عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
چوارده‌وری په‌رستگایه‌كی نوێ 
1
له‌ ساڵی بیست و پێنجه‌می ڕاپێچكردنمان، له‌ سه‌ره‌تای ساڵ، له‌ ده‌ی مانگی یه‌كی ساڵی چوارده‌یه‌م له‌پاش لێدانی شاره‌كه‌،[a] له‌ هه‌مان ڕۆژ ڕۆحی یه‌زدان هاته‌ سه‌رم و بۆ ئه‌وێی بردم.
2
خودا له‌ چه‌ند بینینێكیدا منی هێنایه‌ خاكی ئیسرائیل و له‌سه‌ر كێوێكی زۆر بڵند داینام، له‌لای باشووره‌وه‌ چه‌ند ته‌لارێك له‌ شێوه‌ی شارێكدا بوو.
3
كاتێك منی هێنایه‌ ئه‌وێ، ئه‌وه‌تا پیاوێك دیمه‌نی وه‌ك بڕۆنز وابوو، په‌تێكی كه‌تان و قامیشێكی پێوانه‌ی به‌ ده‌سته‌وه‌ بوو، له‌به‌ر ده‌روازه‌كه‌ وه‌ستابوو.
4
پیاوه‌كه‌ پێی گوتم: «ئه‌ی كوڕی مرۆڤ، به‌ چاوه‌كانت سه‌یر بكه‌ و به‌ گوێیه‌كانت ببیسته‌ و مێشكت بخه‌ره‌ سه‌ر هه‌موو ئه‌وه‌ی پیشانی تۆی ده‌ده‌م، چونكه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پیشانت بدرێت تۆ بۆ ئێره‌ هێنراویت. هه‌موو ئه‌وه‌ی ده‌یبینیت به‌ بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیلی ڕابگه‌یه‌نه‌.»
ده‌روازه‌ی ڕۆژهه‌ڵات هه‌تا خانه‌كانی ده‌ره‌وه‌ 
5
شوورایه‌كم بینی كه‌ ده‌وری ته‌واوی په‌رستگاكه‌ی دابوو. قامیشێكی پێوانه‌ش كه‌ درێژییه‌كه‌ی شه‌ش باڵی درێژ[b] بوو كه‌ هه‌ر باڵێك، باڵێك و چوار په‌نجه‌ بوو. جا ئه‌ستوورایی شووراكه‌ی پێوا كه‌ یه‌ك قامیش بوو و به‌رزاییه‌كه‌شی یه‌ك قامیش.
6
ئینجا هاته‌ لای ئه‌و ده‌روازه‌یه‌ی ڕووه‌و ڕۆژهه‌ڵاته‌. به‌سه‌ر پێپلیكانه‌كانیدا سه‌ركه‌وت و به‌رده‌روازه‌كه‌ی پێوا، درێژییه‌كه‌ی یه‌ك قامیش بوو.
7
قوژبنه‌كانی پاسه‌وانیش یه‌ك قامیش درێژی بوو، یه‌ك قامیشیش پانی، ئه‌ستوورایی دیواری نێوان قوژبنه‌كانیش پێنج باڵ بوو. به‌رده‌روازه‌كه‌ش له‌لای هه‌یوانی ده‌روازه‌كه‌ و له‌ ژووره‌وه‌ یه‌ك قامیش بوو.
8
ئینجا هه‌یوانی ده‌روازه‌كه‌ی پێوا،
9
درێژییه‌كه‌ی هه‌شت باڵ بوو، ئه‌ستوورایی هه‌ر دینگه‌یه‌كیشی دوو باڵ بوو، هه‌یوانی ده‌روازه‌كه‌ش ڕووه‌و په‌رستگاكه‌ بوو.
10
قوژبنه‌كانی ده‌روازه‌ی لای ڕۆژهه‌ڵاتیش، له‌ هه‌ر لایه‌ك سێ قوژبن هه‌بوون، هه‌رسێكیان هه‌مان پێوانه‌ بوون. ڕووبه‌ری دیواره‌كانی نێوانیشیان له‌ هه‌ر لایه‌ك وه‌ك یه‌ك بوون.
11
ئینجا پانی داڵانی ده‌روازه‌كه‌ی پێوا، ده‌ باڵ بوو، درێژایی ده‌روازه‌كه‌ش سێزده‌ باڵ بوو.
12
لێواری به‌رده‌م قوژبنه‌كانیش له‌ هه‌ر لایه‌ك یه‌ك باڵ بوو، قوژبنه‌كانیش درێژی و پانییه‌كه‌ی شه‌ش باڵ بوون.
