عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ڕازیبوون به‌ خزمه‌تی پۆڵس 
1
دوای چوارده‌ ساڵ له‌گه‌ڵ به‌رناباس گه‌ڕامه‌وه‌ ئۆرشه‌لیم، تیتۆسم له‌گه‌ڵ خۆم برد.
2
گه‌ڕانه‌وه‌كه‌م به‌گوێره‌ی ئاشكراكردنێك بوو، ئه‌و په‌یامه‌ی ئینجیل كه‌ له‌نێو نه‌ته‌وه‌كان جاڕی ده‌ده‌م، خستمه‌ به‌رده‌میان، به‌ڵام بۆ گه‌وره‌ پیاوانی كڵێسا به‌ ته‌نها، تاكو ئه‌وه‌ی بۆی ڕاده‌كه‌م و ڕامكردووه‌ به‌فیڕۆ نه‌ڕوات.
3
به‌ڵام هه‌رچه‌نده‌ تیتۆس كه‌ له‌گه‌ڵم بوو یۆنانی بوو، زۆریان لێ نه‌كرد خه‌ته‌نه‌ بكرێت.
4
ئه‌م بابه‌ته‌ له‌وه‌وه‌ سه‌ری هه‌ڵدا هه‌ندێك برایانی درۆزن دزه‌یان كردبووه‌ ناومان. هاتبوون بمانكه‌ن به‌ كۆیله‌ له‌ ڕێگه‌ی سیخوڕیكردن له‌سه‌ر ئه‌م ئازادییه‌ی كه‌ به‌هۆی یه‌كبوونمان له‌گه‌ڵ عیسای مه‌سیح هه‌مانه‌.
5
بۆ كاتژمێرێكیش ملكه‌چیان نه‌بووین، تاكو ڕاستی ئینجیل له‌گه‌ڵتان بمێنێته‌وه‌.
6
به‌ڵام ئه‌وانه‌ی به‌ گه‌وره‌ پیاو داده‌نران، هه‌رچییه‌ك بن، به‌لای منه‌وه‌ گرنگ نییه‌، چونكه‌ خودا ته‌ماشای ڕواڵه‌تی مرۆڤ ناكات، ئه‌وان هیچیان بۆ په‌یامه‌كه‌م زیاد نه‌كرد.
7
به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، بینییان كه‌ په‌یامی ئینجیل بۆ نه‌ته‌وه‌كان[a] به‌ من سپێردراوه‌، هه‌روه‌ك په‌یامی ئینجیل بۆ جوله‌كه‌كان به‌ په‌ترۆس سپێردراوه‌،
8
چونكه‌ خودا به‌هۆی په‌ترۆس وه‌ك نێردراو بۆ جوله‌كه‌كان كاری ده‌كرد، له‌ منیشدا بۆ نه‌ته‌وه‌كان كاری ده‌كرد.
9
كاتێك یاقوب و په‌ترۆس و یۆحه‌نا كه‌ به‌ كۆڵه‌كه‌ دانرابوون، به‌م نیعمه‌ته‌یان زانی كه‌ به‌ من دراوه‌، ئه‌وسا ئه‌وان ده‌ستی ڕاستی هاوبه‌شیان بۆ من و به‌رناباس درێژكرد، تاكو ئێمه‌ بۆ لای نه‌ته‌وه‌كان بچین و ئه‌وانیش بۆ لای جوله‌كه‌كان بچن.
10
ته‌نها داوایان كرد هه‌ژاران له‌یاد نه‌كه‌ین، ئه‌مه‌ش شتێكه‌ هه‌میشه‌ كۆششم بۆی كردووه‌.
