عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
چواردەوری پەرستگایەکی نوێ 
1
لە ساڵی بیست و پێنجەمی ڕاپێچکردنمان، لە سەرەتای ساڵ، لە دەی مانگی یەکی ساڵی چواردەیەم لەپاش لێدانی شارەکە،[a] لە هەمان ڕۆژ ڕۆحی یەزدان هاتە سەرم و بۆ ئەوێی بردم.
2
خودا لە چەند بینینێکیدا منی هێنایە خاکی ئیسرائیل و لەسەر کێوێکی زۆر بڵند داینام، لەلای باشوورەوە چەند تەلارێک لە شێوەی شارێکدا بوو.
3
کاتێک منی هێنایە ئەوێ، ئەوەتا پیاوێک دیمەنی وەک بڕۆنز وابوو، پەتێکی کەتان و قامیشێکی پێوانەی بە دەستەوە بوو، لەبەر دەروازەکە وەستابوو.
4
پیاوەکە پێی گوتم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بە چاوەکانت سەیر بکە و بە گوێیەکانت ببیستە و مێشکت بخەرە سەر هەموو ئەوەی پیشانی تۆی دەدەم، چونکە لەبەر ئەوەی پیشانت بدرێت تۆ بۆ ئێرە هێنراویت. هەموو ئەوەی دەیبینیت بە بنەماڵەی ئیسرائیلی ڕابگەیەنە.»
دەروازەی ڕۆژهەڵات هەتا خانەکانی دەرەوە 
5
شوورایەکم بینی کە دەوری تەواوی پەرستگاکەی دابوو. قامیشێکی پێوانەش کە درێژییەکەی شەش باڵی درێژ[b] بوو کە هەر باڵێک، باڵێک و چوار پەنجە بوو. جا ئەستوورایی شووراکەی پێوا کە یەک قامیش بوو و بەرزاییەکەشی یەک قامیش.
6
ئینجا هاتە لای ئەو دەروازەیەی ڕووەو ڕۆژهەڵاتە. بەسەر پێپلیکانەکانیدا سەرکەوت و بەردەروازەکەی پێوا، درێژییەکەی یەک قامیش بوو.
7
قوژبنەکانی پاسەوانیش یەک قامیش درێژی بوو، یەک قامیشیش پانی، ئەستوورایی دیواری نێوان قوژبنەکانیش پێنج باڵ بوو. بەردەروازەکەش لەلای هەیوانی دەروازەکە و لە ژوورەوە یەک قامیش بوو.
8
ئینجا هەیوانی دەروازەکەی پێوا،
9
درێژییەکەی هەشت باڵ بوو، ئەستوورایی هەر دینگەیەکیشی دوو باڵ بوو، هەیوانی دەروازەکەش ڕووەو پەرستگاکە بوو.
10
قوژبنەکانی دەروازەی لای ڕۆژهەڵاتیش، لە هەر لایەک سێ قوژبن هەبوون، هەرسێکیان هەمان پێوانە بوون. ڕووبەری دیوارەکانی نێوانیشیان لە هەر لایەک وەک یەک بوون.
11
ئینجا پانی داڵانی دەروازەکەی پێوا، دە باڵ بوو، درێژایی دەروازەکەش سێزدە باڵ بوو.
12
لێواری بەردەم قوژبنەکانیش لە هەر لایەک یەک باڵ بوو، قوژبنەکانیش درێژی و پانییەکەی شەش باڵ بوون.
13
ئینجا دەروازەکەی پێوا، لە بنمێچی قوژبنێکەوە بۆ بنمێچی قوژبنەکەی بەرامبەری. دووری لەنێوان دەلاقەی دیواری پشتی قوژبن و دەلاقەکەی بەرامبەری بیست و پێنج باڵ بوو.
14
ڕووبەری ناوبڕەکانیشی هەتا هەیوانی بەرامبەر حەوشەی دەروازەکەی پێوا، درێژایی شەست باڵ بوو.
15
دووری نێوان داڵانی دەروازەکە و کۆتایی هەیوانەکەی پەنجا باڵ بوو.
16
ڕووی ناوەوەی ستارەی سەر قوژبن و ناوبڕە و هەیوانەکەش دەلاقەدار بوو، ڕووی ناوبڕەکانیش نەخشی دار خورما هەبوو.
خانەکانی دەرەوە 
17
ئینجا منی هێنایە خانەکانی دەرەوە. بینیم چەند ژوورێک و شۆستەیەک بە چواردەوری حەوشەکەدا دروستکرابوون. بە درێژایی شۆستەکە سی ژوور هەبوو.
