عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - یاقوب داوای بەرەکەت بۆ کوڕەکانی دەکات
- 1
- ئینجا یاقوب کوڕەکانی خۆی بانگکرد و گوتی: «کۆببنەوە تاکو پێتان بڵێم کە لە ڕۆژانی داهاتوودا چیتان بەسەردێت.
- 2
- «ئەی کوڕانی یاقوب، کۆببنەوە و گوێ بگرن،
 گوێ لە ئیسرائیلی باوکتان بگرن.
- 3
- «ڕەئوبێن، تۆ نۆبەرەکەی منیت،
 هێزی منیت و یەکەم توانامیت،
 سەری شانازی و سەری هێزی.
- 4
- هەڵچوو وەک ئاو، باڵادەست نابیت،
 چونکە چوویتە سەر پێخەفەکەی باوکت،
 گڵاوت کرد، سەرکەوتیتە سەر نوێنەکەم.
- 5
- «شیمۆن و لێڤی بران،
 بە چەکی توندوتیژی چەکدارن.[a]
- 6
- من ناچمە ناو کۆڕی ڕاوێژیان،
 سەنگینی من یەک ناگرێتەوە لەگەڵ کۆمەڵەکەیان،
 چونکە لە کاتی تووڕەبوونیاندا مرۆڤیان کوشت و
 لە خۆشیشیاندا گایان لە پێ خست.
- 7
- نەفرەت لە تووڕەییان کەوا توندە،
 لە هەڵچوونیان کەوا سەختە.
 لەناو یاقوب بەشیان دەکەم و
 لەناو ئیسرائیل بڵاوەیان پێ دەکەم.
- 8
- «یەهودا[b] ، براکانت ستایشی تۆ دەکەن،
 دەستت لەسەر پشتەملی دوژمنانت دەبێت،
 کوڕانی باوکیشت کڕنۆشت بۆ دەبەن.
- 9
- بەچکە شێرە یەهودا،
 لەسەر نێچیر گەڕایتەوە، کوڕی خۆم.
 خۆی نوشتاندەوە، خۆی مات دا، وەک شێر،
 وەک شێرە مێ، کێ هەڵیدەستێنێت؟
- 10
- داردەستەکە لە یەهودا دانابڕێت،
 گۆچانی فەرمانکردنیش لەنێوان قاچەکانی،
 هەتا ئەو کەسە دێت کە خاوەنیەتی،[c]
 گەلان هەر بۆ ئەو ملکەچ دەبن.
- 11
- نێرەکەرەکەی بە دار مێو دەبەستێتەوە و
 ماکەرەکەی بە باشترین لقە مێوەوە.
 جلەکانی لەناو شەراب دەشوات و
 پۆشاکەکەی لەناو خوێنی ترێ.
- 12
- چاوەکانی لە شەراب تۆخترن و
 ددانەکانی لە شیر سپیترن.
- 13
- «زەبولون لە کەناری دەریا نیشتەجێ دەبێت،
 دەبێتە بەندەری کەشتییەکان،
 سنووریشی هەتا سەیدا دەبێت.
- 14
- «یەساخار نێرەکەرێکی زەبەلاحە و
 لەنێوان دوو هەگبە مات بووە.
- 15
- بینی شوێنێکی باشە بۆ پشوودان و
 زەوییەکەی دڵگیرە،
 شانی دەچەمێتەوە بۆ بار و
 دەبێتە کۆیلەی کاری زۆرەملێ.
- 16
- «دان دادوەری گەلەکەی خۆی دەکات،
 وەک یەکێک لە هۆزەکانی ئیسرائیل.
- 17
- دان مارێک دەبێت لەسەر ڕێگا،
 مارێکی ژەهراوی لەسەر ڕێڕەو،
 بە پاژنەی ئەسپەوە دەدات و
 سوارەکەی بەرەو دواوە بەردەبێتەوە.
- 18
- «ئەی یەزدان، چاوەڕێی ڕزگاریی تۆم.
