عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
فه‌رمایشتێك سه‌باره‌ت به‌ پاشایه‌تی سور 
1
له‌ یه‌كی مانگی یازده‌ی ساڵی دوازده‌یه‌م،[a] فه‌رمایشتی یه‌زدانم بۆ هات، پێی فه‌رمووم:
2
«ئه‌ی كوڕی مرۆڤ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سور ده‌رباره‌ی ئۆرشه‌لیم گوتی: ”هۆیها! ده‌روازه‌كه‌ی ڕوو له‌ گه‌لان شكا، ده‌رگاكانی كه‌وتنه‌ سه‌ر پشت، وێرانبوونی ئه‌و قازانجی منه‌.“
3
له‌به‌ر ئه‌وه‌ یه‌زدانی باڵاده‌ست ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ئه‌ی سور، من له‌ دژی تۆم، هه‌روه‌ك ده‌ریا شه‌پۆله‌كانی به‌رز ده‌كاته‌وه‌، من چه‌ندین نه‌ته‌وه‌ ده‌هێنمه‌ سه‌رت.
4
جا ئه‌وان شووراكانی سور ده‌ڕووخێنن و قولله‌كانی تێكده‌ده‌ن، منیش خۆڵه‌كه‌ی له‌سه‌ر ڕاده‌ماڵم و ده‌یكه‌م به‌ به‌ردی ڕووت.
5
ده‌بێته‌ شوێنێك بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی تۆڕ له‌ناو ده‌ریا، چونكه‌ من قسه‌م كرد. ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانی باڵاده‌سته‌. سور ده‌بێته‌ ده‌ستكه‌وت بۆ نه‌ته‌وه‌كان و
6
شارۆچكه‌كانی ده‌وروبه‌ری به‌ شمشێر وێران ده‌بن، ئیتر ئه‌وان ده‌زانن كه‌ من یه‌زدانم.
7
«چونكه‌ یه‌زدانی باڵاده‌ست ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: من له‌ باكووره‌وه‌ نه‌بوخودنه‌سری پاشای بابل ده‌هێنمه‌ سه‌ر سور، پاشای پاشایان، به‌ ئه‌سپ و گالیسكه‌ و سوار و له‌شكرێكی مه‌زنه‌وه‌.
8
جا شارۆچكه‌كانی ده‌وروبه‌رت به‌ شمشێر وێران ده‌كات، سه‌نگه‌رت له‌ ده‌ور لێده‌ده‌ن و قولله‌ت له‌سه‌ر بنیاد ده‌نێت، سه‌نگه‌رت له‌ ده‌ور لێده‌دات و قه‌ڵغانت لێ هه‌ڵده‌گرێت.
9
مه‌نجه‌نیق ده‌خاته‌ سه‌ر شووراكانت و به‌ چه‌كه‌كانی قولله‌كانت ده‌ڕووخێنێت.
10
له‌ زۆری ئه‌سپه‌كانی تۆزیان داتده‌پۆشێت. له‌ ده‌نگی ئه‌سپ سوار و عه‌ره‌بانه‌ و گالیسكه‌كان شووراكانت ده‌له‌رزن، كاتێك دێته‌ ناو ده‌روازه‌كانته‌وه‌، وه‌ك چوونه‌ناو شارێكی پڕ كه‌لێن.
11
به‌ سمی ئه‌سپه‌كانی هه‌موو شه‌قامه‌كانت ده‌په‌ستێته‌وه‌، گه‌له‌كه‌ت به‌ شمشێر ده‌كوژێت، كۆڵه‌كه‌ به‌هێزه‌كانت ده‌كه‌ونه‌ سه‌ر زه‌وی.
12
سامانت تاڵان ده‌كه‌ن، بازرگانیت زه‌وت ده‌كه‌ن، شووراكانت ده‌ڕووخێنن، خانووه‌ جوانه‌كانت تێكده‌ده‌ن، به‌رد و دار و خۆڵت ده‌خه‌نه‌ ناو ده‌ریاوه‌.
