عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
باری یه‌كتری هه‌ڵگرن 
1
خوشكان، برایان، ئه‌گه‌ر كه‌سێك تووشی گوناهێك بوو، با ئێوه‌ی ڕۆحانی كه‌سی ئاوا به‌ ڕۆح نه‌رمی ڕاست بكه‌نه‌وه‌. سه‌یری خۆشت بكه‌ نه‌وه‌ك تۆش بكه‌ویته‌ تاقیكردنه‌وه‌.
2
باری یه‌كتری هه‌ڵگرن و به‌م شێوه‌یه‌ شه‌ریعه‌تی مه‌سیح بهێننه‌ دی.
3
ئه‌گه‌ر یه‌كێك خۆی به‌ شتێك زانی، هیچیش نه‌بوو، ئه‌وا خۆی هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنێت.
4
به‌ڵام با هه‌ریه‌كه‌ كرداری خۆی تاقی بكاته‌وه‌، ئه‌وسا با ته‌نها شانازی به‌ خۆیه‌وه‌ بكات، نه‌ك به‌ كه‌سێكی دیكه‌وه‌،
5
چونكه‌ هه‌ركه‌سێك باری خۆی هه‌ڵده‌گرێت.
6
ئه‌و كه‌سه‌ی فێری وشه‌ی خودا[a] ده‌كرێت، ده‌بێت فێركاره‌كه‌ی له‌ هه‌موو شتێكی باشدا به‌شدار بكات.
7
هه‌ڵمه‌خه‌ڵه‌تێن، خودا گاڵته‌ی پێ ناكرێت. مرۆڤ چی بچێنێت، ئه‌وه‌ ده‌دروێته‌وه‌.
8
ئه‌وه‌ی بۆ سروشتی دنیایی خۆی بچێنێت، گه‌نده‌ڵی له‌ سروشتی دنیایی ده‌دروێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ ڕۆحی پیرۆز بچێنێت له‌ ڕۆحه‌كه‌وه‌ ژیانی هه‌تاهه‌تایی ده‌دروێته‌وه‌.
9
كه‌واته‌ با له‌ چاكه‌كاری نه‌كه‌وین، چونكه‌ ئه‌گه‌ر وره‌ به‌رنه‌ده‌ین له‌ كاتی خۆیدا دروێنه‌ی ده‌كه‌ین.
10
ئینجا هه‌روه‌ك ده‌رفه‌تمان هه‌یه‌، با چاكه‌ له‌گه‌ڵ هه‌مووان بكه‌ین، به‌ تایبه‌تی له‌گه‌ڵ خێزانی باوه‌ڕداران.
بوونه‌وه‌رێكی نوێ 
11
سه‌یر بكه‌ن، ئه‌و پیتانه‌ كه‌ به‌ ده‌ستی خۆم نووسیومه‌ چه‌نده‌ گه‌وره‌ن.[b]
12
ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت له‌ جه‌سته‌دا ڕواڵه‌تێكی چاك دروستبكه‌ن، ئه‌وانه‌ ناچارتان ده‌كه‌ن خه‌ته‌نه‌ بكرێن، ته‌نها تاكو له‌به‌ر خاچی مه‌سیح نه‌چه‌وسێنرێنه‌وه‌.
13
ئه‌وانه‌ی خه‌ته‌نه‌كراون، ته‌ورات په‌یڕه‌و ناكه‌ن، ته‌نها ده‌یانه‌وێت ئێوه‌ خه‌ته‌نه‌ بكرێن، تاكو شانازی به‌ جه‌سته‌ی ئێوه‌وه‌ بكه‌ن.
14
له‌ من به‌دوور بێت شانازی به‌ هیچ شتێكه‌وه‌ بكه‌م، جگه‌ له‌ خاچی عیسای مه‌سیحی گه‌وره‌مان، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ جیهان بۆ من له‌ خاچ دراوه‌، منیش بۆ جیهان،
15
چونكه‌ نه‌ خه‌ته‌نه‌كردن سوودی هه‌یه‌ و نه‌ خه‌ته‌نه‌ نه‌كردنیش، به‌ڵكو به‌دیهێنراوی نوێ.
16
با ئاشتی و به‌زه‌یی بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ بێت كه‌ ئه‌م یاسایه‌ په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن، بۆ گه‌لی ئیسرائیلی خوداش.
17
ئیتر با كه‌س گرفتم بۆ دروستنه‌كات، چونكه‌ نیشانه‌كانی عیسام له‌ له‌شدا هه‌ڵگرتووه‌.
18
خوشكان و برایان، با نیعمه‌تی عیسای مه‌سیحی گه‌وره‌مان له‌گه‌ڵ ڕۆحتان بێت. ئامین.
  1. a. 6‏:6 مه‌به‌ست له‌ كتێبی پیرۆزه‌.
  2. b. 6‏:11 نامه‌كه‌ ده‌ستنووسی یارمه‌تیده‌ره‌ و به‌شی كۆتایی ده‌ستنووسی پۆڵس خۆیه‌تی، بۆ سه‌لماندنی سه‌رچاوه‌ی نامه‌كه‌.