عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
 - دەمەوێت ئەمەتان پێ بڵێم: ئەگەر میراتگر ناکام بێت جیاوازیی نابێت لەگەڵ کۆیلە، هەرچەندە میراتگرەکە خاوەنی هەموو میراتەکەیە،
 - 2
 - بەڵام لەژێر دەسەڵاتی سەرپەرشتیکار و سەرکاردا دەمێنێتەوە هەتا ئەو ماوەیەی کە باوکی دیاریی کردووە.
 - 3
 - ئێمەش بە هەمان شێوە، کاتێک ناکام بووین کۆیلەی دەستی بنەما سەرەکییەکانی جیهان بووین.
 - 4
 - بەڵام کە کاتی تەواوی خۆی هات، خودا کوڕی خۆی نارد، لە ژنێک لەدایک بوو، لە سایەی شەریعەتی تەورات لەدایک بوو،
 - 5
 - بۆ ئەوەی ئەوانە بکڕێتەوە کە لە سایەی شەریعەتدان، تاکو وەک ڕۆڵە لەخۆگرتنەوە[a] بەدەستبهێنین.
 - 6
 - لەبەر ئەوەی ئێوە ڕۆڵەی خودان، خودا ڕۆحی کوڕەکەی خۆی ناردە دڵتانەوە، بە هاوارەوە دەیفەرموو: «بابە! باوکە!»
 - 7
 - کەواتە ئیتر کۆیلە نیت، بەڵکو ڕۆڵەی ئەویت، ئەگەر ڕۆڵەش بیت، ئەوا خودا تۆی کردووەتە میراتگر.
 - سەرسوڕمانی پۆڵس
 - 8
 - بەڵام ئەو کاتەی کە خوداتان نەدەناسی، کۆیلەی ئەوانە بوون کە بە سروشت خودا نین.
 - 9
 - بەڵام ئێستا خودا دەناسن، ڕاستتریش لەلای خوداوە ناسران، ئایا چۆن دیسان دەگەڕێنەوە لای بنەما سەرەکییە لاواز و هەژارەکان؟ ئایا دەتانەوێ سەرلەنوێ ببنەوە کۆیلەی ئەوانە؟
 - 10
 - ئایا بایەخ بە ڕۆژ و مانگ و وەرز و ساڵی تایبەت دەدەن؟
 - 11
 - دەترسم بەخۆڕایی لە پێناوتان ماندووبووبم.
 - 12
 - خوشکان، برایان، لێتان دەپاڕێمەوە، وەکو من بن، چونکە من خۆم وەکو ئێوەم لێهات. هەڵەتان لەگەڵم نەکردووە.
 - 13
 - هەروەک دەزانن بەهۆی نەخۆشییەکەمەوە بوو کە یەکەم جار مژدەم پێدان،
 - 14
 - نەخۆشییەکەم تاقیکردنەوەیەکی ئاسان نەبوو بۆتان، بەڵام بە چاوێکی سووک سەیرتان نەکردم و ڕقتان لێم نەبووەوە، بەڵکو وەک فریشتەی خودا، وەک عیسای مەسیح پێشوازیتان لێکردم.
 - 15
 - ئەو خۆشییەتان چی بەسەرهات؟ چونکە شایەتیتان بۆ دەدەم ئەگەر بتانتوانیایە چاوی خۆتان دەردەهێنا و دەتاندامێ.
 - 16
 - ئایا ئێستا بوومەتە دوژمنی ئێوە، چونکە ڕاستیتان پێ دەڵێم؟
 - 17
 - ئەوانەی کە دڵگەرمن بۆ ئێوە، نیازیان باش نییە، چونکە دەیانەوێت لە ئێمەتان بترازێنن تاکو بۆ ئەوان دڵگەرم بن.
 - 18
 - دڵگەرمی شتێکی باشە، ئەگەر هەموو کاتێک بە مەبەستێکی پاک بێت، نەک تەنها ئەو کاتەی من لەگەڵتانم.
 - 19
 - ڕۆڵە خۆشەویستەکانم، جارێکی دیکە لە پێناوتاندا ژانی منداڵبوون دەچێژم، هەتا وێنەی مەسیح لە ژیانتاندا بەرجەستە دەبێت،
 - 20
 - بەڵام دەمویست ئێستا لەگەڵتان بم، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی دیکە لەگەڵتان بدوێم، چونکە سەرم لە ئێوە سوڕماوە.
 - نموونەی هاجەر و سارا
 - 21
 - ئەی ئەوانەی حەز دەکەن لەژێر سایەی شەریعەتدا بن، پێم بڵێن، ئایا تەورات نابیستن؟
 - 22
 - چونکە نووسراوە کە ئیبراهیم دوو کوڕی هەبووە، یەکێکیان لە کۆیلەکە، ئەوی دیکەیان لە ئازادەکە[b] .
 - 23
 - ئەوەی لە کۆیلەکە بوو بەگوێرەی جەستە لەدایک بوو، بەڵام ئەوەی لە ئازادەکە، بە بەڵێن بووە.
 - 24
 - هەموو ئەمانەش هێمان، چونکە ئەو دوو ژنە دوو پەیمانەکەن، یەکێکیان لە شاخی سیناوەیە، بۆ کۆیلایەتی منداڵی دەبێت، ئەوەش هاجەرە.
 - 25
 - هاجەر هێمایە بۆ شاخی سینا لە عەرەبستان، ئەو ئۆرشەلیمەی ئێستا دەنوێنێت، ئەویش لەگەڵ منداڵەکانی کۆیلەن.
 - 26
 - بەڵام ئۆرشەلیمی سەرەوە ئازادە، دایکی ئێمەیە،
 - 27
 - چونکە نووسراوە:
﴿ئەی نەزۆک، دڵشادبە،
ئەی ئەوەی منداڵت نەبووە،
ئەی ئەوەی ژانت نەگرتووە،
لە خۆشیدا بە دەنگی بەرز هاوار بکە،
چونکە منداڵی ژنی بەجێهێڵراو[c] زیاترن
لەوەی مێردی لەگەڵیەتی.﴾[d] - 28
 - بەڵام ئێوە، خوشکان و برایان، وەک ئیسحاق منداڵی بەڵێنن.
 - 29
 - جا چۆن لە کاتێکدا ئەوەی بەگوێرەی جەستە لەدایک بوو، ئەوەی چەوساندەوە کە بەگوێرەی ڕۆحی پیرۆز لەدایک ببوو، ئێستاش ئاوایە.
 - 30
 - بەڵام نووسراوە پیرۆزەکە چی دەفەرموێ؟ ﴿کەنیزەکە و کوڕەکەی دەربکە، چونکە کوڕی کەنیزەکە لەگەڵ کوڕی ئازادەکە نابێتە میراتگر.﴾[e]
 - 31
 - کەواتە ئەی خوشک و برایان، ئێمە منداڵی کۆیلەکە نین، بەڵکو هی ئازادەکەین.
 
- a. 4:5 منداڵی کەسێکی دیکە وەک منداڵی خۆی پەروەردە دەکات و هەموو مافەکانی پێدەدات.
 - b. 4:22 بڕوانە پەیدابوون بەشەکانی 16 و 21.
 - c. 4:27 ژنی بەجێهێڵراو: دەربڕینێکی مەجازییە مەبەستی لە ئۆرشەلیمی ئاسمانییە، بڕوانە عیبرانییەکان 12:22.
 - d. 4:27 ئیشایا 54:1.
 - e. 4:30 پەیدابوون 21:10.
 

