عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
له‌ پۆڵسه‌وه‌ كه‌ به‌ خواستی خودا نێردراوی عیسای مه‌سیحه‌،
بۆ گه‌لی پیرۆزی خودا له‌ شاری ئه‌فه‌سۆس، باوه‌ڕدارانی عیسای مه‌سیح:
2
با نیعمه‌ت[a] و ئاشتی له‌ خودای باوكمان و عیسای مه‌سیحی خاوه‌ن شكۆوه‌ له‌گه‌ڵتان بێت.
به‌ره‌كه‌تی ڕۆحی له‌ مه‌سیحه‌وه‌ 
3
ستایش بۆ خودا، باوكی عیسای مه‌سیحی خاوه‌ن شكۆمان، ئه‌وه‌ی به‌هۆی باوه‌ڕمان به‌ مه‌سیح به‌ هه‌موو به‌ره‌كه‌تێكی ڕۆحی له‌ شوێنه‌كانی ئاسماندا[b] به‌ره‌كه‌تداری كردووین،
4
وه‌ك پێش دامه‌زراندنی جیهان به‌ یه‌كبوونمان له‌گه‌ڵ مه‌سیح هه‌ڵیبژاردین، تاكو له‌به‌رده‌می پیرۆز و بێ گله‌یی بین.
5
پێشتر به‌ خۆشه‌ویستی ئێمه‌ی دیاری كرد، تاكو له‌ ڕێگه‌ی عیسای مه‌سیحه‌وه‌ به‌گوێره‌ی خواستی خۆشحاڵانه‌ی، وه‌كو منداڵی خۆی له‌ خۆیمان بگرێته‌وه‌[c] ،
6
ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ مایه‌ی ستایشكردنی نیعمه‌ته‌ شكۆداره‌كه‌ی كه‌ به‌هۆی مه‌سیح كه‌ خۆشه‌ویستی ئه‌وه‌ به‌خۆڕایی پێمانی داوه‌.
7
له‌ ڕێگه‌ی خوێنی مه‌سیح كڕدراینه‌وه‌، واته‌ لێخۆشبوونی گوناهمان وه‌رگرت، به‌گوێره‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندی نیعمه‌ته‌كه‌ی،
8
ئه‌وه‌ی به‌وپه‌ڕی دانایی و تێگه‌یشتنه‌وه‌ به‌سه‌رمانی داباراند.
9
نهێنی خواستی خۆی پێ ناساندین، به‌گوێره‌ی خۆشحاڵی خۆی كه‌ له‌ ڕێگه‌ی مه‌سیحه‌وه‌ مه‌به‌ستی بوو،
10
بۆ به‌جێگه‌یاندنی له‌ ته‌واوی زه‌مانه‌دا، تاكو هه‌موو شتێك له‌ زه‌وی و ئاسمان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی مه‌سیحدا و له‌ ڕێگه‌ی ئه‌وه‌وه‌ یه‌ك بخات.
11
خودا پێشوه‌خت به‌هۆی مه‌سیحه‌وه‌ ئێمه‌ی هه‌ڵبژارد تاكو به‌گوێره‌ی پلانه‌كه‌ی بۆ ئه‌و بین. خودا هه‌موو شتێك به‌گوێره‌ی مه‌به‌ست و ویستی خۆی به‌ڕێوه‌ ده‌بات،
12
بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ كه‌ یه‌كه‌مین بووین هیوای خۆمان به‌ مه‌سیحه‌وه‌ گرێ بده‌ین، ببینه‌ مایه‌ی ستایشكردن بۆ شكۆی مه‌سیح.
13
كاتێك گوێتان له‌ په‌یامی ڕاستی گرت كه‌ مزگێنی ڕزگاریتانه‌، ئێوه‌ش له‌گه‌ڵ مه‌سیح یه‌كتانگرت و ئه‌و یه‌كێتییه‌تان له‌گه‌ڵ مه‌سیح سه‌لمێنرا، چونكه‌ كاتێك باوه‌ڕتان هێنا ڕۆحی پیرۆزی به‌ڵێنپێدراو وه‌ك مۆرێك ده‌ستنیشانی كردن.