13
ئینجا ده‌روازه‌كه‌ی پێوا، له‌ بنمێچی قوژبنێكه‌وه‌ بۆ بنمێچی قوژبنه‌كه‌ی به‌رامبه‌ری. دووری له‌نێوان ده‌لاقه‌ی دیواری پشتی قوژبن و ده‌لاقه‌كه‌ی به‌رامبه‌ری بیست و پێنج باڵ بوو.
14
ڕووبه‌ری ناوبڕه‌كانیشی هه‌تا هه‌یوانی به‌رامبه‌ر حه‌وشه‌ی ده‌روازه‌كه‌ی پێوا، درێژایی شه‌ست باڵ بوو.
15
دووری نێوان داڵانی ده‌روازه‌كه‌ و كۆتایی هه‌یوانه‌كه‌ی په‌نجا باڵ بوو.
16
ڕووی ناوه‌وه‌ی ستاره‌ی سه‌ر قوژبن و ناوبڕه‌ و هه‌یوانه‌كه‌ش ده‌لاقه‌دار بوو، ڕووی ناوبڕه‌كانیش نه‌خشی دار خورما هه‌بوو.
خانه‌كانی ده‌ره‌وه‌ 
17
ئینجا منی هێنایه‌ خانه‌كانی ده‌ره‌وه‌. بینیم چه‌ند ژوورێك و شۆسته‌یه‌ك به‌ چوارده‌وری حه‌وشه‌كه‌دا دروستكرابوون. به‌ درێژایی شۆسته‌كه‌ سی ژوور هه‌بوو.
18
شۆسته‌كه‌ له‌لای ده‌روازه‌كان بوو، به‌رامبه‌ر به‌ درێژایی ده‌روازه‌كانیش شۆسته‌كه‌ی خواره‌وه‌ بوو.
19
ئینجا ئه‌و دوورییه‌ی پێوا، كه‌ له‌نێوان دیوی ناوه‌وه‌ی ده‌روازه‌كه‌ی خواره‌وه‌ و دیوی ده‌ره‌وه‌ی حه‌وشه‌كه‌ی ناوه‌وه‌ بوو، سه‌د باڵ بوو به‌لای ڕۆژهه‌ڵات و به‌لای باكوور.
ده‌روازه‌ی ڕووه‌و باكوور 
20
ئینجا درێژی و پانی ده‌روازه‌كه‌ی ڕووه‌و باكووری پێوا، كه‌ ده‌روازه‌یه‌ك بوو بۆ خانه‌كانی ده‌ره‌وه‌.
21
قوژبنه‌كانیشی له‌ هه‌ر لایه‌ك سێ بوون، ناوبڕه‌كان و هه‌یوانه‌كه‌شی وه‌ك پێوانه‌ی ده‌روازه‌كه‌ی یه‌كه‌م بوو، درێژییه‌كه‌ی په‌نجا باڵ و پانییه‌كه‌ی بیست و پێنج باڵ بوو.
22
ده‌لاقه‌كانی و هه‌یوانه‌كه‌ی و نه‌خشه‌ دار خورماكه‌ی هه‌مان پێوانه‌ی ئه‌و ده‌روازه‌یه‌ بوو كه‌ ڕووه‌و ڕۆژهه‌ڵات بوو. به‌ حه‌وت پایه‌ بۆی سه‌رده‌كه‌وتن و هه‌یوانه‌كه‌شی به‌رامبه‌ریان بوو.
23
ده‌روازه‌ی حه‌وشه‌كه‌ی ناوه‌وه‌ش به‌رامبه‌ر ده‌روازه‌ی باكوور بوو، هه‌روه‌ك ده‌روازه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، له‌ ده‌روازه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ ده‌روازه‌یه‌ك پێوای، سه‌د باڵ بوو.
ده‌روازه‌ی ڕووه‌و باشوور 
24
ئینجا منی به‌ره‌و باشوور برد. بینیم ده‌روازه‌یه‌كی ڕووه‌و باشوور هه‌بوو، دینگه‌كان و هه‌یوانه‌كه‌ی پێوا، هه‌مان پێوانه‌ بوون.
25
ده‌روازه‌كه‌ش ده‌لاقه‌ی تێدابوو، هه‌یوانه‌كه‌شی وه‌ك ئه‌و ده‌لاقانه‌ی له‌ چوارده‌وری هه‌بوو. درێژی په‌نجا باڵ و پانی بیست و پێنج باڵ بوو.
26
پێپلیكانه‌كه‌شی حه‌وت پایه‌ بوو، هه‌یوانه‌كه‌شی له‌به‌رده‌می بوو، له‌ هه‌ردوو لای ده‌روازه‌كه‌ له‌ هه‌ردوو ڕووی ناوبڕه‌كان نه‌خشی دار خورما هه‌بوون.
