عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ئازادی به‌ مه‌سیح 
1
مه‌سیح ئازادی كردین تاكو به‌ ئازادی بژین. بۆیه‌ چه‌سپاو بن و جارێكی دیكه‌ ملكه‌چی نیری كۆیلایه‌تی مه‌بن.
2
ئاگاداربن، من پۆڵسم پێتان ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر ڕێبده‌ن خه‌ته‌نه‌ بكرێن ئه‌وا مه‌سیح هیچ سوودێكی بۆتان نابێت!
3
دیسان شایه‌تی ده‌ده‌م، هه‌ر مرۆڤێك ڕێ بدات خه‌ته‌نه‌ بكرێت، ده‌بێت كار به‌ هه‌موو شه‌ریعه‌ت بكات.
4
ئه‌ی ئه‌وانه‌ی ده‌تانه‌وێت به‌ شه‌ریعه‌ت بێتاوان بكرێن، ئه‌وا له‌ مه‌سیح جیا بوونه‌وه‌، له‌ نیعمه‌تی خودا كه‌وتن.
5
به‌ڵام ئێمه‌ له‌ ڕێگه‌ی ڕۆحی پیرۆزه‌وه‌، به‌ باوه‌ڕ، چاوه‌ڕێی هیوای ڕاستودروستین.
6
به‌ یه‌كبوون له‌گه‌ڵ عیسای مه‌سیحدا خه‌ته‌نه‌كردن یان نه‌كردن هیچ سوودێكی نییه‌، به‌ڵكو ئه‌و باوه‌ڕه‌ی به‌ خۆشه‌ویستی كار ده‌كات.
7
باش ڕاتانده‌كرد. كێ ڕێی لێ گرتن تاكو گوێڕایه‌ڵی ڕاستی نه‌بن؟
8
ئه‌م بیروباوه‌ڕه‌ له‌لایه‌ن ئه‌وه‌وه‌ نییه‌ كه‌ بانگتان ده‌كات.
9
«هه‌ویرترشێكی بچووك، هه‌موو هه‌ویره‌كه‌ هه‌ڵدێنێت.»
10
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ مه‌سیح یه‌كین، دڵنیام كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی دیكه‌ بیرناكه‌نه‌وه‌. جا ئه‌وه‌ی بتانشێوێنێ سزای خۆی وه‌رده‌گرێت، هه‌ر چ كه‌سێك بێت.
11
به‌ڵام خوشكان، برایان، ئه‌گه‌ر هه‌تا ئێستا من خه‌ته‌نه‌كردن ڕاده‌گه‌یه‌نم، ئیتر بۆچی هه‌تا ئێستا ده‌چه‌وسێمه‌وه‌؟ كه‌واته‌ كۆسپی خاچ لادراوه‌.
12
خۆزگه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌تانشێوێنن، بخه‌سێنرێن.
13
ئه‌ی خوشك و برایانم، ئێوه‌ بۆ ئازادی بانگكراون، به‌ڵام ئازادی مه‌قۆزنه‌وه‌ بۆ ڕازیكردنی سروشتی دنیایی، به‌ڵكو به‌ خۆشه‌ویستی خزمه‌تی یه‌كتری بكه‌ن،
14
چونكه‌ ته‌ورات هه‌مووی له‌ یه‌ك ڕاسپارده‌دا دێته‌ دی: {نزیكه‌كه‌ت وه‌ك خۆت خۆشبوێت.}[a]
15
ئه‌گه‌ر په‌لاماری یه‌كتری بده‌ن و یه‌كتری بخۆن، ئاگاداربن یه‌كتری له‌ناونه‌به‌ن.
ڕۆح و جه‌سته‌ 
16
پێتان ده‌ڵێم: به‌ ڕۆحی پیرۆز بژین، ئاره‌زووی سروشتی دنیایی تێر مه‌كه‌ن،
17
چونكه‌ ئاره‌زووی سروشتی دنیایی له‌ دژی ڕۆحه‌كه‌یه‌، ڕۆحه‌كه‌ش له‌ دژی سروشتی دنیاییه‌. هه‌ریه‌كه‌یان به‌ربه‌ره‌كانێی ئه‌وی دیكه‌ ده‌كات، تاكو ئه‌وه‌ نه‌كه‌ن كه‌ ده‌تانه‌وێت.
18
به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێوه‌ به‌ ڕۆحه‌كه‌ به‌ڕێوه‌تان ببات، ئه‌وا له‌ژێر سایه‌ی شه‌ریعه‌تدا نین.
19
ئێستا كرده‌وه‌كانی سروشتی دنیایی مرۆڤ ڕوونن، ئه‌وانیش: داوێنپیسی، گڵاوی، به‌ڕه‌ڵایی،
20
بتپه‌رستی، جادووگه‌ری، دوژمنایه‌تی، یاخیبوون، دڵپیسی، تووڕه‌بوون، خۆپه‌رستی، دووبه‌ره‌كی، ناكۆكی،
21
چاوپیسی، سه‌رخۆشی، ڕابواردن، شتی دیكه‌ی وه‌ك ئه‌مانه‌، ئاگادارتان ده‌كه‌مه‌وه‌، وه‌ك پێشتر ئاگادارم كردوونه‌ته‌وه‌: ئه‌وانه‌ی ئه‌و كارانه‌ ده‌كه‌ن نابنه‌ میراتگری شانشینی خودا.
22
به‌ڵام به‌روبوومی ڕۆحی پیرۆز ئه‌مه‌یه‌: خۆشه‌ویستی، خۆشی، ئاشتی، ئارامگرتن، نیانی، چاكه‌، دڵسۆزی،
23
دڵنه‌رمی و به‌سه‌رخۆدا زاڵبوون. شه‌ریعه‌ت نییه‌ له‌ دژی ئه‌مانه‌ بێت.
24
به‌ڵام ئه‌وانه‌ی هی عیسای مه‌سیحن سروشتی دنیاییان له‌گه‌ڵ حه‌ز و ئاره‌زووه‌كانیان له‌ خاچ داوه‌.
25
ئه‌گه‌ر به‌ ڕۆحی پیرۆز بژین، با هه‌نگاوه‌كانی ڕۆحه‌كه‌ش بپارێزین.
26
با له‌خۆبایی نه‌بین، یه‌كتری تووڕه‌ نه‌كه‌ین، له‌گه‌ڵ یه‌كتری چاوپیس نه‌بین.
  1. a. 5‏:14 \+xt لێڤییه‌كان 19‏:18.‏\+xt*‏