عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
قایین و هابیل 
1
ئادەم لەگەڵ حەوای ژنی جووت بوو، ئەویش سکی پڕ بوو، قایینی[a] بوو. گوتی: «لەلایەن یەزدانەوە پیاوێک بووە بەرهەمم.»
2
پاشان هابیلی برای بوو.
ئیتر هابیل بووە شوانی مێگەل و قایینیش جوتیار بوو.
3
دوای ماوەیەک قایین هەندێک بەروبوومی زەوی پێشکەش بە یەزدان کرد.
4
هەروەها هابیل لە چەوری باشترین نۆبەرەی مێگەلەکەی پێشکەش کرد. جا هابیل و قوربانییەکەی جێی ڕەزامەندی یەزدان بوون،
5
بەڵام قایین و پێشکەشکراوەکەی جێی ڕەزامەندی یەزدان نەبوون، بۆیە قایین زۆر تووڕە بوو و ڕووی خۆی گرژ کرد.
6
یەزدان بە قایینی فەرموو: «بۆ تووڕە بوویت و ڕووی خۆتت گرژ کردووە؟
7
ئایا ئەگەر ئەوەی چاکە ئەنجامی بدەیت، قبوڵ ناکرێیت؟ خۆ ئەگەر ئەوەی چاکە ئەنجامی نەدەیت ئەوا گوناه لە بەردەرگا خۆی مات کردووە و ئارەزووت دەکات، بەڵام تۆ دەبێت بەسەریدا زاڵ ببیت.»
8
جا قایین بە هابیلی برای گوت: «با بچینە کێڵگەکە.» کاتێک هەردووکیان لە کێڵگە بوون، قایین پەلاماری هابیلی برای دا و کوشتی.
9
یەزدان بە قایینی فەرموو: «کوا هابیلی برات؟»
ئەویش گوتی: «نازانم، ئایا من پاسەوانی براکەمم؟»
10
جا یەزدان فەرمووی: «چیت کردووە؟ گوێ بگرە! دەنگی خوێنی براکەت لە زەوییەوە هاوارم بۆ دەکات.
11
ئێستاش تۆ نەفرەتلێکراویت لەو زەوییەی کە دەمی بۆ وەرگرتنی خوێنی براکەت کردەوە لە دەستی تۆ.
12
کاتێک ئیش لە زەوییەکەدا دەکەیت، چیتر بەری خۆیت ناداتێ. لەسەر زەوی دەربەدەر و بێ ئۆقرە دەبیت.»
13
قایین بە یەزدانی گوت: «سزاکەم لەوە گەورەترە کە بتوانم بەرگەی بگرم.
14
ئەمڕۆ لەسەر زەوی دەرتکردم، لەبەر ئامادەبوونی تۆ ون دەبم و دەربەدەر و بێ ئۆقرە دەبم لەسەر زەوی. هەرکەسێکیش تووشم بێت دەمکوژێت.»
15
بەڵام یەزدان پێی فەرموو: «ناکرێت وابێت، هەرکەسێک قایین بکوژێت ئەوا حەوت ئەوەندە تۆڵەی لێ دەستێنرێتەوە.» ئینجا یەزدان نیشانەیەکی بە قایینەوە کرد تاکو هەرکەسێک تووشی بێت نەیکوژێت.
16
ئیتر قایین لەبەردەمی یەزدان چووە دەرەوە و لە خاکی نۆد لە ڕۆژهەڵاتی عەدەن نیشتەجێ بوو.
17
قایین لەگەڵ ژنەکەی جووت بوو، ئەویش سکی پڕ بوو و حەنۆخی بوو. ئەو کاتە شارێکی بنیاد دەنا، شارەکەی بە ناوی کوڕەکەیەوە ناو نا حەنۆخ.
18
حەنۆخ عیرادی بوو، عیرادیش مەحویائێلی بوو، مەحویائێلیش مەتوشائێلی بوو، مەتوشائێلیش لامەخی بوو.
19
لامەخ دوو ژنی هێنا، یەکێکیان ناوی عادا بوو، ئەوی دیکەشیان ناوی چیلا بوو.
20
لە عاداوە یابال بوو کە باوکی چادرنشینان و خاوەن مەڕوماڵاتەکان بوون.
21
براکەشی ناوی یوبال بوو کە باوکی هەموو ئەوانە بوو کە قیسارەیان دەژەند و شمشاڵیان لێدەدا.
22
چیلاش کوڕێکی بوو بە ناوی توبەل قەین، کە وەستای هەموو ئەو جۆرە ئامێرانە بوو کە لە بڕۆنز و ئاسن دروست دەکران. نەعماش خوشکی توبەل قەین بوو.
23
لامەخ بە هەردوو ژنەکەی گوت:
«عادا و چیلا، گوێتان لێم بێت،
ئەی هەردوو ژنەکەی لامەخ، گوێ بۆ قسەکانم شل بکەن.
پیاوێکم کوشتووە لەسەر ئەوەی برینداری کردم،
لاوێکیش لەسەر ئەوەی زامداری کردم.
24
ئەو بۆ قایین حەوت جار تۆڵە دەستێنێتەوە،
بەڵام بۆ لامەخ، حەفتا و حەوت جار.»
25
جارێکی دیکە ئادەم لەگەڵ ژنەکەی جووت بوو، کوڕێکی بوو و ناوی لێنا شیت. ئینجا گوتی: «لە جیاتی هابیل کە قایین کوشتی، خودا کوڕێکی دیکەی پێ بەخشیم.»
26
هەروەها شیت کوڕێکی بوو ناوی لێنا ئەنۆش.
لەو کاتەدا بوو کە خەڵکی دەستیان کرد بە نزاکردن بە ناوی یەزدانەوە[b] .
  1. a. 4‏:1 هەروەها قابیلیش پێ دەگوترێت.‏
  2. b. 4‏:26 یەزدان: لە زمانی عیبری بە وشەی \+tl یەهوا‏\+tl* هاتووە. خودا ئەم ناوەی بۆ خۆی بەکارهێناوە، بۆ بەستنی پەیمان لەگەڵ مرۆڤ. بڕوانە پەڕتووکی دەرچوون 3‏:13‏-15.‏‏