سه‌رزه‌نشتكردنی په‌ترۆس 
11
به‌ڵام كاتێك په‌ترۆس هاته‌ ئه‌نتاكیا، ڕووبه‌ڕوو به‌ربه‌ره‌كانێم كرد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گله‌یی له‌سه‌ر بوو،
12
چونكه‌ پێشتر كه‌سانێك له‌لای یاقوبه‌وه‌ هاتبوون، له‌گه‌ڵ ناجوله‌كه‌كان نانی ده‌خوارد، به‌ڵام كاتێك ئه‌وان هاتن، له‌ ترسی ئه‌و تاقمه‌ی كه‌ ده‌ڵێن ده‌بێ باوه‌ڕدار خه‌ته‌نه‌ بكرێت[b] ، خۆی كێشایه‌وه‌.
13
جوله‌كه‌كانی دیكه‌ش له‌گه‌ڵیدا ده‌ستیان به‌ دووڕوویی كرد، ته‌نانه‌ت به‌رناباسیش به‌ دووڕووییان چه‌واشه‌ بوو.
14
كاتێك بینیم به‌گوێره‌ی ڕێگای ڕاستی په‌یامی ئینجیل ناڕۆن، له‌به‌رچاوی هه‌مووان به‌ په‌ترۆسم گوت: «ئه‌گه‌ر تۆ جوله‌كه‌ی، وه‌ك ناجوله‌كه‌ ده‌ژیت نه‌ك وه‌كو جوله‌كه‌، ئیتر چۆن ئه‌و ناجوله‌كانه‌ ناچار ده‌كه‌یت نه‌ریتی جوله‌كه‌كان په‌یڕه‌و بكه‌ن؟
15
«ئێمه‌ به‌ جوله‌كه‌یی له‌دایك بووین و له‌ نه‌ته‌وه‌ گوناهباره‌كان نین،
16
ده‌زانین مرۆڤ به‌ كاركردن به‌ شه‌ریعه‌ت بێتاوان ناكرێ، به‌ڵكو به‌ باوه‌ڕ به‌ عیسای مه‌سیح. جا ئێمه‌ باوه‌ڕمان به‌ عیسای مه‌سیح هێنا تاكو به‌ باوه‌ڕ به‌ مه‌سیح بێتاوان بكرێین، ئه‌مه‌ش نه‌ك به‌ كاركردن به‌ شه‌ریعه‌ت، چونكه‌ له‌ ڕێی كاركردن به‌ شه‌ریعه‌ت كه‌س بێتاوان ناكرێت.
17
«به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێمه‌ له‌ هه‌وڵدانمان بۆ بێتاوانبوون به‌ مه‌سیح، خۆمان دۆزییه‌وه‌ كه‌ گوناهبارین، ئیتر ئایا مه‌سیح خزمه‌تكاری گوناهه‌؟ بێگومان نه‌خێر!
18
ئه‌گه‌ر من شتێك بنیاد بنێمه‌وه‌ كه‌ له‌پێشدا تێكمدابێت، ئه‌وا ده‌یسه‌لمێنم سه‌رپێچیكارم،
19
چونكه‌ له‌ ڕێگه‌ی شه‌ریعه‌ت بۆ شه‌ریعه‌ت مردم، تاكو بۆ خودا بژیم.
20
من له‌گه‌ڵ مه‌سیح له‌ خاچ درام، ئیتر من نیم ئه‌وه‌ی ده‌ژیێت، به‌ڵكو مه‌سیحه‌ له‌ مندا ده‌ژیێت. ئێستاش كه‌وا به‌ جه‌سته‌ ده‌ژیم، ئه‌وا به‌ باوه‌ڕ به‌ كوڕی خودا ده‌ژیم، ئه‌وه‌ی منی خۆشویست و خۆی كرده‌ قوربانی بۆ من.
21
من نیعمه‌تی خودا پووچه‌ڵ ناكه‌مه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر بێتاوانی به‌ شه‌ریعه‌ت بووایه‌، ئه‌وا مردنی مه‌سیح بێ سوود بوو.»
  1. a. 2‏:7 یۆنانی: خه‌ته‌نه‌ نه‌كراوان.
  2. b. 2‏:12 ڕێبازه‌كه‌ ده‌ڵێت كه‌ بێ خه‌ته‌نه‌كردن مرۆڤ ڕزگاری نابێت.