عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
شیوه‌نێك بۆ سور 
1
فه‌رمایشتی یه‌زدانم بۆ هات، پێی فه‌رمووم:
2
«ئه‌ی كوڕی مرۆڤ، شیوه‌نێك بۆ سور بگێڕه‌.
3
به‌ سور بڵێ: ئه‌ی نیشته‌جێ له‌لای گه‌رووی ده‌ریا، ئه‌وه‌ی له‌ زۆربه‌ی كه‌ناره‌كان بازرگانی له‌گه‌ڵ گه‌لان ده‌كات، یه‌زدانی باڵاده‌ست ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«”ئه‌ی سور، تۆ گوتت
’من ته‌واو جوانم.‘
4
سنووره‌كانت له‌ناو جه‌رگه‌ی ده‌ریاكان،
بنیادنه‌رانت جوانی تۆیان ته‌واو كرد.
5
هه‌موو ته‌خته‌ داره‌كانیان
له‌ دار سنه‌وبه‌ری سنیر[a] بۆت دروستكرد.
له‌ لوبنانه‌وه‌ دارێكی ئورزیان هێنا
تاكو داری ئاڵات بۆ دروستبكه‌ن.
6
له‌ دار به‌ڕووه‌كانی باشان
سه‌وڵه‌كانی تۆیان دروستكرد.
ته‌خته‌داری درێژی كه‌شتییه‌كه‌ت له‌ داری سه‌روون له‌ كه‌ناره‌كانی قوبرسه‌وه‌ هێنراون،
به‌ عاج ڕازاوه‌ن.
7
كه‌تانی نه‌خشێنراوی میسر
چارۆكه‌كه‌ته‌ هه‌تا بۆت ببێته‌ ئاڵا.
قوماشی مۆر و ئه‌رخه‌وانی له‌ كه‌ناره‌كانی ئه‌لیشایه‌وه‌
چه‌ترت بوون.
8
خه‌ڵكی سه‌یدا و ئه‌رڤاد
سه‌وڵیان بۆ لێده‌دایت.
ئه‌ی سور، پیاوه‌ داناكانت كه‌ له‌ناوتدا بوون،
ئه‌وان كه‌شتیوانت بوون.
9
پیرانی جوبه‌یل[b] و داناكانی له‌سه‌ر پشتی تۆ بوون،
كون و كه‌لێنه‌كانیان بۆت پڕ ده‌كرده‌وه‌.
هه‌موو كه‌شتییه‌كانی ده‌ریا و كه‌شتیوانه‌كانیان هاتنه‌ ته‌نیشتت،
بۆ بازرگانیكردن به‌ كه‌لوپه‌له‌كانت.
10
«”پیاوانی فارس و لوود و پووت
له‌ ڕیزی سوپاكه‌ت جه‌نگاوه‌رت بوون،
قه‌ڵغان و كڵاوی ئاسنینیان له‌سه‌ر شووراكانت هه‌ڵواسی،
ئه‌وانه‌ شكۆیان به‌ تۆ به‌خشی.
11
نه‌وه‌ی ئه‌رڤاد له‌گه‌ڵ سوپاكه‌ت
به‌ چوارده‌ورتدا له‌سه‌ر شووراكانت بوون،
گه‌مادییه‌كان له‌ناو قولله‌كانت بوون،
قه‌ڵغانه‌كانیان به‌ چوارده‌ورتدا له‌سه‌ر شووراكانت هه‌ڵواسی،
ئه‌وانه‌ جوانی تۆیان ته‌واو كرد.
12
«”ته‌رشیش به‌هۆی ده‌وڵه‌مه‌ندی و زۆری كاڵاكانت بازرگانی له‌گه‌ڵ ده‌كردیت، زیو و ئاسن و ته‌نه‌كه‌ و قورقوشمی به‌ كاڵاكانت ئاڵوگۆڕ ده‌كرد.
13
«”یۆنان و توبال و مه‌شه‌ك بازرگانییان له‌گه‌ڵ ده‌كردیت، كۆیله‌ و كه‌لوپه‌لی بڕۆنزیان به‌ كاڵاكانت ئاڵوگۆڕ ده‌كرد.
