عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
نموونەی مەنجەڵ 
1
لە دەی مانگی دەی ساڵی نۆیەم[a] فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
2
«ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەم بەروارە تۆمار بکە، هەر ئەم ڕۆژە، چونکە هەر لەم ڕۆژەدا بوو پاشای بابل گەمارۆی ئۆرشەلیمی دا.
3
پەندێک بۆ بنەماڵەی یاخیبوو بهێنەوە و پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«”مەنجەڵ لەسەر ئاگر دابنێ،
دایبنێ و ئاوی تێ بکە.
4
پارچە گۆشتەکانی تێدا کۆبکەرەوە،
هەموو پارچە چاکەکان، ڕان و شان،
پڕی بکە لە ئێسکی هەڵبژاردە.
5
باشترین مەڕی مێگەل ببە و
دار لەژێر مەنجەڵی ئێسکەکانی کۆبکەرەوە،
بە تەواوی بیکوڵێنە،
با ئیسکەکانیشی لەناویدا بکوڵێن.
6
«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«”قوڕبەسەر شارە خوێنڕێژەکە،
ئەو مەنجەڵەی ژەنگەکەی خۆی تێدایە،
ژەنگەکەی لێ دەرنەچوو!
پارچەپارچە دەریبهێنن،
تیروپشکی لەسەر مەکەن.
7
«”لەبەر ئەوەی ئەو خوێنەی ڕشتوویەتی لە ناوەڕاستیدایە،
چونکە لەسەر بەردی ڕووت دایناوە،
نەیڕشتە سەر زەوی،
تاکو بە خۆڵ دایپۆشێت.
8
بۆ هەڵچوونی تووڕەیی و بۆ تۆڵەسەندنەوە
خوێنەکەی ئەوم لەسەر بەردێکی ڕووت دانا،
تاکو دانەپۆشرێت.
9
«”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«”قوڕبەسەر شارە خوێنڕێژەکە!
هەروەها منیش کەڵەکە دارەکەی گەورە دەکەم.
10
دار زۆر بکە و ئاگری تێبەردە،
گۆشتەکە پێ بگەیەنە،
بە تەواوی بەهاراتی پێوە بکە،
لێگەڕێ با ئێسکەکان بسووتێنێت.
11
دوای ئەوە مەنجەڵەکە بە بەتاڵی لەسەر پشکۆیەکان دابنێ،
با گەرم بێت و مسەکەی بسووتێت،
جا پیسییەکەی تێیدا دەتوێتەوە و
ژەنگەکەی نامێنێت.
12
ڕەنجیان بە خەسار چوو،
ژەنگە زۆرەکەی لانەدرا،
تەنانەت بە ئاگریش.
13
«”جا پیسییەکەت بەدڕەوشتییە. لەبەر ئەوەی هەوڵم دا پاکت بکەمەوە بەڵام پاک نەبوویتەوە، هەر لە پیسییەکەت پاک نابیتەوە هەتا تووڕەیی خۆمت بەسەردا دانەمرکێنمەوە.
14
«”من یەزدانم، ئەوەم فەرموو، دێتە دی و دەیکەم. نە دەستت لێ دەپارێزم و نە دڵم پێت دەسووتێت و نە پاشگەز دەبمەوە. بەگوێرەی ڕەفتار و کردەوەکانت حوکمت دەدەن، ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
مردنی ژنی حزقیێل 
15
فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
16
«ئەی کوڕی مرۆڤ، من خەریکم بە لێدانی گورزێک ئەوەی چاوت ئارەزووی دەکات لێتی دەستێنم، جا مەلاوێوە و مەگریێ و فرمێسک مەڕێژە.
17
بە کپی ئاخ هەڵکێشە، شیوەن مەگێڕە بۆ مردوو. مێزەر لە خۆت بپێچە، با پێڵاوەکانت لە پێتدا بن و سمێڵت دامەپۆشە و نانی ماتەم مەخۆ.»
18
بۆ بەیانی قسەم لەگەڵ گەل کرد و بۆ ئێوارە ژنەکەم مرد، ڕۆژی دواتریش چۆن فەرمانم پێ کرابوو وام کرد.
19
ئینجا گەل لێیان پرسیم: «ئایا پێمان ناڵێیت، ئەمەی تۆ دەیکەیت پەیوەندی چییە بە ئێمەوە؟»
20
منیش وەڵامم دانەوە: «فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
21
لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیل قسە بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من خەریکم پیرۆزگای خۆم گڵاو دەکەم، ئەو قەڵایەی شانازی پێوە دەکەن، ئارەزووی چاوتان و خۆشی گیانتانە. کوڕ و کچەکانتان، ئەوانەی بەجێتان هێشتن بە شمشێر دەکوژرێن.
22
من چیم کرد ئێوەش بە هەمان شێوە دەکەن، سمێڵتان داناپۆشن و نانی ماتەم ناخۆن.
23
مێزەرەکانتان بە سەرتانەوە و پێڵاوەکانتان لە پێتان دەبێت، شیوەن ناگێڕن و ناگریێن، بەڵکو بە تاوانەکانتانەوە دەفەوتێن و بۆ یەکتری دەنوزێنەوە.
24
حزقیێل بۆ ئێوە دەبێتە نیشانە. هەموو ئەوەی کردی ئێوەش دەیکەن. کاتێک ئەمە ڕوودەدات، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانی باڵادەستم.“
25
«تۆش، ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەو ڕۆژەی کە قەڵاکەیان لێ دەستێنمەوە، کە شادی و شانازییانە، ئارەزووبەخشی چاوانیانە و خۆشی دڵیانە، هەروەها کوڕ و کچیشیان لێ دەستێنمەوە،
26
هەر لەو ڕۆژەدا، دەربازبووێک دێت بۆ لات وەک هەواڵدەرێک.
27
لەو ڕۆژەدا زمانت بۆ دەربازبووەکە دەکرێتەوە قسە دەکەیت و چیتر لاڵ نابیت. بۆیان دەبیت بە نیشانە، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.»
  1. a. 24‏:1 بەپێی ساڵنامەی یەهودا بەرامبەر بە ساڵنامەی ئێستا دەکاتە پێنجی مانگی یەک ساڵی 587ی پێش زایین. بڕوانە دووەم پاشایان 25‏:1‏‏.‏