عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
مه‌نه‌شه‌ و ئه‌فرایم 
1
ئه‌وه‌ بوو دوای ئه‌مانه‌ به‌ یوسف گوترا: «باوكت نه‌خۆشه‌.» ئه‌ویش هه‌ردوو كوڕه‌كه‌ی خۆی مه‌نه‌شه‌ و ئه‌فرایمی له‌گه‌ڵ خۆی برد.
2
به‌ یاقوب ڕاگه‌یه‌نرا و گوترا: «وا یوسفی كوڕت دێته‌ لای تۆ.» ئیسرائیلیش هێزی دایه‌ به‌رخۆی و هه‌ر له‌سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌كه‌ دانیشت.
3
ئینجا یاقوب به‌ یوسفی گوت: «خودای هه‌ره‌ به‌ توانام له‌ لوز له‌ خاكی كه‌نعان بۆ ده‌ركه‌وت و به‌ره‌كه‌تداری كردم.
4
پێی فه‌رمووم: ”وا من به‌ردارت ده‌كه‌م و ژماره‌ت زۆر ده‌كه‌م، ده‌تكه‌مه‌ چه‌ندین نه‌ته‌وه‌، ئه‌م زه‌وییه‌ش له‌دوای خۆت ده‌ده‌مه‌ نه‌وه‌كه‌ت، به‌ موڵكی هه‌تاهه‌تایی.“
5
«ئێستاش دوو كوڕه‌كه‌ی خۆت كه‌ له‌ خاكی میسر بۆت له‌دایك بوون پێش ئه‌وه‌ی من له‌ میسر بێمه‌ لات ئه‌وا بۆ منن، ئه‌فرایم و مه‌نه‌شه‌ وه‌ك ڕه‌ئوبێن و شیمۆن ده‌بن بۆم.
6
به‌ڵام منداڵه‌كانی دیكه‌ت كه‌ له‌دوای ئه‌مان له‌دایك ده‌بن بۆت ئه‌وا ده‌بنه‌ هی تۆ، له‌ژێر ناوی دوو براكه‌یان به‌شه‌ میراتیان ده‌بێت.
7
خۆشم له‌ هاتنم له‌ په‌دانه‌وه‌ ڕاحێل له‌لام مرد، له‌ خاكی كه‌نعان له‌ ڕێگا كه‌ ماوه‌یه‌كی كه‌می مابوو بگه‌مه‌ ئه‌فرات. هه‌ر له‌وێ له‌سه‌ر ڕێگای ئه‌فرات ناشتم،» كه‌ بێت‌له‌حمه‌.
8
ئینجا ئیسرائیل دوو كوڕه‌كه‌ی یوسفی بینی و گوتی: «ئه‌مانه‌ كێن؟»
9
یوسفیش به‌ باوكی گوت: «ئه‌وانه‌ دوو كوڕه‌كه‌ی منن كه‌ خودا لێره‌ پێی به‌خشیوم.»
ئه‌میش گوتی: «بیانهێنه‌ لام تاكو داوای به‌ره‌كه‌تیان بۆ بكه‌م.»
10
هه‌ردوو چاوی ئیسرائیل به‌هۆی پیرییه‌وه‌ كز ببوون و په‌كی بینینیان كه‌وتبوو. بۆیه‌ یوسف هه‌ردووكیانی هێنایه‌ لای، ئه‌ویش ماچی كردن و باوه‌شی پێدا كردن.
11
ئینجا ئیسرائیل به‌ یوسفی گوت: «چاوه‌ڕوان نه‌بووم ڕووی تۆ ببینم، كه‌چی ئێستا خودا نه‌وه‌كه‌ی تۆشی نیشان دام.»
12
یوسف هه‌ردووكیانی له‌نێوان ئه‌ژنۆی ده‌رهێنا و له‌به‌رده‌می كڕنۆشی برد و سه‌ری خسته‌ سه‌ر زه‌وی.
