عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ڕازیبوون بە خزمەتی پۆڵس 
1
دوای چواردە ساڵ لەگەڵ بەرناباس گەڕامەوە ئۆرشەلیم و تیتۆسیشم لەگەڵ خۆم برد.
2
گەڕانەوەکەم بەگوێرەی ئاشکراکردنێک بوو و ئەو پەیامەی ئینجیل کە لەنێو نەتەوەکان جاڕی دەدەم، تەنها خستمە بەردەم گەورە پیاوانی کڵێسا، تاکو ئەوەی بۆی ڕادەکەم و ڕامکردووە بەفیڕۆ نەڕوات.
3
بەڵام هەرچەندە تیتۆس کە لەگەڵم بوو یۆنانی بوو، زۆریان لێ نەکرد خەتەنە بکرێت.
4
ئەم بابەتە لەوەوە سەری هەڵدا کە هەندێک لە برایانی درۆزن بە نهێنی هاتبوونە ناومان بۆ سیخوڕیکردن لەسەر ئەو ئازادییەی لە عیسای مەسیحدا هەمانە، تاکو بمانکەنە کۆیلە.
5
بۆ کاتژمێرێکیش ملکەچیان نەبووین، تاکو ڕاستی ئینجیل لەگەڵتان بمێنێتەوە.
6
بەڵام ئەوانەی بە گەورە پیاو دادەنران، هەرچییەک بن، بەلای منەوە گرنگ نییە، چونکە خودا تەماشای ڕواڵەتی مرۆڤ ناکات، ئەوان هیچیان بۆ پەیامەکەم زیاد نەکرد.
7
بەڵکو بە پێچەوانەوە، بینییان کە پەیامی ئینجیل بۆ ناجولەکەکان[a] بە من سپێردراوە، هەروەک پەیامی ئینجیل بۆ جولەکەکان بە پەترۆس سپێردراوە،
8
چونکە خودا بەهۆی پەترۆسەوە وەک نێردراو بۆ جولەکەکان کاری دەکرد، لە منیشدا بۆ ناجولەکەکان کاری دەکرد.
9
کاتێک یاقوب و پەترۆس و یۆحەنا کە بە کۆڵەکە دانرابوون، بەم نیعمەتەیان زانی کە بە من دراوە، ئەوسا ئەوان دەستی ڕاستی هاوبەشییان بۆ من و بەرناباس درێژکرد، تاکو ئێمە بۆ لای نەتەوەکان بچین و ئەوانیش بۆ لای جولەکەکان بچن.
10
تەنها داوایان کرد هەژاران لەیاد نەکەین، ئەمەش شتێکە هەمیشە کۆششم بۆی کردووە.
سەرزەنشتکردنی پەترۆس 
11
بەڵام کاتێک پەترۆس هاتە ئەنتاکیا، ڕووبەڕوو بەربەرەکانێم کرد، لەبەر ئەوەی گلەیی لەسەر بوو،
12
چونکە پێش ئەوەی کەسانێک لەلای یاقوبەوە بێن، ئەو لەگەڵ ناجولەکەکان نانی دەخوارد، بەڵام کاتێک ئەوان هاتن، لە ترسی ئەو تاقمەی کە دەڵێن دەبێ باوەڕدار خەتەنە بکرێت[b] ، خۆی کێشایەوە.
13
جولەکەکانی دیکەش لەگەڵیدا دەستیان بە دووڕوویی کرد، تەنانەت بەرناباسیش بە دووڕووییان چەواشە بوو.
14
کاتێک بینیم بەگوێرەی ڕێگای ڕاستی پەیامی ئینجیل ناڕۆن، لەبەرچاوی هەمووان بە پەترۆسم گوت: «ئەگەر تۆ جولەکەی، وەک ناجولەکە دەژیت نەک وەکو جولەکە، ئیتر چۆن ناجولەکەکان ناچار دەکەیت نەریتی جولەکەکان پەیڕەو بکەن؟
15
«ئێمە بە جولەکەیی لەدایک بووین و لە نەتەوە گوناهبارەکان نین،
16
دەزانین مرۆڤ بە کارکردن بە شەریعەت بێتاوان ناکرێ، بەڵکو بە باوەڕ بە عیسای مەسیح. جا ئێمە باوەڕمان بە عیسای مەسیح هێنا تاکو بە باوەڕ بە مەسیح بێتاوان بکرێین، ئەمەش نەک بە کارکردن بە شەریعەت، چونکە لە ڕێی کارکردن بە شەریعەت کەس بێتاوان ناکرێت.
17
«بەڵام ئەگەر ئێمە لە هەوڵدانمان بۆ بێتاوانبوون بە مەسیح، خۆمان دۆزییەوە کە گوناهبارین، ئیتر ئایا مەسیح خزمەتکاری گوناهە؟ بێگومان نەخێر!
18
ئەگەر من شتێک بنیاد بنێمەوە کە لەپێشدا تێکمدابێت، ئەوا دەیسەلمێنم سەرپێچیکارم.
19
«چونکە لە ڕێگەی شەریعەت بۆ شەریعەت مردم، تاکو بۆ خودا بژیم.
20
من لەگەڵ مەسیح لە خاچ درام، ئیتر من نیم ئەوەی دەژیێت، بەڵکو مەسیحە لە مندا دەژیێت. ئێستاش کەوا بە جەستە دەژیم، ئەوا بە باوەڕ بە کوڕی خودا دەژیم، ئەوەی منی خۆشویست و خۆی کردە قوربانی بۆ من.
21
من نیعمەتی خودا پووچەڵ ناکەمەوە، چونکە ئەگەر بێتاوانبوون بە شەریعەت بووایە، ئەوا مردنی مەسیح بێ سوود دەبوو.»
  1. a. 2‏:7 یۆنانی: خەتەنەنەکراوان.‏
  2. b. 2‏:12 ڕێبازەکە دەڵێت کە بێ خەتەنەکردن مرۆڤ ڕزگاری نابێت.‏