عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
باوەڕ یان بەجێگەیاندنی شەریعەت؟ 
1
ئەی گەلاتیاییە گێلەکان! کێ جادووی لێکردوون؟ لەپێش چاوتان وێنەی عیسای مەسیح بە لە خاچ دراوی کێشرا!
2
تەنها دەمەوێ ئەوەتان لێ فێربم: ئایا بەهۆی کارکردن بە شەریعەت ڕۆحی پیرۆزتان وەرگرت، یاخود بەهۆی باوەڕ بەوەی بیستتان؟
3
ئایا هەتا ئەم ڕادەیە گێلن؟ ئێوە کە بەهۆی ڕۆحی پیرۆزەوە دەستتان پێکرد، ئایا ئێستا دەتانەوێت بەهۆی جەستەوە کۆتایی پێ بهێنن؟
4
ئایا لەخۆڕایی ئەوەندە ئازارتان چێژت؟ ئایا بەڕاستی لەخۆڕایی بوو؟
5
ئەوەی ڕۆحتان پێ دەبەخشێت و لەنێوانتاندا پەرجوو دەکات، ئایا بەهۆی کارکردنە بە شەریعەت، یاخود بەهۆی باوەڕە بەوەی بیسترا؟
6
وەک چۆن ئیبراهیم ﴿باوەڕی بە خودا هێنا و ئەمەشی بە ڕاستودروستی بۆ دانرا.﴾[a]
7
جا بزانن ئەوانەی لە باوەڕدان، نەوەی ئیبراهیمن.
8
نووسراوە پیرۆزەکە پێشتر بینیویەتی کە خودا نەتەوەکان بەهۆی باوەڕ بێتاوان دەکات، پێشتر مژدەی بە ئیبراهیم دا، پێی فەرموو: ﴿هەموو نەتەوەکان لە ڕێگەی تۆوە بەرەکەتدار دەبن.﴾[b]
9
کەواتە ئەوانەی باوەڕدارن، لەگەڵ ئیبراهیمی باوەڕدار بەرەکەتدار دەبن.
10
هەموو ئەوانەی پشت بە کرداری شەریعەت دەبەستن، لەژێر نەفرەتن، چونکە نووسراوە: ﴿هەرکەسێک لە هەموو نووسراوی پەڕتووکەکانی تەورات نەچەسپێت بۆ پەیڕەوکردن، نەفرەت لێکراوە.﴾[c]
11
ئاشکرایە لە بەرامبەر خودا کەس بە شەریعەت بێتاوان ناکرێت، چونکە: ﴿ئەوەی ڕاستودروستە بە باوەڕ دەژیێت.[d] ‏﴾[e]
12
بەڵام شەریعەت پشت بە باوەڕ نابەستێت، بەڵکو: ﴿ئەو کەسەی پەیڕەویان بکات، بەهۆیانەوە دەژیێت.﴾[f]
13
مەسیح ئێمەی لە نەفرەتی شەریعەت کڕییەوە، بەوەی لە پێناوماندا بووە نەفرەت، چونکە نووسراوە: ﴿هەرکەسێک لەسەر دار هەڵبواسرێت نەفرەت لێکراوە.﴾[g]
14
ئەو ئێمەی کڕییەوە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە بەرەکەتی ئیبراهیم بۆ نەتەوەکان بێت، تاکو بەهۆی باوەڕەوە بەڵێنی ڕۆحی پیرۆز بەدەستبهێنین.
پەیمانی خودا و شەریعەت 
15
خوشکان، برایان، با نموونەیەکی مرۆڤانەتان بۆ بهێنمەوە: ئەگەر یەکێک پەیمانێکی مۆرکراوی پێ بێت، کەس ناتوانێت بەتاڵی بکاتەوە یاخود شتێکی بخاتە سەر.
16
هەروەک بەڵێنەکان بۆ ئیبراهیم و نەوەکەی گوتراوە. نووسراوە پیرۆزەکە نافەرموێت: «بە نەوەکان» وەک ئەوەی زۆر بن، بەڵام ﴿بە نەوەی تۆ،﴾[h] واتا یەک، ئەوەی مەسیحە.