14
ڕۆحی پیرۆزیش پێشه‌كی ده‌سته‌به‌ری میراته‌كه‌مانه‌، بۆ كڕینه‌وه‌ی گه‌لی تایبه‌تی خودا، بۆ ستایشكردنی شكۆیه‌كه‌ی.
نوێژ بۆ ڕۆحی دانایی 
15
له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌ كاتێك منیش باوه‌ڕی ئێوه‌م بیست به‌ عیسای خاوه‌ن شكۆ و خۆشه‌ویستیتان بۆ هه‌موو گه‌لی پیرۆزی خودا،
16
بێ وه‌ستان له‌ پێناوتاندا سوپاسی خودا ده‌كه‌م، له‌ نوێژه‌كانمدا یادتان ده‌كه‌م.
17
داوا ده‌كه‌م له‌ باوكی شكۆدار، كه‌ خودای عیسای مه‌سیحی گه‌وره‌مانه‌، ڕۆحی دانایی و ئاشكراكردنتان بداتێ هه‌تا بتوانن به‌ شێوه‌یه‌كی دروست بیناسن.
18
نزا ده‌كه‌م بیروهۆشتان ڕووناك بێته‌وه‌ تاكو بزانن چییه‌ ئه‌و هیوایه‌ی ئێوه‌ی بۆ بانگ كراون، هه‌روه‌ها تێبگه‌ن میراته‌كه‌ی چه‌ند شكۆدار و ده‌وڵه‌مه‌نده‌ بۆ خوشك‏ و برا پیرۆزه‌كان،
19
هه‌روه‌ها گه‌وره‌یی بێ سنووری هێزه‌كه‌شی بۆ ئێمه‌ كه‌ باوه‌ڕدارین. ئه‌م هێزه‌ هه‌مان ئه‌و توانا مه‌زنه‌یه‌
20
كه‌ خودا به‌كاریهێنا ئه‌و كاته‌ی كه‌ مه‌سیحی له‌نێو مردووان هه‌ستانده‌وه‌ و له‌ ده‌سته‌ڕاستی خۆی له‌ شوێنه‌كانی ئاسماندا داینا،
21
له‌ سه‌رووی هه‌موو فه‌رمانڕه‌وا و حوكومڕان و هێز و ده‌سه‌ڵاتێك و هه‌موو ئه‌وانه‌ی ناویان هه‌یه‌، نه‌ك ته‌نها له‌م دنیایه‌، به‌ڵكو له‌و دنیاش.
22
خودا هه‌موو شتێكی خسته‌ ژێر پێیه‌كانی، له‌ سه‌رووی هه‌موو شتێكدا كردییه‌ سه‌ر بۆ كڵێسا،
23
كه‌ جه‌سته‌ی مه‌سیحه‌، واته‌ پڕیی ئه‌و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌موو گه‌ردوون پڕ ده‌كات.
  1. a. 1‏:2 خودا نیعمه‌ت به‌ مرۆڤ ده‌به‌خشێت، به‌ واتای به‌خشینێكی خودایه‌ كه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی شایسته‌ی بین خودا پێمان ده‌به‌خشێت.
  2. b. 1‏:3 شوێنه‌كانی ئاسمان: مه‌به‌ست له‌و شوێنه‌یه‌ كه‌ خودا سه‌باره‌ت به‌ ژیانی ڕۆحیمان بڕیار ده‌دات. بڕوانه‌ 1‏:20، 2‏:6، 3‏:10، 6‏:12.
  3. c. 1‏:5 لێره‌دا زاراوه‌یه‌كی یاسایی له‌ ده‌قی یۆنانی هاتووه‌ كه‌ له‌و سه‌رده‌مدا به‌پێی دابونه‌ریتی ڕۆما مه‌به‌ست له‌ به‌خشینی ته‌واوی مافی میراتگری نێرینه‌ بووه‌.