودێریكردنه‌كه‌م ده‌وه‌ستم و
سه‌رده‌كه‌ومه‌ سه‌ر قولله‌ی چاودێری،
چاوه‌ڕێ ده‌كه‌م تاكو بزانم یه‌زدان چیم پێ ده‌ڵێت و
بۆ وه‌ڵامی ئه‌و سكاڵایه‌ چی بڵێم.
وه‌ڵامی یه‌زدان 
2
ئینجا یه‌زدان وه‌ڵامی دامه‌وه‌ و فه‌رمووی:
«سروشه‌كه‌[a] بنووسه‌وه‌ و
له‌سه‌ر تابلۆ هه‌ڵیبكۆڵه‌،
تاكو په‌یامنێر به‌ دروستی په‌یامه‌كه‌ بگه‌یه‌نێت.
3
چونكه‌ سروشه‌كه‌ بۆ كاتی دیاریكراوه‌،
باسی كۆتایی ده‌كات و
درۆ ناكات.
ئه‌گه‌ر درێژه‌ی كێشا چاوه‌ڕێی بكه‌،
چونكه‌ بێگومان دێت و دواناكه‌وێت.
4
«ته‌ماشا، دوژمن[b] خۆی گف كردووه‌ته‌وه‌،
ئاره‌زووه‌كانی ڕه‌وا نییه‌،
به‌ڵام كه‌سی ڕاستودروست به‌ باوه‌ڕی خۆی ده‌ژیێت.
5
له‌ ڕاستیدا شه‌راب فریوی ده‌دات،
له‌خۆباییه‌ و هه‌رگیز هێور نابێته‌وه‌،
چونكه‌ وه‌ك گۆڕ ئاره‌زووی به‌رفراوانه‌،
وه‌ك مردنه‌، هه‌رگیز تێر نابێت،
هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان بۆ خۆی كۆده‌كاته‌وه‌ و
هه‌موو گه‌لان به‌ دیل ده‌گرێت.
6
«ئایا گه‌له‌كان په‌ند و توانج له‌و ناگرن، ده‌ڵێن:
«”قوڕبه‌سه‌ر ئه‌وه‌ی شتی دزراو كه‌ڵه‌كه‌ ده‌كات و
به‌ سته‌مكاری خۆی ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌كات!
ئه‌و دۆخه‌ هه‌تا كه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت؟“
7
ئایا قه‌رزده‌ره‌كانت كتوپڕ لێت ڕاستنابنه‌وه‌؟
ئایا به‌ئاگا نایێن و ناتله‌قێنن؟
ئینجا ده‌بیته‌ ده‌ستكه‌وت بۆیان.
8
چونكه‌ تۆ چه‌ندین نه‌ته‌وه‌ت تاڵان كرد،
ئه‌و گه‌لانه‌ی كه‌ ماونه‌ته‌وه‌ تۆ تاڵان ده‌كه‌ن،
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تۆ خوێنی مرۆڤت ڕشت،
تۆ خاك و شار و هه‌موو دانیشتووانه‌كه‌یت وێران كرد.
9
«قوڕبه‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وتی ناڕه‌وا بۆ ماڵه‌كه‌ی به‌ده‌ستده‌هێنێت و
هێلانه‌كه‌ی له‌ به‌رزایی داده‌نێت،
تاكو له‌ چنگی خراپه‌ ده‌رباز بێت!
10
پیلانی ڕیشه‌كێشكردنی گه‌لانێكی زۆرت گێڕا،
شه‌رمه‌زاریت هێنایه‌ سه‌ر ماڵه‌كه‌ت و خۆتت دۆڕاند.
11
له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌رد له‌ناو دیواره‌وه‌ هاوار ده‌كات و
كاریته‌ش له‌ داره‌وه‌ ده‌نگ ده‌داته‌وه‌.
12
«قوڕبه‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌ خوێنڕشتن شار بنیاد ده‌نێت و
به‌ سته‌مكاری شارۆچكه‌ داده‌مه‌زرێنێت.
13
ئایا ئه‌وه‌ له‌لایه‌ن یه‌زدانی سوپاسالاره‌وه‌ نییه‌
كه‌ ماندووبوونی گه‌لان ته‌نها بۆ ئاگر بێت،
شه‌كه‌تبوونی نه‌ته‌وه‌كان بێ سوود بێت؟
14
چونكه‌ زه‌وی پڕ ده‌بێت له‌ زانینی شكۆمه‌ندی یه‌زدان،
هه‌روه‌ك ئاو ده‌ریا داده‌پۆشێت.
15
«قوڕبه‌سه‌ر ئه‌وه‌ی شه‌راب ده‌رخواردی نزیكه‌كه‌ی ده‌دات،
هه‌تا سه‌رخۆش ده‌بێت له‌ مه‌شكه‌كه‌وه‌ بۆی تێده‌كات،
تاكو جه‌سته‌یان به‌ ڕووتی ببینێت.
16
تێرده‌بیت له‌ شه‌رمه‌زاری له‌ جیاتی شكۆمه‌ندی.
ئێستا نۆره‌ی تۆیه‌! بینۆشه‌ و ڕووت ببه‌وه‌،
جامی ده‌سته‌ ڕاستی یه‌زدان دێته‌ سه‌ر تۆ،
شه‌رمه‌زاریش شكۆی تۆ داده‌پۆشێت.
17
ئه‌و سته‌مه‌ی له‌ لوبنانت كرد به‌سه‌رت دێته‌وه‌،
له‌ناوبردنی ئاژه‌ڵه‌كانی ده‌تترسێنێت.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تۆ خوێنی مرۆڤت ڕشت،
تۆ خاك و شار و هه‌موو دانیشتووانه‌كه‌یت وێران كرد.
18
«ئه‌و بته‌ی كه‌ ده‌تاشرێت چ كه‌ڵكێكی هه‌یه‌؟
یان ئه‌و په‌یكه‌ره‌ له‌قاڵبدراوه‌ی خه‌ڵكی فێری درۆ ده‌كات؟
چونكه‌ دروستكه‌ره‌كه‌ی پشتی پێ ده‌به‌ستێت،
بتێكی دروستكردووه‌ ناتوانێت قسه‌ بكات.
19
قوڕبه‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌ ته‌خته‌دار ده‌ڵێت: ”هه‌سته‌!“
به‌ به‌ردی بێ هه‌ست و نه‌ست: ”به‌ ئاگابه‌!“
ئایا ده‌توانێت ڕێنمایی بكات؟
به‌ زێڕ و زیو ڕووكه‌ش كراوه‌،
ڕۆحی تێدا نییه‌.»
20
به‌ڵام یه‌زدان له‌ناو په‌رستگای پیرۆزیدایه‌،
با هه‌موو دانیشتووانی زه‌وی له‌به‌رده‌میدا بێده‌نگ بن.
  1. a. 2‏:2 فه‌رمووده‌یه‌كی خودایه‌ كه‌ له‌ ڕێگای ڕۆحی پیرۆزه‌وه‌ بۆ مرۆڤ هاتبێت.
  2. b. 2‏:4 مه‌به‌ستی له‌ بابلییه‌كانه‌ بڕوانه‌ 1‏:13‏،15.