عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - یەزدان دەبێتە شوانی ئیسرائیل
 - 1
 - فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
 - 2
 - «ئەی کوڕی مرۆڤ، لەسەر شوانەکانی ئیسرائیل پێشبینی بکە و پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: قوڕبەسەر شوانەکانی ئیسرائیل، ئەوانەی هەر خەریکی خۆیانن، ئایا نابێت شوانەکان مێگەل بلەوەڕێن؟
 - 3
 - ئێوە چەورییەکەی دەخۆن و خورییەکەی لەبەر دەکەن و کامەشیان قەڵەوە سەری دەبڕن، بەڵام مێگەل نالەوەڕێنن.
 - 4
 - لاوازتان بەهێز نەکرد، نەخۆشتان تیمار نەکرد، شکاوتان نەگرتەوە، دەرکراوتان نەگەڕاندەوە و بەدوای ونبوودا نەگەڕان، بەڵکو توندوتیژی خۆتان بەسەریاندا سەپاند.
 - 5
 - جا بەبێ شوان پەرتەوازە بوون و بە پەرتەوازەیی بە نێچیری هەموو ئاژەڵێکی کێوی بوون.
 - 6
 - مێگەلی من بەسەر هەموو چیا و گردێکی بەرزدا وێڵ بوون، بەسەر هەموو ڕووی زەویدا پەرتەوازە بوون و کەسیش نەبوو لێیان بپرسێت و بەدوایاندا بگەڕێت.
 - 7
 - «”لەبەر ئەوە ئەی شوانەکان، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن:
 - 8
 - یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، لەبەر ئەوەی مێگەلی من بەبێ شوان بوو بە تاڵانی، هەتا ببێتە نێچیری هەموو ئاژەڵێکی کێوی، هەروەها شوانەکانم لە مێگەلی منیان نەپرسی، هەر خەریکی خۆیان بوون و مێگەلی منیان نەلەوەڕاند،
 - 9
 - ئەی شوانەکان لەبەر ئەوە گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن:
 - 10
 - یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە دژی شوانەکانم و داوای مێگەلی خۆم لە دەستیان دەکەم، لە لەوەڕاندنی مێگەلەکەم ڕایاندەگرم، لەمەودوا شوانەکان خەریکی خۆیان نابن، فریای مێگەلی خۆم دەکەوم لەناو دەمیان، ئیتر نابێت بە خۆراکیان.
 - 11
 - «”چونکە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من بەدوای مێگەلی خۆمدا دەگەڕێم و بەسەریان دەکەمەوە،
 - 12
 - وەک چۆن شوان مێگەلە پەرتەوازەکەی خۆی بەسەردەکاتەوە کاتێک لەنێویان دەبێت، ئاوا منیش مێگەلی خۆم بەسەردەکەمەوە و فریایان دەکەوم لە هەموو ئەو شوێنانەی کە لە ڕۆژی تەمومژدا بۆی پەرتەوازە بوون.
 - 13
 - لەنێو گەلان دەریاندەهێنم و لە خاکەکان کۆیان دەکەمەوە، دەیانهێنمەوە خاکی خۆیان، لەسەر چیاکانی ئیسرائیل و لە شیوەکان و لەناو هەموو ئاوەدانییەکانی خاکەکە دەیانلەوەڕێنم.
 - 14
 - لە لەوەڕگایەکی چاک دەیانلەوەڕێنم و پاوەنیان لە چیای بەرزی ئیسرائیل دەبێت و لەوێ لە پاوەنە باشەکان کاوێژ دەکەن، لە لەوەڕگا بەپیتەکان لەسەر چیاکانی ئیسرائیل دەلەوەڕێن.
 - 15
 - من مەڕی خۆم دەلەوەڕێنم هەتا کاوێژ دەکەن، یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت،
 - 16
 - بەدوای ونبوودا دەگەڕێم، دەرکراو دەگەڕێنمەوە، شکاو دەگرمەوە، نەخۆش بەهێز دەکەم، قەڵەو و بەهێز لەناودەبەم و بە دادپەروەری شوانایەتییان دەکەم.
 - 17
 - «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئێوەش ئەی مێگەلەکەم، سەیر بکەن، من لەنێوان مەڕێک و مەڕێکی دیکە دادوەری دەکەم، لەنێوان بەران و نێرییەکان.
 - 18
 - ئایا بەس نییە بەلاتانەوە لە لەوەڕگای باش بلەوەڕێن، لەوەڕگاکانی دیکەش بە پێ دەپەستنەوە؟ ئایا بەس نییە کە لە ئاوە سازگارەکان بخۆنەوە، ئەوەی دەمێنێتەوە بە پێتان دەیشڵەقێنن
 - 19
 - هەتا مێگەلی من لە پێپەستی ئێوە بخوات و لە ئاوی شڵەقاوی پێیەکانتان بخواتەوە؟
 - 20
 - «”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمەیان پێ دەفەرموێت: من لەنێوان مەڕی قەڵەو و مەڕی لاواز دادوەری دەکەم.
 - 21
 - لەبەر ئەوەی ئێوە هەموو مەڕە لاوازەکان بە کەلەکەتان بەلاوە دەنێن و بە شانیشتان پاڵیان پێوە دەنێن و بە قۆچتان لێیان دەدەن هەتا دووریان بخەنەوە و پەرتەوازەیان بکەن،
 - 22
 - من فریای مێگەلی خۆم دەکەوم و لەمەودوا نابێت بە تاڵانی، دادوەریش لەنێوان مەڕێک و مەڕێکی دیکەدا دەکەم.
 - 23
 - یەک شوانی بۆ دادەنێم، کە داودی بەندەمە، ئەو دەیلەوەڕێنێت و ئەو دەبێت بە شوانی.
 - 24
 - من یەزدانم دەبم بە خودایان و داودی بەندەشم لەنێویاندا دەبێت بە سەرۆک، من یەزدانم، ئەوەم فەرموو.
 - 25
 - «”پەیمانی ئاشتییان لەگەڵ دەبەستم و ئاژەڵە دڕندەکان لە خاکەکە دادەماڵم، جا بە ئاسوودەیی لە چۆڵەوانی نیشتەجێ دەبن و لەناو دارستانەکان دەنوون.
 - 26
 - ئەوان و دەوروبەری گردەکەم بەرەکەتدار دەکەم و لە کاتی خۆیدا بارانیان بەسەردا دەبارێنم و بارانی بەرەکەت دەبێت.
 - 27
 - درەختی دەشتودەر بەری خۆی دەدات، زەویش بەروبوومی خۆی دەدات و لە خاکەکەیان ئاسوودە دەبن. کاتێک بەندی نیرەکەیان دەشکێنم و لە دەستی ئەوانە ڕزگاریان دەکەم کە کردبوونیان بە کۆیلە، ئەو کاتە دەزانن کە من یەزدانم.
 - 28
 - لەمەودوا نابن بە تاڵانی نەتەوەکان و گیانلەبەرەکانی خاکەکە نایانخۆن، بەڵکو بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبن و کەس نایانترسێنێت.
 - 29
 - نەمامێکیان بۆ دەڕوێنم بۆ ناوبانگ، لەمەودوا لە خاکەکەدا نابنە نێچیری قاتوقڕی و چیتر نابنە مایەی تانە و تەشەری نەتەوەکان.
 - 30
 - ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانی پەروەردگاریانم و لەگەڵیاندام، بنەماڵەی ئیسرائیلیش گەلی منن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
 - 31
 - ئێوەش ئەی مەڕەکانم، مەڕەکانی لەوەڕگاکەم، ئێوە مرۆڤن و من خودای ئێوەم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
 