- 19
- «چەتە پەلاماری گاد دەدەن،
 بەڵام ئەو دەگاتە پاژنەی پێیان و پەلاماریان دەدات.
- 20
- «لە ئاشێر نانی چەور دەبێت،
 ئەو خواردنی چەور و بەتام دەداتە پاشایان.
- 21
- «نەفتالی ئاسکێکی دەرپەڕیوە و
 بەچکەی جوانی دەبێت.
- 22
- «یوسف مێوێکی بەردارە،
 مێوێکی بەردارە لەسەر کانیاو،
 چڵەکانی بەسەر دیوارێکدا هەڵگەڕاون.
- 23
- تیرئەندازان دڕندانە پەلاماریان دا و
 ڕمیان تێگرت و هەراسانیان کرد.
- 24
- بەڵام کەوانەکەی بە توندوتۆڵی مایەوە،
 بازووەکانی دەستی لێزان بوون،
 بە دەستی توانادارەکەی یاقوب،
 بە ناوی شوانەکە، تاشەبەردەکەی ئیسرائیل[d] ،
- 25
- بەهۆی خوداکەی باوکتەوە کە یارمەتیت دەدات،
 بەهۆی هەرە بەتواناوە کە بەرەکەتدارت دەکات،
 بە بەرەکەتەکانی ئاسمان لە سەرەوە و
 بەرەکەتەکانی ئەو قووڵاییەی ماتە لە ژێرەوە،
 بەرەکەتەکانی هەردوو مەمک و منداڵدان.
- 26
- بەرەکەتەکانی باوکت مەزنترن
 لە بەرەکەتەکانی چیای هەتاهەتایی،
 لە بەخشندەیی گردە دێرینەکان.
 با بەسەر سەری یوسفەوە بن،
 بەسەر ناوچەوانی جیاکراوە لە براکانی.
- 27
- «بنیامین گورگێکی دڕندەیە،
 بەیانییان نێچیر دەخوات و
 ئێوارانیش دەستکەوت دابەش دەکات.»
- 28
- هەموو ئەمانە دوازدە هۆزەکەی ئیسرائیلن. ئەمەش ئەوە بوو کە باوکیان پێی گوتن و داوای بەرەکەتی بۆ کردن، هەریەکەیان بەپێی بەرەکەتەکەی خۆی داوای بەرەکەتی بۆ کردن.
- مردنی یاقوب
- 29
- ئینجا فەرمانی پێدان و پێی گوتن: «من دەچمە پاڵ گەلەکەی خۆم. لەلای باوباپیرانم بمنێژن، لەو ئەشکەوتەی لەناو کێڵگەکەی عەفرۆنی حیتییە،
- 30
- کە لە کێڵگەکەی مەخپێلەیە و ڕووەو مەمرێیە لە خاکی کەنعان، ئەوەی ئیبراهیم لەگەڵ کێڵگەکەدا لە عەفرۆنی حیتی کڕی تاکو بیکات بە گۆڕستان.
- 31
- ئیبراهیم و سارای ژنی لەوێ نێژراون، ئیسحاق و ڕڤقەی ژنیشی لەوێ نێژراون، هەر لەوێش لێئەم ناشت.
- 32
- کێڵگەکە و ئەشکەوتەکەی ناوی لە حیتییەکان کڕدرابوون.»
- 33
- کاتێک یاقوب لە ڕاسپاردنی کوڕەکانی تەواو بوو، هەردوو پێی خۆی خستەوە سەر قەرەوێڵەکە و دواهەناسەی دا و چووەوە پاڵ گەلەکەی خۆی.
- a. 49:5 مەبەست لە توندوتیژی شیمۆن و لێڤییە بەرامبەر بە خەڵکی شەخەم. بڕوانە 34:25.
- b. 49:8 وشەی (یەهودا) لە ڕووی دەنگەوە لە وشەی (ستایش)ی عیبری نزیکە.
- c. 49:10 پێشبینییەکە بۆ هاتنی مەسیح.
- d. 49:24 ڕەوانبێژی لێکچواندنە، مەبەستی یەزدانە.