13
ئینجا یوسف ده‌ستی دایه‌ هه‌ردووكیان، ئه‌فرایمی له‌لای ڕاستی خۆی به‌رامبه‌ر ده‌ستی چه‌پی ئیسرائیل و مه‌نه‌شه‌شی له‌لای چه‌پی خۆی به‌رامبه‌ر ده‌ستی ڕاستی ئیسرائیل، لێ نزیك خستنه‌وه‌.
14
به‌ڵام ئیسرائیل ده‌ستی ڕاستی خۆی درێژكرد و خستییه‌ سه‌ر سه‌ری ئه‌فرایم، كه‌ بچووكه‌كه‌یان بوو، ده‌ستی چه‌پیشی خسته‌ سه‌ر سه‌ری مه‌نه‌شه‌، ده‌سته‌كانی ژیرانه‌ دانا، چونكه‌ مه‌نه‌شه‌ نۆبه‌ره‌كه‌ بوو.
15
ئینجا داوای به‌ره‌كه‌تی بۆ یوسف كرد و گوتی:
«ئه‌و خودایه‌ی كه‌ باوانم دۆستایه‌تییان له‌گه‌ڵی[a] كرد،
ئیبراهیم و ئیسحاق،
ئه‌و خودایه‌ی كه‌ شوانایه‌تی[b] كردووم
له‌ بوونمه‌وه‌ هه‌تا ئه‌مڕۆ،
16
ئه‌و فریشته‌یه‌ی له‌ هه‌موو خراپه‌یه‌ك منی كڕییه‌وه‌،
ئه‌م دوو كوڕه‌ به‌ره‌كه‌تدار بكات.
با به‌ ناوی خۆم و به‌ ناوی باوانم
ئیبراهیم و ئیسحاقه‌وه‌ ناوببرێن،
با له‌ناو خاكه‌كه‌ش زۆر زیاد بن.»
17
كه‌ یوسف بینی باوكی ده‌ستی ڕاستی خستووه‌ته‌ سه‌ر سه‌ری ئه‌فرایم، ئه‌وه‌ی پێ ناخۆش بوو، ئیتر ده‌ستی باوكی گرت هه‌تا له‌سه‌ر سه‌ری ئه‌فرایمه‌وه‌ بیخاته‌ سه‌ر سه‌ری مه‌نه‌شه‌.
18
یوسف به‌ باوكی گوت: «ئاوا نا، باوكه‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ نۆبه‌ره‌كه‌یه‌، ده‌ستی ڕاستی خۆت بخه‌ره‌ سه‌ر سه‌ری.»
19
به‌ڵام باوكی ڕازی نه‌بوو، گوتی: «ده‌زانم كوڕی خۆم، ده‌زانم. هه‌روه‌ها ئه‌ویش ده‌بێته‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ك و مه‌زنیش ده‌بێت. به‌ڵام برا بچووكه‌كه‌ی له‌و مه‌زنتر ده‌بێت و نه‌وه‌شی ده‌بێته‌ چه‌ندین نه‌ته‌وه‌.»
20
ئیتر له‌و ڕۆژه‌دا داوای به‌ره‌كه‌تی بۆ كردن و گوتی:
«به‌ ناوی تۆوه‌ نه‌وه‌ی ئیسرائیل داوای ئه‌م به‌ره‌كه‌ته‌ ده‌كات:
”خودا وه‌ك ئه‌فرایم و مه‌نه‌شه‌ت لێ بكات.“»
جا ئه‌فرایمی خسته‌ پێش مه‌نه‌شه‌.
21
ئیسرائیل به‌ یوسفی گوت: «ئه‌وا ده‌مرم، به‌ڵام خودا له‌گه‌ڵتان ده‌بێت و ده‌تانگه‌ڕێنێته‌وه‌ خاكی باوباپیرانتان.
22
منیش به‌شێك زیاتر له‌ به‌شی براكانت ده‌ده‌مه‌ تۆ، ئه‌وه‌ی به‌ شمشێره‌كه‌م و كه‌وانه‌كه‌م له‌ چنگی ئه‌مورییه‌كان وه‌رمگرت.»
  1. a. 48‏:15 \+xt بڕوانه‌ 5‏:22‏\+xt*.
  2. b. 48‏:15 شوانایه‌تی: بڕوانه‌ زه‌بووره‌كان 23.