عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ئاوات بۆ چیاکانی ئیسرائیل 
1
«ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بۆ چیاکانی ئیسرائیل بکە و بڵێ: ”هۆ چیاکانی ئیسرائیل گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن،
2
یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: دوژمن سەبارەت بە ئێوە گوتی: ’هۆیها! نزرگەی بەرزاییە دێرینەکان بوونە موڵکی ئێمە.‘ “
3
لەبەر ئەوە پێشبینی بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی لە هەموو لایەکەوە وێرانیان کردن و ڕاویان نان، هەتا ئێوە ببنە موڵکی پاشماوەی ئەو نەتەوانەی کە ماونەتەوە و لەسەر هەموو زمانێک بوون و خەڵک زەمی کردن،
4
لەبەر ئەوە ئەی چیاکانی ئیسرائیل، گوێ لە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەست بگرن، یەزدانی باڵادەست قسە بۆ چیا و گردەکان، شیو و دۆڵەکان، کەلاوە چۆڵەکان و شارۆچکە بەجێماوەکان دەکات کە بوونە مایەی تاڵانی و سووکایەتی پێکردن لەلایەن ئەو نەتەوانەی کە لە دەوروبەرتان ماونەتەوە.
5
یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە ئاگری ئیرەیی خۆمدا، لە دژی پاشماوەی ئەو نەتەوانەی کە ماونەتەوە و لە دژی هەموو ئەدۆم قسەم کرد، چونکە بەوپەڕی خۆشی و قینی دڵیانەوە خاکەکەی منیان کردە موڵکی خۆیان بۆ تاڵانکردنی لەوەڕگاکانی.“
6
لەبەر ئەوە پێشبینی لەسەر خاکی ئیسرائیل بکە و بە چیا و گردەکان، بە شیو و دۆڵەکان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە دڵگەرمی و لە تووڕەیی خۆمدا قسەم کرد، لەبەر ئەوەی کەوتنە بەر تانە و تەشەری نەتەوەکان.
7
لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من خۆم سوێند دەخۆم کە ئەو نەتەوانەی کە لە دەوروبەرتانن خۆیان بکەونە بەر تانە و تەشەر.
8
«”بەڵام ئەی چیاکانی ئیسرائیل، ئێوە لقەکانی خۆتان دەڕوێنن و بەروبوومی خۆتان بۆ ئیسرائیلی گەلی من دەگرن، چونکە هاتنیان نزیکە.
9
من بۆ ئێوەم و ئاوڕتان لێ دەدەمەوە، جا دەکێڵدرێن و دەچێنرێن و
10
خەڵکتان لەسەر زۆر دەکەم، هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل، جا شارۆچکەکان ئاوەدان دەکرێنەوە و کەلاوەکان بنیاد دەنرێنەوە.
11
خەڵک و ئاژەڵتان لەسەر زۆر دەکەم، جا زۆر دەبن و بە بەروبووم دەبن و وەک دۆخی جارانتان خەڵکتان تێدا نیشتەجێ دەکەم، زیاتر لە پێشینانتان بۆتان باش دەبم، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.
12
وا لە ئیسرائیلی گەلی خۆم دەکەم بەسەرتاندا بێن و بچن، جا دەتانخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان و دەبن بە میراتیان و چیتر ئێوە لە ڕۆڵەکانیان بێبەش ناکەن.
13
«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی بە ئێوە دەڵێن، ’ئێوە مرۆڤ دەخۆن و نەتەوەکەی خۆتان لە ڕۆڵەکانیان بێبەش دەکەن،‘
14
لەبەر ئەوە چیتر ئێوە مرۆڤ ناخۆن و چیتر جەرگی نەتەوەکەی خۆتان ناسووتێنن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
15
وا دەکەم ئەو گاڵتەجاڕییەی کە نەتەوەکان پێتان دەکەن چیتر ئێوە نەیبیستن، هەروەها چیتر تانە و تەشەری گەلان هەڵناگرن و چیتر نابنە هۆی کەوتنی نەتەوەکەتان. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
بەڵێنی گەڕانەوە 
16
هەروەها فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
17
«ئەی کوڕی مرۆڤ، کاتێک بنەماڵەی ئیسرائیل لە خاکی خۆیاندا نیشتەجێ بوون، بە ڕەفتار و کردەوەکانیان خۆیان گڵاوکرد. ڕەفتاریان لەبەرچاوی من وەک خوێنلێچوونی مانگانەی ئافرەتێک بوو.
18
جا تووڕەیی خۆمم بەسەریاندا ڕژاند، لەبەر ئەو خوێنەی لەسەر خاکەکە ڕژاندیان و بە بتەکانیان گڵاویان کرد.