18
شۆستەکە لەلای دەروازەکان بوو، بەرامبەر بە درێژایی دەروازەکانیش شۆستەکەی خوارەوە بوو.
19
ئینجا ئەو دوورییەی پێوا، کە لەنێوان دیوی ناوەوەی دەروازەکەی خوارەوە و دیوی دەرەوەی حەوشەکەی ناوەوە بوو، سەد باڵ بوو بەلای ڕۆژهەڵات و بەلای باکوور.
دەروازەی ڕووەو باکوور 
20
ئینجا درێژی و پانی دەروازەکەی ڕووەو باکووری پێوا، کە دەروازەیەک بوو بۆ خانەکانی دەرەوە.
21
قوژبنەکانیشی لە هەر لایەک سێ بوون، ناوبڕەکان و هەیوانەکەشی وەک پێوانەی دەروازەکەی یەکەم بوو، درێژییەکەی پەنجا باڵ و پانییەکەی بیست و پێنج باڵ بوو.
22
دەلاقەکانی و هەیوانەکەی و نەخشە دار خورماکەی هەمان پێوانەی ئەو دەروازەیە بوو کە ڕووەو ڕۆژهەڵات بوو. بە حەوت پایە بۆی سەردەکەوتن و هەیوانەکەشی بەرامبەریان بوو.
23
دەروازەی حەوشەکەی ناوەوەش بەرامبەر دەروازەی باکوور بوو، هەروەک دەروازەی ڕۆژهەڵات، لە دەروازەیەکەوە بۆ دەروازەیەک پێوای، سەد باڵ بوو.
دەروازەی ڕووەو باشوور 
24
ئینجا منی بەرەو باشوور برد. بینیم دەروازەیەکی ڕووەو باشوور هەبوو، دینگەکان و هەیوانەکەی پێوا، هەمان پێوانە بوون.
25
دەروازەکەش دەلاقەی تێدابوو، هەیوانەکەشی وەک ئەو دەلاقانەی لە چواردەوری هەبوو. درێژی پەنجا باڵ و پانی بیست و پێنج باڵ بوو.
26
پێپلیکانەکەشی حەوت پایە بوو، هەیوانەکەشی لەبەردەمی بوو، لە هەردوو لای دەروازەکە لە هەردوو ڕووی ناوبڕەکان نەخشی دار خورما هەبوون.
27
حەوشەکەی ناوەوەش دەروازەیەکی بەرەو باشوور هەبوو، لە دەروازەوە بۆ دەروازە ڕووەو باشوور پێوای، سەد باڵ بوو.
دەروازەی حەوشەکەی ناوەوە 
28
ئینجا لە دەروازەکەی باشوورەوە منی هێنایە حەوشەکەی ناوەوە. دەروازەکەی باشووری پێوا، هەمان پێوانەی دەروازەکانی دیکەی بوو.
29
قوژبنەکانی و ناوبڕەکانی نێوانیان و هەیوانەکەی هەمان پێوانەی ئەوانەی دیکە بوون. لە دەروازەکە و لە هەیوانەکەشی دەلاقە بە چواردەوریدا هەبوون. درێژی دەروازەکە پەنجا باڵ و پانی بیست و پێنج باڵ بوو.
30
لە هەر سێ لاوە هەیوانەکان بیست و پێنج باڵ درێژایی و پێنج باڵ پانی بوون.
31
هەیوانەکەشی ڕووەو خانەکانی دەرەوە بوو، لەسەر دینگەکانیشی نەخشی دار خورما هەبوون، پێپلیکانەکەشی لەسەر هەشت پایە بوون.
32
ئینجا منی هێنایە ناو حەوشەکەی ناوەوە بەرەو ڕۆژهەڵات. دەروازەکەی پێوا، هەمان پێوانەی دەروازەکانی دیکە بوو.
33
قوژبنەکانی و ناوبڕەکانی نێوانیان و هەیوانەکەی هەمان پێوانەی ئەوانەی دیکە بوون. لە دەروازەکە و لە هەیوانەکەشی دەلاقە بە چواردەوریدا هەبوون. درێژی دەروازەکە پەنجا باڵ و پانی بیست و پێنج باڵ بوو.
34
هەیوانەکەشی ڕووەو خانەکانی دەرەوە بوو، لەسەر دینگەکانیشی نەخشی دار خورما لە هەردوو لای هەبوون، بە هەشت پایە بۆی سەردەکەوت.
35
ئینجا منی هێنایە دەروازەکەی باکوور و پێوای، هەمان پێوانەی دەروازەکانی دیکە بوو.