13
ده‌نگی ناسازی گۆرانییه‌كانت كۆتایی پێ ده‌هێنم، چیتر ده‌نگی قیساره‌كانت نابیسترێنه‌وه‌.
14
ده‌تكه‌مه‌ به‌ردی ڕووت و ده‌بیته‌ شوێنی بڵاوكردنه‌وه‌ی تۆڕه‌كان. جارێكی دیكه‌ بنیاد نانرێیته‌وه‌، چونكه‌ من یه‌زدانم، ئه‌وه‌م فه‌رموو. ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانی باڵاده‌سته‌.
15
«یه‌زدانی باڵاده‌ست به‌ سور ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ئایا ناوچه‌كانی كه‌ناری ده‌ریا له‌گه‌ڵ ده‌نگی كه‌وتنت، له‌گه‌ڵ هاواری بریندار و كه‌وتنی كوژراوان له‌ناوه‌ڕاستی تۆدا ناله‌رزن؟
16
هه‌موو میرانی كه‌ناری ده‌ریا له‌سه‌ر ته‌خته‌كانیان داده‌به‌زن و كه‌واكانیان داده‌ماڵن و كراسه‌ نه‌خشینه‌كانیان داده‌كه‌نن، به‌رگی تۆقین ده‌پۆشن و له‌سه‌ر زه‌وی داده‌نیشن و هه‌موو چركه‌یه‌ك ده‌له‌رزن، واقیان لێت وڕده‌مێنێت.
17
شینت بۆ ده‌گێڕن و پێت ده‌ڵێن:
«”ئه‌ی شاره‌ به‌ناوبانگه‌كه‌، چۆن له‌ناوچوویت؟
چۆن هێزه‌ ده‌ریاییه‌كه‌ت له‌ناوچوو؟
به‌هێز بوویت له‌ ده‌ریا،
خۆت و دانیشتووانه‌كه‌ت،
هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌وێدا ده‌ژیان
تۆ ترس و تۆقینت هێنایه‌ سه‌ریان.
18
گه‌لانی كه‌ناری ده‌ریاكان
له‌ ڕۆژی كه‌وتنت ده‌له‌رزن،
دوورگه‌كانی ناو ده‌ریا
له‌به‌ر نه‌مانت ده‌وروژێن.“
19
«یه‌زدانی باڵاده‌ست ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: كاتێك وه‌ك شاره‌ بێ ئاوه‌دانییه‌كان ده‌تكه‌مه‌ شارێكی وێران، كاتێك قووڵایی ده‌ریاكان ده‌هێنمه‌ سه‌رت و ئاوه‌ زۆره‌كان داتده‌پۆشن،
20
له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی ده‌چنه‌ نێو جیهانی مردووان تۆش ده‌خه‌مه‌ ناوی، بۆ لای ئه‌و گه‌لانه‌ی كه‌ له‌مێژه‌وه‌ مردوون و له‌ نزماییه‌كانی زه‌وی داتده‌نشێنم. له‌ كاولگه‌ هه‌تاهه‌تاییه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی كه‌ ده‌چنه‌ نێو جیهانی مردووان، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ خاكی زیندوواندا ئاوه‌دان نه‌بیت و نه‌دره‌وشێیته‌وه‌.
21
ده‌تكه‌مه‌ كاره‌سات و ئیتر بوونت نابێت، به‌دواتدا ده‌گه‌ڕێن و چیتر نادۆزرێیته‌وه‌، هه‌تاهه‌تایه‌. ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانی باڵاده‌سته‌.»
  1. a. 26‏:1 مه‌به‌ست له‌و ماوه‌یه‌ له‌دوای ڕاپێچكردنی یه‌هۆیاكینی پاشای یه‌هودا بۆ بابل، كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ساڵنامه‌ی ئێستا ده‌كاته‌ سێی مانگی دوو ساڵی 585ی پێش زایین.