17
مەبەستم ئەمەیە: ئەو شەریعەتەی پاش چوار سەد و سی ساڵ هات، پەیمانی چەسپاوی پێشووی خودا هەڵناوەشێنێتەوە، تاکو بەڵێنەکە بشکێنێت،
18
چونکە ئەگەر میرات بەهۆی شەریعەتەوە هەبێت، ئیتر بەهۆی بەڵێنەوە نییە. بەڵام خودا بە نیعمەتی خۆی بەڵێنی بە ئیبراهیم دا.
مەبەستی شەریعەت 
19
کەواتە شەریعەت بۆ چییە؟ بەهۆی پێشێلکردنەکانەوە زیادکراوە، هەتا ئەو کاتەی نەوەی بەڵێندراو[i] دێت، لە ڕێگەی فریشتەکانەوە بە دەستی پەیوەندی ڕێکخەرێک[j] ڕێکخرا.
20
پەیوەندی ڕێکخەر تەنها نوێنەری یەک لایەن نییە، بەڵام خودا یەکە.
21
ئایا تەورات لە دژی بەڵێنەکانی خودایە؟ حاشا! چونکە ئەگەر شەریعەتێک هەبووایە بتوانێت ژیان ببەخشێت، ئەوا ڕاستودروستی بە شەریعەتی تەورات دەبوو.
22
بەڵام نووسراوە پیرۆزەکە هەمووی کردووەتە بەندی گوناه،[k] تاکو ئەو بەڵێنەی لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە و بەهۆی باوەڕەوە دراوە، بۆ ئەوانە بێتە دی کە باوەڕ دەهێنن.
23
پێش ئەوەی باوەڕ بێت، لەلایەن تەوراتەوە بەند کرابووین، لە ژوورەوە کرابووین هەتا ئاشکراکردنی باوەڕەکەی داهاتوو.
24
تەورات پەروەردەی دەکردین تاکو بمانهێنێت بۆ لای مەسیح، بۆ ئەوەی بە باوەڕ بێتاوان بکرێین.
25
بەڵام دوای هاتنی باوەڕ، ئێمە ئیتر لەژێر سایەی تەمبێکار نین.
ڕۆڵەکانی خودا 
26
هەمووتان لە ڕێگەی باوەڕەوە ڕۆڵەی خودان، بەو یەکبوونەی کە لەگەڵ عیسای مەسیحدا هەتانە،
27
چونکە کاتێک لە ئاو هەڵکێشران، هەمووتان لەگەڵ مەسیح یەکتانگرت[l] و مەسیحتان وەک جلوبەرگێک لەبەرکرد.
28
جولەکە و ناجولەکە نییە، کۆیلە و ئازاد نییە، ژن و پیاو نییە، چونکە هەمووتان بەهۆی یەکبوونتان لەگەڵ عیسای مەسیح، یەکن.
29
جا ئەگەر ئێوە هی مەسیح بن، ئەوا لە نەوەی ئیبراهیمن و بەگوێرەی بەڵێنەکە میراتگرن.
  1. a. 3‏:6 پەیدابوون 15‏:6.‏‏
  2. b. 3‏:8 پەیدابوون 12‏:3‏؛ 18‏:18 و 22‏:18.‏‏
  3. c. 3‏:10 دواوتار 27‏:26‏.‏
  4. d. 3‏:11 بە واتای: ئەو کەسەی کە بە باوەڕ بێتاوان دەکرێت و ڕاستودروست دەبێت، بەهۆی باوەڕەکەی دەژیێت.‏
  5. e. 3‏:11 حەبەقوق 2‏:4‏.‏
  6. f. 3‏:12 لێڤییەکان 18‏:5.‏‏
  7. g. 3‏:13 دواوتار 21‏:23‏.‏
  8. h. 3‏:16 پەیدابوون 12‏:7‏‏ (ئەم زەوییە دەدەمە نەوەی تۆ.)، کاتێک خودا بەڵێن بە ئیبراهیم دەدات.‏
  9. i. 3‏:19 مەبەست لە مەسیحە.‏
  10. j. 3‏:19 مەبەست لە موسایە.‏
  11. k. 3‏:22 بۆ نموونە زەبوورەکان 14‏:3.‏‏
  12. l. 3‏:27 q لەگەڵ مەسیح یەکتانگرت لە زمانی یۆنانیدا (لە مەسیحدا) بەکارهاتووە.‏