27
حه‌وشه‌كه‌ی ناوه‌وه‌ش ده‌روازه‌یه‌كی به‌ره‌و باشوور هه‌بوو، له‌ ده‌روازه‌وه‌ بۆ ده‌روازه‌ ڕووه‌و باشوور پێوای، سه‌د باڵ بوو.
ده‌روازه‌ی حه‌وشه‌كه‌ی ناوه‌وه‌ 
28
ئینجا له‌ ده‌روازه‌كه‌ی باشووره‌وه‌ منی هێنایه‌ حه‌وشه‌كه‌ی ناوه‌وه‌. ده‌روازه‌كه‌ی باشووری پێوا، هه‌مان پێوانه‌ی ده‌روازه‌كانی دیكه‌ی بوو.
29
قوژبنه‌كانی و ناوبڕه‌كانی نێوانیان و هه‌یوانه‌كه‌ی هه‌مان پێوانه‌ بوون. ده‌روازه‌كه‌ و هه‌یوانه‌كه‌شی ده‌لاقه‌ به‌ چوارده‌وریاندا هه‌بوون. درێژی په‌نجا باڵ و پانی بیست و پێنج باڵ بوو.
30
له‌ هه‌ر سێ لاوه‌ هه‌یوانه‌كان بیست و پێنج باڵ درێژایی و پێنج باڵ پانی بوون.
31
هه‌یوانه‌كه‌شی ڕووه‌و خانه‌كانی ده‌ره‌وه‌ بوو، له‌سه‌ر دینگه‌كانیشی نه‌خشی دار خورما هه‌بوون، پێپلیكانه‌كه‌شی له‌سه‌ر هه‌شت پایه‌ بوون.
32
ئینجا منی هێنایه‌ ناو حه‌وشه‌كه‌ی ناوه‌وه‌ به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵات. ده‌روازه‌كه‌ی پێوا، هه‌مان پێوانه‌ی ده‌روازه‌كانی دیكه‌ بوو.
33
قوژبنه‌كانی و ناوبڕه‌كانی نێوانیان و هه‌یوانه‌كه‌ی هه‌مان پێوانه‌ بوون. له‌ ده‌روازه‌كه‌ و له‌ هه‌یوانه‌كه‌شی ده‌لاقه‌ به‌ چوارده‌وریدا هه‌بوون. درێژی ده‌روازه‌كه‌ په‌نجا باڵ و پانی بیست و پێنج باڵ بوو.
34
هه‌یوانه‌كه‌شی ڕووه‌و خانه‌كانی ده‌ره‌وه‌ بوو، له‌سه‌ر دینگه‌كانیشی نه‌خشی دار خورما له‌ هه‌ردوو لای هه‌بوون، پێپلیكانه‌كه‌شی له‌سه‌ر هه‌شت پایه‌ بوون.
35
ئینجا منی هێنایه‌ ده‌روازه‌كه‌ی باكوور و پێوای، هه‌مان پێوانه‌ی ده‌روازه‌كانی دیكه‌ بوو.
36
قوژبن و ناوبڕه‌كانی و هه‌یوانه‌كه‌ی و ئه‌و ده‌لاقانه‌ی له‌ چوارده‌وری بوون، درێژی ده‌روازه‌كه‌ په‌نجا باڵ بوو، پانی بیست و پێنج باڵ بوو.
37
هه‌یوانه‌كه‌شی ڕووه‌و خانه‌كانی ده‌ره‌وه‌ بوو، له‌سه‌ر دینگه‌كانیشی نه‌خشی دار خورما هه‌بوون، له‌ هه‌ردوو لای، به‌ هه‌شت پایه‌ بۆی سه‌رده‌كه‌وت.
ژووره‌كانی ئاماده‌كردنی قوربانی 
38
له‌لای هه‌یوانی هه‌ر ده‌روازه‌یه‌كی ناوه‌وه‌ ژوورێك و داڵانێك[c] هه‌بوو، له‌وێ قوربانی سووتاندنیان ده‌شوشت.
39
له‌ هه‌یوانی ده‌روازه‌كه‌ش دوو مێز له‌ هه‌ر لایه‌كی هه‌بوون، بۆ ئه‌وه‌ی قوربانی سووتاندن و قوربانی گوناه و قوربانی تاوان له‌سه‌ریان سه‌رببڕدرێن.
