عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
«ئێستاش ئه‌ی كوڕی مرۆڤ، پێشبینی له‌سه‌ر گۆگ بكه‌ و بڵێ: ”یه‌زدانی باڵاده‌ست ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ئه‌ی گۆگی سه‌رۆكی میرانی مه‌شه‌ك و توبال، من له‌ دژی تۆم.
2
ئاراسته‌ت وه‌رده‌گێڕم و ده‌تبه‌م. له‌وپه‌ڕی باكووره‌وه‌ سه‌رت ده‌خه‌م و ده‌تهێنمه‌ چیاكانی ئیسرائیل.
3
ئینجا له‌ كه‌وانه‌كه‌ت ده‌ده‌م كه‌ له‌ ده‌ستی چه‌پته‌، تیره‌كانت له‌ ده‌ستی ڕاستت به‌رده‌ده‌مه‌وه‌.
4
خۆت و هه‌موو سوپاكه‌ت و ئه‌و گه‌لانه‌ی له‌گه‌ڵتدان له‌سه‌ر چیاكانی ئیسرائیل ده‌كوژرێن، ده‌تكه‌مه‌ خۆراكی هه‌موو جۆره‌ باڵنده‌یه‌كی گۆشتخۆر و گیانله‌به‌رانی ده‌شتوده‌ر.
5
له‌سه‌ر ڕووی ده‌شتوده‌ر ده‌كه‌ویت، چونكه‌ من قسه‌م كرد. ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانی باڵاده‌سته‌.
6
ئاگر ده‌نێرمه‌ سه‌ر ماگۆگ و سه‌ر ئه‌وانه‌ی به‌ ئاسووده‌یی له‌ كه‌ناره‌كان نیشته‌جێن، ئیتر ئه‌وان ده‌زانن كه‌ من یه‌زدانم.
7
«”ناوی پیرۆزیشم له‌نێو ئیسرائیلی گه‌لم ده‌ناسێنم، چیتر ناهێڵم ناوی پیرۆزم بزڕێنرێت، جا نه‌ته‌وه‌كان ده‌زانن كه‌ من یه‌زدانم، خودا پیرۆزه‌كه‌ی ئیسرائیلم.
8
دێت و به‌ڕێوه‌یه‌، ئه‌مه‌ ئه‌و ڕۆژه‌یه‌ كه‌ باسم كرد. ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانی باڵاده‌سته‌.
9
«”دانیشتووانی شارۆچكه‌كانی ئیسرائیل ده‌رده‌چن، چه‌ك ده‌سووتێنن و ئاگریان تێبه‌ر ده‌ده‌ن: قه‌ڵغانی گه‌وره‌ و بچووك، كه‌وان و تیر، كوته‌ك و ڕم. حه‌وت ساڵ بۆ سووته‌مه‌نی به‌كاریانده‌هێنن.
10
نه‌ چیلكه‌یه‌ك له‌ ده‌شتوده‌ر كۆده‌كه‌نه‌وه‌ و نه‌ له‌ دارستانه‌كان دار ده‌بڕن، چونكه‌ چه‌ك بۆ سووته‌مه‌نی به‌كارده‌هێنن. ئه‌وانه‌ تاڵان ده‌كه‌ن كه‌ تاڵانیان كردن و ده‌ستكه‌وتی ئه‌وانه‌ ده‌به‌ن كه‌ ده‌ستكه‌وتیان بردن. ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانی باڵاده‌سته‌.
11
«”له‌و ڕۆژه‌دا شوێنێك ده‌كه‌مه‌ گۆڕ بۆ گۆگ له‌ ئیسرائیل، له‌ دۆڵی عه‌ڤاریم[a] له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ده‌ریای مردوو[b] . ده‌بێته‌ ڕێگرێك له‌سه‌ر ڕێگای ڕێبواران، گۆگ و هه‌موو ئاپۆره‌ی سوپاكه‌ی له‌وێ ده‌نێژن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ ناوی لێ ده‌نێن دۆڵی ئاپۆره‌ی گۆگ.
12
«”بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیل حه‌وت مانگ له‌ گۆڕیان ده‌نێن، هه‌تا خاكه‌كه‌ پاك بكه‌نه‌وه‌.
13
هه‌موو گه‌لی خاكه‌كه‌ خه‌ریكی له‌گۆڕنان ده‌بن، ئه‌و ڕۆژه‌ش كه‌ من شكۆدار ده‌كرێم له‌بیریان ناچێته‌وه‌. ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانی باڵاده‌سته‌.
14
«”هه‌ندێك پیاو هه‌ڵده‌بژێرن كه‌ به‌ به‌رده‌وامی به‌ خاكه‌كه‌دا تێبپه‌ڕن، بۆ یارمه‌تیدانی ئه‌وانه‌ی كه‌ مردووه‌كان ده‌نێژن، هه‌تا ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر ڕووی زه‌وییه‌كه‌ كوژراون و ماونه‌ته‌وه‌ له‌ گۆڕیان بنێن بۆ پاككردنه‌وه‌ی خاكه‌كه‌. دوای ته‌واوبوونی حه‌وت مانگه‌كه‌ ده‌ست به‌ پشكنین ده‌كه‌ن.
