عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
دۆڵی ئێسكه‌ وشكه‌كان 
1
ڕۆحی یه‌زدان هاته‌ سه‌رم، جا یه‌زدان به‌ ڕۆحی خۆی منی هێنایه‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌ ناوه‌ڕاستی دۆڵێك داینام، ئه‌ویش پڕ بوو له‌ ئێسك.
2
منی به‌ناو ئێسكه‌كاندا برد، بینیم كه‌ زۆر وشك بوون و له‌ زۆریشدا ڕووی دۆڵه‌كه‌یان داپۆشیبوو.
3
له‌و كاته‌دا لێی پرسیم: «ئه‌ی كوڕی مرۆڤ، ئایا ئه‌م ئێسكانه‌ زیندوو ده‌بنه‌وه‌؟»
منیش گوتم: «ئه‌ی یه‌زدانی باڵاده‌ست، تۆ ده‌زانیت.»
4
پێی فه‌رمووم: «پێشبینی له‌سه‌ر ئه‌م ئێسكانه‌ بكه‌ و پێیان بڵێ: ”ئه‌ی ئێسكه‌ وشكه‌كان، گوێ له‌ فه‌رمایشتی یه‌زدان بگرن:
5
یه‌زدانی باڵاده‌ست ئه‌مه‌ به‌م ئێسكانه‌ ده‌فه‌رموێت: من گیانتان ده‌كه‌م به‌ به‌ردا و زیندوو ده‌بنه‌وه‌.
6
ده‌مارتان ده‌ده‌م به‌سه‌ردا، به‌ گۆشت داتانده‌پۆشم، پێستتان به‌سه‌ردا هه‌ڵده‌كێشم، گیانتان به‌ به‌ردا ده‌كه‌م و زیندوو ده‌بنه‌وه‌، ئیتر ئێوه‌ ده‌زانن كه‌ من یه‌زدانم.“»
7
منیش چۆن فه‌رمانم پێ كرابوو به‌م جۆره‌ پێشبینیم كرد. له‌ كاتی پێشبینیكردندا، گوێم له‌ ده‌نگێك بوو، له‌ناكاو خشه‌خشێك هات، ئێسكه‌كان لێك نزیكبوونه‌وه‌، هه‌ر ئێسكه‌ و بۆ لای ئێسكه‌كه‌ی خۆی.
8
سه‌یرم كرد، ئه‌وه‌تا ده‌مار و گۆشت دایپۆشین و پێست له‌ سه‌ره‌وه‌ به‌سه‌ریدا هه‌ڵكێشرا، به‌ڵام هیچ گیانیان تێدا نه‌بوو.
9
ئینجا پێی فه‌رمووم: «پێشبینی بۆ ڕۆح بكه‌، ئه‌ی كوڕی مرۆڤ، پێشبینی بكه‌ و به‌ ڕۆح بڵێ: ”یه‌زدانی باڵاده‌ست ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ئه‌ی ڕۆح، وه‌ره‌ له‌ هه‌ر چوار لاوه‌ هه‌ڵبكه‌، له‌و لایانه‌ی كه‌ بای لێ هه‌ڵده‌كات، فوو به‌ناو ئه‌م كوژراوانه‌دا بكه‌ هه‌تا زیندوو ببنه‌وه‌.“»
10
منیش به‌و جۆره‌ی فه‌رمانی پێ كردم پێشبینیم كرد، ڕۆحیان به‌ به‌ردا هات و زیندوو بوونه‌وه‌ و هه‌ستانه‌ سه‌رپێ، له‌شكرێكی زۆر گه‌وره‌ بوون.
11
ئینجا پێی فه‌رمووم: «ئه‌ی كوڕی مرۆڤ، ئه‌م ئێسكانه‌ هه‌موو بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیلن، كه‌ ده‌ڵێن: ”ئێسكمان وشك بوو و ئومێدمان نه‌ما و بڕاینه‌وه‌.“
12
له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێشبینی بكه‌ و پێیان بڵێ: ”یه‌زدانی باڵاده‌ست ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ئه‌ی گه‌له‌كه‌م، من گۆڕه‌كانتان ده‌كه‌مه‌وه‌ و له‌ گۆڕه‌كانتان ده‌رتانده‌هێنم، ده‌تانهێنمه‌ خاكی ئیسرائیل.
13
ئه‌ی گه‌له‌كه‌م، ئه‌و كاته‌ ئێوه‌ ده‌زانن كه‌ من یه‌زدانم، كاتێك گۆڕه‌كانتان ده‌كه‌مه‌وه‌ و ئێوه‌ له‌ گۆڕه‌كانتان ده‌رده‌هێنم.