36
قوژبن و ناوبڕەکانی و هەیوانەکەی و ئەو دەلاقانەی لە چواردەوری بوون، درێژی دەروازەکە پەنجا باڵ بوو، پانی بیست و پێنج باڵ بوو.
37
هەیوانەکەشی ڕووەو خانەکانی دەرەوە بوو، لەسەر دینگەکانیشی نەخشی دار خورما لە هەردوو لای هەبوون، بە هەشت پایە بۆی سەردەکەوت.
ژوورەکانی ئامادەکردنی قوربانی 
38
لەلای هەیوانی هەر دەروازەیەکی ناوەوە ژوورێک و داڵانێک[c] هەبوو، لەوێ قوربانی سووتاندنیان دەشوشت.
39
لە هەیوانی دەروازەکەش دوو مێز لە هەر لایەکی هەبوون، بۆ ئەوەی قوربانی سووتاندن و قوربانی گوناه و قوربانی تاوان لەسەریان سەرببڕدرێن.
40
لە دیوی دەرەوەی هەیوانی دەروازەکە، لە نزیکی پێپلیکانەکەی لای داڵانی دەروازەی باکوور، لە هەر لەلایەکی پێپلیکانەکە دوو مێز هەبوون.
41
چوار مێز لێرە و چوار مێز لەوێ لەلای دەروازەکە، هەشت مێز قوربانییان لەسەر سەردەبڕان.
42
چوار مێزی دیکەش بۆ قوربانی سووتاندنەکان هەبوون لە بەردی تاشراو بوون، درێژییەکەیان باڵ و نیوێک و پانییەکەشیان باڵ و نیوێک بوون، بەرزاییەکەشیان یەک باڵ بوو. ئەو کەرەستانەی لەسەر دادەنرا کە قوربانی سووتاندن و قوربانی دیکەیان پێ سەردەبڕی.
43
قولاپەکانیش چوار پەنجە بوون، لە دیوی ناوەوە بە چواردەوریدا قاییم کرابوون، مێزەکانیش بۆ گۆشتی قوربانییەکان بوون.
ژوورەکانی کاهینانی بەرپرس 
44
لە حەوشەکەی ناوەوە، لە دەرەوەی دەروازەکەی، دوو ژوور هەبوون، یەکێکیان لەلای دەروازەکەی باکوور، ڕووی لە باشوور بوو. ئەوەی دیکە لەلای دەروازەکەی باشوور، ڕووی لە باکوور بوو.
45
پێی فەرمووم: «ئەو ژوورەی ڕووی لە باشوورە هی کاهینەکانە، کە بەرپرسیارن لە پارێزگاریکردنی پەرستگا.
46
ئەو ژوورەش کە ڕووی لە باکوورە هی ئەو کاهینانەیە کە بەرپرسیارن لە پارێزگاریکردنی قوربانگا. ئەوان نەوەی سادۆقن، کە لەنێو نەوەی لێڤی تەنها ئەوان بۆیان هەیە لە یەزدان نزیک ببنەوە بۆ خزمەتکردنی.»
47
پاشان حەوشەکەی بەردەم پیرۆزگای پێوا، درێژی سەد باڵ و پانیشی سەد باڵ بوو، چوارگۆشە بوو، قوربانگاکەش لەبەردەم پیرۆزگاکە بوو.
پیرۆزگا نوێیەکە 
48
ئینجا منی هێنایە هەیوانی پیرۆزگاکە، دینگەکانی هەیوانەکەی پێوا، ئەستوورایی هەر لایەک پێنج باڵ بوو. پانی بەردەرگاکەش چواردە باڵ بوو، ناوبڕەکانی هەر لایەک سێ باڵ بوون.
49
پانی هەیوانەکە بیست باڵ بوو، درێژییەکەشی دوازدە باڵ. لە پێپلیکانەکەوە بۆی سەردەکەوت، لە هەردوو لای دینگەکان کۆڵەکە هەبوون، یەکێک لەم بەر و یەکێکی دیکە لەو بەر.
  1. a. 40‏:1 بەرامبەر بە ساڵنامەی ئێستا دەکاتە بیست و هەشتی مانگی چواری ساڵی 573ی پێش زایین.‏
  2. b. 40‏:5 دوو پێوانە هەبووە بۆ باڵ، باڵی ئاسایی کە دوو بست و نیو بووە، واتا نیو مەتر، باڵی درێژ کە باڵێک و چوار پەنجە بووە، واتا 0,6 مەتر. لە بەشەکانی 40‏–48 (باڵ) مەبەستی لە باڵی درێژە.‏
  3. c. 40‏:38 مەبەستی لە (مدخل)ی عەرەبییە.‏