40
له‌ دیوی ده‌ره‌وه‌ی هه‌یوانی ده‌روازه‌كه‌، له‌ نزیكی پێپلیكانه‌كه‌ی لای داڵانی ده‌روازه‌ی باكوور، له‌ هه‌ر له‌لایه‌كی پێپلیكانه‌كه‌ دوو مێز هه‌بوون.
41
چوار مێز لێره‌ و چوار مێز له‌وێ له‌لای ده‌روازه‌كه‌، هه‌شت مێز قوربانییان له‌سه‌ر سه‌رده‌بڕان.
42
چوار مێزی دیكه‌ش بۆ قوربانی سووتاندنه‌كان هه‌بوون له‌ به‌ردی تاشراو بوون، درێژییه‌كه‌یان باڵ و نیوێك و پانییه‌كه‌شیان باڵ و نیوێك بوون، به‌رزاییه‌كه‌شیان یه‌ك باڵ بوو. ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ی له‌سه‌ر داده‌نرا كه‌ قوربانی سووتاندن و قوربانی دیكه‌یان پێ سه‌رده‌بڕی.
43
قولاپه‌كانیش چوار په‌نجه‌ بوون، له‌ دیوی ناوه‌وه‌ به‌ چوارده‌وریدا قاییم كرابوون، مێزه‌كانیش بۆ گۆشتی قوربانییه‌كان بوون.
ژووره‌كانی كاهینانی به‌رپرس 
44
له‌ حه‌وشه‌كه‌ی ناوه‌وه‌، له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌روازه‌كه‌ی، دوو ژوور هه‌بوون، یه‌كێكیان له‌لای ده‌روازه‌كه‌ی باكوور، ڕووی له‌ باشوور بوو. ئه‌وه‌ی دیكه‌ له‌لای ده‌روازه‌كه‌ی باشوور، ڕووی له‌ باكوور بوو.
45
پێی فه‌رمووم: «ئه‌و ژووره‌ی ڕووی له‌ باشووره‌ هی كاهینه‌كانه‌، كه‌ به‌رپرسیارن له‌ پارێزگاریكردنی په‌رستگا.
46
ئه‌و ژووره‌ش كه‌ ڕووی له‌ باكووره‌ هی ئه‌و كاهینانه‌یه‌ كه‌ به‌رپرسیارن له‌ پارێزگاریكردنی قوربانگا. ئه‌وان نه‌وه‌ی سادۆقن، كه‌ له‌نێو نه‌وه‌ی لێڤی ته‌نها ئه‌وان بۆیان هه‌یه‌ له‌ یه‌زدان نزیك ببنه‌وه‌ بۆ خزمه‌تكردنی.»
47
پاشان حه‌وشه‌كه‌ی به‌رده‌م پیرۆزگای پێوا، درێژی سه‌د باڵ و پانیشی سه‌د باڵ بوو، چوارگۆشه‌ بوو، قوربانگاكه‌ش له‌به‌رده‌م پیرۆزگاكه‌ بوو.
پیرۆزگا نوێیه‌كه‌ 
48
ئینجا منی هێنایه‌ هه‌یوانی پیرۆزگاكه‌، دینگه‌كانی هه‌یوانه‌كه‌ی پێوا، ئه‌ستوورایی هه‌ر لایه‌ك پێنج باڵ بوو. پانی به‌رده‌رگاكه‌ش چوارده‌ باڵ بوو، ناوبڕه‌كانی هه‌ر لایه‌ك سێ باڵ بوون.
49
پانی هه‌یوانه‌كه‌ بیست باڵ بوو، درێژییه‌كه‌شی دوازده‌ باڵ. له‌ پێپلیكانه‌كه‌وه‌ بۆی سه‌رده‌كه‌وت، له‌ هه‌ردوو لای دینگه‌كان كۆڵه‌كه‌ هه‌بوون، یه‌كێك له‌م به‌ر و یه‌كێكی دیكه‌ له‌و به‌ر.
  1. a. 40‏:1 به‌رامبه‌ر به‌ ساڵنامه‌ی ئێستا ده‌كاته‌ بیست و هه‌شتی مانگی چواری ساڵی 573ی پێش زایین.
  2. b. 40‏:5 دوو پێوانه‌ هه‌بووه‌ بۆ باڵ، باڵی ئاسایی كه‌ دوو بست و نیو بووه‌، واته‌ نیو مه‌تر، باڵی درێژ كه‌ باڵێك و چوار په‌نجه‌ بووه‌، واته‌ 0,6 مه‌تر. له‌ به‌شه‌كانی 40‏–48 (باڵ) مه‌به‌ستی له‌ باڵی درێژه‌.
  3. c. 40‏:38 مه‌به‌ستی له‌ (مدخل)ی عه‌ره‌بییه‌.