14
«”دانیشتووانی بێت‌تۆگه‌رما ئه‌سپ و ئه‌سپی سواری و هێستریان به‌ كاڵاكانت ئاڵوگۆڕ ده‌كرد.
15
«”خه‌ڵكی ڕودس[c] بازرگانییان له‌گه‌ڵ ده‌كردیت، زۆر له‌ كه‌ناره‌كان بازاڕی فرۆشتنی كاڵاكانی تۆ بوون، له‌ جیاتی نرخه‌كه‌ی قۆچی عاج و داری ئه‌به‌نوسیان پێده‌دایت.
16
«”ئارامییه‌كان له‌به‌ر زۆری كاره‌ ده‌ستكرده‌كانت بازرگانییان له‌گه‌ڵ ده‌كردیت، به‌رده‌ پیرۆزه‌،[d] قوماشی ئه‌رخه‌وانی، كاری ئه‌ته‌مین[e] ، كه‌تانی ناسك، مه‌رجان و یاقووتیان[f] به‌ كاڵاكانت ئاڵوگۆڕ ده‌كرد.
17
«”یه‌هودا و خاكی ئیسرائیل بازرگانییان له‌گه‌ڵ ده‌كردیت، گه‌نمی مینیت و شیرینه‌مه‌نی و هه‌نگوین و زه‌یت و مه‌رهه‌می هه‌تووانیان[g] به‌ كاڵاكانت ئاڵوگۆڕ ده‌كرد.
18
«”دیمه‌شق بازرگانی له‌گه‌ڵ ده‌كردیت به‌هۆی زۆری كاره‌ ده‌ستكرده‌كانت و فره‌یی سامانه‌كه‌ت، شه‌رابی حه‌لبۆن و خوری چاحه‌ریان له‌گه‌ڵت ئاڵوگۆڕ ده‌كرد.
19
«”دانییه‌كان و یۆنانییه‌كان له‌ ئوزال ئاڵوگۆڕیان به‌ كاڵاكانت كرد، ئاسنی كوتراو و كاسیا[h] و قامیشی بۆنخۆشیان له‌گه‌ڵ كه‌لوپه‌له‌كانت ئاڵوگۆڕ ده‌كرد.
20
«”دیدان بازرگانی له‌گه‌ڵ ده‌كردیت بۆ زینی لباد، بۆ سواربوون.
21
«”عه‌ره‌بستان و هه‌موو میره‌كانی قێدار بازرگانییان له‌گه‌ڵ ده‌كردیت، له‌ به‌رخ و به‌ران و نێری، به‌مه‌ بازرگانییان له‌گه‌ڵ كردیت.
22
«”بازرگانه‌كانی شه‌با و ڕه‌عما بازرگانییان له‌گه‌ڵ ده‌كردیت، زێڕ و هه‌موو جۆره‌ بۆنێكی خۆش و به‌رده‌ گرانبه‌هاكانیان له‌ باشترین جۆر له‌گه‌ڵ كاڵاكانت ئاڵوگۆڕ ده‌كرد.
23
«”حه‌ڕان و كه‌نێ و عه‌ده‌ن و بازرگانه‌كانی شه‌با و ئه‌شوور و كیلمه‌د بازرگانییان له‌گه‌ڵ ده‌كردیت.
24
ئه‌وانه‌ له‌ بازاڕه‌كانت به‌ جل و به‌رگی جوان، قوماشی مۆر، كاری ئه‌ته‌مین، به‌ڕه‌ی چنراو و ڕه‌نگین به‌ ده‌زووی ڕستراو و پته‌و بازرگانییان له‌گه‌ڵ كردیت.
25
«”كه‌شتییه‌كانی ته‌رشیش كاڵاكانت بار ده‌كه‌ن.
له‌ باری گران له‌ناو جه‌رگه‌ی ده‌ریاكان پڕیت.
26
ئه‌وانه‌ی سه‌وڵت بۆ لێده‌ده‌ن
بۆ ناو ئاوه‌ زۆره‌كان ده‌تبه‌ن،
به‌ڵام بای ڕۆژهه‌ڵات له‌ناو
جه‌رگه‌ی ده‌ریاكان تێكتده‌شكێنێت.