19
بەناو نەتەوەکاندا پەرتەوازەم کردن و بەناو خاکەکاندا بڵاو بوونەوە. بەگوێرەی ڕەفتار و کردەوەکانیان حوکمم دان.
20
جا چوونە هەرکوێیەک لەنێو نەتەوەکان ناوی پیرۆزی منیان زڕاند، چونکە سەبارەت بەوان گوتراوە: ”ئا ئەمانەن گەلی یەزدان، کە لە خاکەکەی ئەوەوە دەرکراون.“
21
جا من خەمی ناوی پیرۆزی خۆمم خوارد، ئەوەی کە بنەماڵەی ئیسرائیل زڕاندیان لەنێو ئەو نەتەوانەی کە بۆی چوون.
22
«لەبەر ئەوە بە بنەماڵەی ئیسرائیل بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، من لەبەر ئێوە ئەمە ناکەم، بەڵکو لەبەر ناوی پیرۆزی خۆم کە لەنێو نەتەوەکان بۆ هەرکوێیەک چوون زڕاندتان.
23
جا پیرۆزی ناوی گەورەی خۆم دەردەخەم کە لەنێو نەتەوەکان زڕێنراوە، ئەوەی ئێوە لە ناوەڕاستیان زڕاندتان، جا نەتەوەکان دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک لەبەرچاویان لە ئێوەدا پیرۆزی خۆم دەردەخەم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
24
«”لەنێو نەتەوەکان دەتانبەم و لە هەموو خاکەکانەوە کۆتان دەکەمەوە و دەتانهێنمەوە خاکەکەتان.
25
ئاوێکی پاکتان بەسەردا دەپرژێنم و لە هەموو گڵاوییەکانتان پاک دەبنەوە، لە هەموو بتەکانتان پاکتان دەکەمەوە.
26
دڵێکی نوێتان دەدەمێ و ڕۆحێکی نوێ دەخەمە ناوتانەوە، ئەو دڵە بەردینەتان لێ دەکەمەوە و دڵێکی گۆشتینتان دەدەمێ.
27
ڕۆحی خۆم دەخەمە ناوتانەوە، واتان لێ دەکەم کە ڕێگای فەرزەکانم پەیڕەو بکەن و حوکمەکانم بەجێبهێنن و کاریان پێ بکەن.
28
لەو خاکەدا نیشتەجێ دەبن کە بە باوباپیرانتانم دابوو، دەبن بە گەلی من، منیش دەبمە خودای ئێوە.
29
لە هەموو گڵاوییەکانتان ڕزگارتان دەکەم. بانگی دانەوێڵە دەکەم، زۆری دەکەم و قاتوقڕی نانێرمە سەرتان.
30
بەری دار و بەروبوومی کێڵگە زۆر دەکەم، بۆ ئەوەی لەمەودوا لەنێو نەتەوەکان بەهۆی قاتوقڕییەوە ئابڕووتان نەچێت.
31
ئەو کاتە ڕێگا خراپەکانی خۆتان و کردەوە ناپەسەندەکانی خۆتان دێتەوە یادتان، لەبەر تاوان و لەسەر نەریتە گڵاوەکانتان قێزتان لە خۆتان دەبێتەوە.
32
با لەلاتان زانراو بێت، لەبەر ئێوە نایکەم. جا ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، لە ڕەفتارەکانتان شەرمەزار و ڕیسوا بن! ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
33
«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەو ڕۆژەی لە هەموو تاوانەکانتان پاکتان دەکەمەوە، لە شارۆچکەکان نیشتەجێتان دەکەم و کەلاوەکانتان بنیاد دەنرێنەوە.
34
خاکە وێرانەکە دەکێڵدرێت، لە جیاتی ئەوەی لەبەرچاوی هەموو ڕێبوارێک وێرانە بوو.
35
جا دەڵێن: ’ئەم خاکە وێرانە وەک باخچەی عەدەنی لێ هاتووە، ئەو شارانەش کە کاول و چۆڵ و ڕووخێنراو بوون، ئێستا قەڵابەند و ئاوەدانن.‘
36
ئیتر ئەو نەتەوانەی لە دەوروبەرتان ماونەتەوە دەزانن کە من یەزدانم، ڕووخاوەکەم بنیاد ناوە و چۆڵکراوەکەم چاندەوە. من یەزدانم، ئەوەم فەرموو، هەروەها بەجێی دەهێنم.“
37
«یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: دوای ئەمە لەلایەن بنەماڵەی ئیسرائیلەوە داوام لێ دەکرێت و منیش لە پێناوی ئەوان ئەنجامی دەدەم، وەک مەڕ خەڵکەکەیان زۆر دەکەم،
38
وەک مێگەلی تەرخانکراو، وەک مێگەلی ئۆرشەلیم لە جەژنەکانی خۆیدا، شارە کاولەکان بە هەمان شێوە بە تەواوەتی ئاوەدان دەبن، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.»