14
ڕۆحی خۆم ده‌كه‌م به‌ به‌رتاندا و زیندوو ده‌بنه‌وه‌ و له‌ خاكی خۆتان داتانده‌نێم، ئیتر ئێوه‌ ده‌زانن كه‌ من یه‌زدانم، ئه‌وه‌م فه‌رموو، هه‌روه‌ها به‌جێی ده‌هێنم. ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.“»
یه‌ك گه‌ل له‌ سایه‌ی یه‌ك پاشادا 
15
فه‌رمایشتی یه‌زدانم بۆ هات، پێی فه‌رمووم:
16
«ئه‌ی كوڕی مرۆڤ، دارده‌ستێك ببه‌ و له‌سه‌ری بنووسه‌: ”دارده‌ستی یه‌هودا و نه‌وه‌كانی ئیسرائیل و ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵیدا یه‌كیانگرتووه‌.“ هه‌روه‌ها دارده‌ستێكی دیكه‌ش ببه‌ و له‌سه‌ری بنووسه‌: ”بۆ یوسف، واته‌ دارده‌ستی ئه‌فرایم و هه‌موو بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیل كه‌ له‌گه‌ڵیدا یه‌كیانگرتووه‌.“
17
بۆ ئه‌وه‌ی له‌ناو ده‌ستت ببن به‌ یه‌ك، لێكیان نزیك بكه‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی یه‌ك دارده‌ست بن.
18
«كاتێك هاونیشتیمانیانت لێت ده‌پرسن: ”پێمان ناڵێیت مه‌به‌ستت چییه‌ له‌مه‌؟“
19
پێیان بڵێ: ”یه‌زدانی باڵاده‌ست ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: من دارده‌سته‌كه‌ی یوسف و هۆزه‌كانی ئیسرائیل كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ودا یه‌كیانگرتووه‌، كه‌ ئێستا له‌ ده‌ستی ئه‌فرایمه‌، ده‌به‌م و دارده‌سته‌كه‌ی یه‌هوداش ده‌خه‌مه‌ پاڵی و ده‌یانكه‌مه‌ یه‌ك، جا له‌ ده‌ستمدا ده‌بنه‌ یه‌ك دارده‌ست.“
20
ئه‌و دوو دارده‌سته‌ی كه‌ له‌سه‌ریانت نووسیوه‌ له‌به‌رچاوی ئه‌وان هه‌ڵبگره‌.
21
پێیان بڵێ: ”یه‌زدانی باڵاده‌ست ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: من نه‌وه‌ی ئیسرائیل ده‌رده‌هێنم له‌ناو هه‌موو ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی بۆ ناویان چوون. له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ كۆیان ده‌كه‌مه‌وه‌، ده‌یانهێنمه‌وه‌ خاكه‌كه‌ی خۆیان.
22
له‌ناو خاكه‌كه‌ له‌سه‌ر چیاكانی ئیسرائیل ده‌یانكه‌مه‌ یه‌ك گه‌ل. ته‌نها یه‌ك پاشا پاشایه‌تی به‌سه‌ر هه‌موویانه‌وه‌ ده‌كات، چیتر نابنه‌ دوو گه‌ل و دابه‌ش نابن بۆ دوو پاشایه‌تی.
23
له‌مه‌ودوا به‌ بته‌كانیان و به‌ وێنه‌ قێزه‌ونه‌كانیان و به‌ هیچ یاخیبوونێكیان گڵاو نابن، چونكه‌ من له‌ هه‌موو گوناهه‌كانیان و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌كانیان ڕزگاریان ده‌كه‌م و پاكیان ده‌كه‌مه‌وه‌. ئیتر ئه‌وان ده‌بن به‌ گه‌لی من، منیش ده‌بم به‌ خودای ئه‌وان.
24
«”داودی به‌نده‌شم ده‌بێته‌ پاشایان، به‌ هه‌موویان یه‌ك شوانیان ده‌بێت، ئه‌وانیش ڕێگای حوكمه‌كانم په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن و فه‌رزه‌كانم به‌جێده‌هێنن و كاریان پێ ده‌كه‌ن.
25
له‌و خاكه‌دا نیشته‌جێ ده‌بن كه‌ دامه‌ یاقوبی به‌نده‌م، ئه‌وه‌ی باوباپیرانتان تێیدا نیشته‌جێ بوون. جا خۆیان و منداڵ و نه‌وه‌كانیان بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ تێیدا نیشته‌جێ ده‌بن، داودی به‌نده‌شم بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ ده‌بێته‌ میریان.
26
په‌یمانی ئاشتییان له‌گه‌ڵ ده‌به‌ستم كه‌ بۆیان ده‌بێته‌ په‌یمانێكی هه‌تاهه‌تایی. جێگیریان ده‌كه‌م و ژماره‌یان زۆر ده‌كه‌م، بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ پیرۆزگای خۆم له‌ناوه‌ڕاستیان داده‌نێم.
27
نشینگه‌كه‌م له‌ناویان ده‌بێت، من ده‌بم به‌ خودای ئه‌وان، ئه‌وانیش ده‌بن به‌ گه‌لی من.
28
جا نه‌ته‌وه‌كان ده‌زانن كه‌ من یه‌زدانی پیرۆزكه‌ری ئیسرائیلم، كه‌ پیرۆزگاكه‌م بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ له‌ناوه‌ڕاستیاندا ده‌بێت.“»