27
سامان و كاڵا و كه‌لوپه‌له‌كانت،
كه‌شتیوان و ده‌ریاوان و وه‌ستاكانت،
ئاڵوگۆڕكه‌ران به‌ كه‌لوپه‌له‌كه‌ت، هه‌موو جه‌نگاوه‌ره‌كانت كه‌ له‌ناو تۆدان،
هه‌موو سه‌رنشینه‌كانت كه‌ له‌ناوه‌ڕاستی تۆن،
له‌ ڕۆژی ژێر ئاو كه‌وتنت
ده‌كه‌ونه‌ ناو جه‌رگه‌ی ده‌ریاوه‌.
28
له‌ ده‌نگی هاواری كه‌شتیوانه‌كانت
كه‌ناره‌كان ده‌له‌رزن.
29
هه‌موو سه‌وڵلێده‌ر و كه‌شتیوانه‌ به‌ ئه‌زموونه‌كان و
كه‌شتیوانه‌ ئاساییه‌كانی ده‌ریا،
له‌ كه‌شتییه‌كانیان داده‌به‌زن و
له‌سه‌ر كه‌نار ڕاده‌وه‌ستن،
30
ده‌نگیان بۆت به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌ و
به‌ تاڵییه‌وه‌ ده‌قیژێنن،
خۆڵ ده‌كه‌ن به‌سه‌ر سه‌ری خۆیاندا و
له‌ناو خۆڵه‌مێش خۆیان ده‌گه‌وزێنن.
31
بۆ تۆ پرچی سه‌ریان ده‌تاشن و
جلوبه‌رگی گوش ده‌پۆشن.
به‌ تاڵی گیانه‌وه‌ گریانێكی تاڵ
بۆت ده‌گریێن.
32
له‌ كاتی گریانیان لاوانه‌وه‌یه‌ك به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌،
بۆت ده‌لاوێننه‌وه‌:
’كێ وه‌ك سور له‌ناو جه‌رگه‌ی ده‌ریا
بێده‌نگی نواند؟‘
33
كاتێك كاڵاكانت به‌ ده‌ریاكاندا نارده‌ ده‌ره‌وه‌،
گه‌لانێكی زۆرت تێر كرد.
به‌ زۆری سامان و كه‌لوپه‌له‌كانت
پاشایانی زه‌ویت ده‌وڵه‌مه‌ند كرد.
34
كاتێك له‌ ده‌ریاكان تێكشكایت
له‌ناو قووڵایی ئاوه‌كان،
كه‌ره‌سته‌ و هه‌موو سه‌رنشینه‌كه‌ت
له‌گه‌ڵت نوقوم بوون.
35
هه‌موو دانیشتووانی كه‌ناره‌كان
واقیان لێت وڕده‌مێنێت،
پاشاكانیان موچڕكه‌یان پێدا دێت،
ڕوخساریان ده‌شێوێت.
36
بازرگانانی نێو گه‌لان فیكه‌ت بۆ لێ ده‌ده‌ن،
كۆتاییه‌كه‌ت ترسناك ده‌بێت و
ئیتر بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ نامێنیت.“»
  1. a. 27‏:5 سنیر: ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ چیای حه‌رمۆن. بڕوانه‌ \+xt دواوتار 3‏:9‏\+xt*.
  2. b. 27‏:9 شاری جوبه‌یل شارێكی كۆنه‌ كه‌ مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ 7000 له‌مه‌وپێش، ئه‌مرۆ به‌ دووری 38 كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته‌ باكووری به‌یروت.
  3. c. 27‏:15 دوورگه‌یه‌كه‌ له‌ ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست.
  4. d. 27‏:16 به‌رده‌ پیرۆزه‌: به‌ردێكی شینی سه‌وزباوه‌.
  5. e. 27‏:16 نه‌خشاندنی قوماش به‌ ده‌ست.
  6. f. 27‏:16 یاقووت: گه‌وهه‌ری سووری تێر.
  7. g. 27‏:17 ئازارشكێن.
  8. h. 27‏:19 دارێكه‌ بۆ بۆنخۆشی به‌كاردێت.