15
كاتێك به‌ خاكه‌كه‌دا تێده‌په‌ڕن، ئه‌گه‌ر یه‌كێك ئێسكێكی مرۆڤی بینی نیشانه‌یه‌كی له‌ته‌نیشت داده‌نێت، هه‌تا گۆڕهه‌ڵكه‌نه‌كان له‌ دۆڵی ئاپۆره‌ی گۆگ له‌ گۆڕی بنێن،
16
نزیكی شارۆچكه‌یه‌ك له‌وێیه‌ كه‌ ناوی هه‌مۆنایه‌[c] . به‌م شێوه‌ خاكه‌كه‌ پاك ده‌كه‌نه‌وه‌.“
17
«ئه‌ی كوڕی مرۆڤ، یه‌زدانی باڵاده‌ست ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: تۆ به‌ هه‌موو باڵدارێك و هه‌موو گیانله‌به‌رێكی ده‌شتوده‌ر بڵێ: ”كۆببنه‌وه‌ و وه‌رن، له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ له‌ قوربانییه‌كه‌م خڕبنه‌وه‌، ئه‌وه‌ی من له‌سه‌ر چیاكانی ئیسرائیل بۆ ئێوه‌م سه‌ربڕیوه‌، قوربانییه‌كی گه‌وره‌یه‌، هه‌تا گۆشت بخۆن و خوێن بخۆنه‌وه‌.
18
گۆشتی پاڵه‌وانه‌كان ده‌خۆن و خوێنی میرانی زه‌وی ده‌خۆنه‌وه‌، به‌ران و به‌رخ و نێری و گا، هه‌موو له‌ دابه‌سته‌كانی باشانن.
19
پیو[d] ده‌خۆن هه‌تا تێر ده‌بن و خوێن ده‌خۆنه‌وه‌ هه‌تا سه‌رخۆش ده‌بن له‌و قوربانییه‌ی بۆ ئێوه‌م سه‌ربڕیوه‌.
20
جا ئێوه‌ له‌سه‌ر خوانه‌كه‌م له‌ گۆشتی ئه‌سپ و سوار و پاڵه‌وانه‌كان و هه‌موو جۆرێكی جه‌نگاوه‌ران تێر ده‌بن.“ ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانی باڵاده‌سته‌.
21
«شكۆمه‌ندی خۆم له‌نێو نه‌ته‌وه‌كان پیشان ده‌ده‌م، هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان حوكمه‌كه‌م ده‌بینن كه‌ جێبه‌جێم كرد و كه‌ ده‌ستم خسته‌ سه‌ریان.
22
جا له‌و ڕۆژه‌ به‌دواوه‌ بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیل ده‌زانن كه‌ من یه‌زدانم و خودای ئه‌وانم.
23
هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانیش ده‌زانن كه‌ بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیل له‌به‌ر تاوانی خۆیان به‌ دیل گیران و ڕاپێچ كران، چونكه‌ ناپاكییان له‌گه‌ڵ كردم. منیش ڕووی خۆمم لێیان وه‌رگێڕا و ئه‌وانم دایه‌ ده‌ست دوژمنه‌كانیانه‌وه‌، هه‌موو به‌ شمشێر كوژران.
24
به‌گوێره‌ی گڵاوی و یاخیبوونه‌كانی خۆیان له‌گه‌ڵیان جوڵامه‌وه‌ و ڕووی خۆمم لێیان وه‌رگێڕا.
25
«له‌به‌ر ئه‌وه‌ یه‌زدانی باڵاده‌ست ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ئێستا ڕاپێچكراوه‌كانی یاقوب ده‌گه‌ڕێنمه‌وه‌، به‌زه‌ییم به‌ هه‌موو بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیلدا دێته‌وه‌، بۆ ناوی پیرۆزی خۆم دڵگه‌رم ده‌بم.
26
جا ڕیسوایی خۆیان هه‌ڵده‌گرن له‌گه‌ڵ هه‌موو ناپاكییه‌كه‌یان كه‌ له‌گه‌ڵ من ناپاكییان پێكرد، كاتێك به‌ ئاسووده‌یی و به‌بێ ترس له‌ خاكه‌كه‌ی خۆیان نیشته‌جێ بوون.
27
ئه‌و كاته‌ی له‌نێو گه‌لان له‌ خاكی دوژمنه‌كانیانه‌وه‌ كۆیان ده‌كه‌مه‌وه‌ و ده‌یانهێنمه‌وه‌، له‌به‌رچاوی نه‌ته‌وه‌كان پیرۆزی خۆم له‌نێویاندا ده‌رده‌خه‌م.
28
ئه‌وسا ده‌زانن كه‌ من یه‌زدانی په‌روه‌ردگاریانم، چونكه‌ هه‌رچه‌نده‌ بۆ ناو نه‌ته‌وه‌كان ڕاپێچم كردن، به‌ڵام پاشان كۆیان ده‌كه‌مه‌وه‌ و ده‌یاننێرمه‌وه‌ خاكه‌كه‌ی خۆیان، چیتر كه‌سیان له‌وێ به‌جێناهێڵم.
29
چیتر ڕووی خۆمیان لێ وه‌رناگێڕم، چونكه‌ ڕۆحی خۆم به‌سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیلدا ده‌ڕێژم. ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانی باڵاده‌سته‌.»
  1. a. 39‏:11 واته‌ ڕێبواران.
  2. b. 39‏:11 ده‌ریای مردوو: عیبری ده‌ریا.
  3. c. 39‏:16 هه‌مۆنا: واته‌ ئاپۆره‌ی سوپا.
  4. d. 39‏:19 پیو: واته‌ به‌ز.