عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
گوناهەکانی ئۆرشەلیم 
1
ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
2
«ئەی کوڕی مرۆڤ، ئایا حوکم دەدەیت، حوکم بەسەر شارە خوێنڕێژەکە دەدەیت؟ بەڵکو شارەکە ڕووبەڕووی نەریتە قێزەونەکانی خۆی بکەرەوە.
3
بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی ئەو شارەی کە لە ناوەڕاستیدا خوێن دەڕێژێت، نەهامەتی بەسەر خۆیدا دەهێنێت، بە دروستکردنی بت خۆی گڵاو دەکات،
4
بەو خوێنەی ڕشتت تاوانبار بوویت، خۆتت گڵاوکرد بەو بتانەی دروستت کردوون. بەو جۆرە ڕۆژگاری خۆتت کورت کردەوە و کۆتاییت بەسەر خۆتدا هێنا، لەبەر ئەوە لەلای نەتەوەکان تۆم کرد بە شورەیی، جێگای تانە و تەشەری هەموو خاکەکان.
5
ئەی شاری بەد ناو، ئەی پڕ لە ئاژاوە، ئەوەی لێت نزیکە و ئەوەی لێت دوورە گاڵتەت پێ دەکات.
6
«”سەیر بکە چۆن هەریەکە لەو میرانەی ئیسرائیل کە لەناو تۆدان دەسەڵاتی خۆی بۆ خوێنڕشتن بەکاردەهێنێت.
7
لەناو تۆدا سووکایەتییان بە دایک و باوک کردووە. لەناو تۆدا بە ستەم هەڵسوکەوتیان لەگەڵ ئاوارەدا کردووە. لەناو تۆدا هەتیو و بێوەژنیان چەوساندووەتەوە.
8
تۆ سووکایەتیت بە شتە پیرۆزکراوەکانی من کردووە و شەممەکانی منت گڵاو کردووە.
9
لەناو تۆدان پیاوانی دووزمان و بوختانکەر بۆ خوێنڕشتن، لەناو تۆدان ئەوانەی لە نزرگەی سەر چیاکان دەخۆن و بەدڕەوشتی ئەنجام دەدەن.
10
لەناو تۆدان ئەوانەی کە ناموسی باوکیان دەبەن، لەناو تۆدان ئەوانەی کە دەست درێژ دەکەنە سەر ژن لە کاتی گڵاوییەکەی[a] بەهۆی خوێنلێچوونی مانگانەی.
11
پیاو لەگەڵ ژنی نزیکەکەی کاری قێزەونی ئەنجام دەدات، پیاوی دیکەش بووکی خۆی بە بەدڕەوشتی گڵاو دەکات. لەناو تۆدا مرۆڤ دەست درێژ دەکاتە سەر خوشکی خۆی، کچی باوکی.
12
لەناو تۆدان ئەوانەی کە بەرتیل وەردەگرن بۆ خوێنڕشتن، هەروەها تۆ سوو و قازانج لە گرانکردنی نرخی شتومەک وەردەگریت. بە ستەم نزیکەکانی خۆتت ڕووتاندووەتەوە، سەرەڕای هەموو ئەمانەش منت لەبیر کردووە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
13
«”لەبەر ئەو خوێنەی لەناو تۆدا ڕژا، سەیر بکە مشتم دەوەشێنم لەو قازانجە ناڕەوایەی کردووتە.
14
ئایا دڵت بەرگە دەگرێت یان دەستت بەهێز دەبێت لەو ڕۆژانەی هەڵسوکەوتت لەگەڵدا دەکەم؟ من یەزدانم، ئەوەم فەرموو، هەروەها بەجێی دەهێنم.
15
بەنێو نەتەوەکان پەرتەوازەت دەکەم، بەسەر خاکەکاندا بڵاوت دەکەمەوە، گڵاوییەکانت لێ دادەماڵم.
16
ئەو کاتەی لەبەرچاوی نەتەوەکان خۆتت گڵاو کردووە، ئیتر تۆ دەزانیت کە من یەزدانم.“»
17
ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
18
«ئەی کوڕی مرۆڤ، بنەماڵەی ئیسرائیل بۆم بوون بە خڵت، هەموویان مس و تەنەکە و ئاسن و قورقوشمن لە ناوەڕاستی کوورە بەجێماون، بوون بە خڵتی زیو.
19
لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ”لەبەر ئەوەی ئێوە هەموو بوون بە خڵت، من لەناو ئۆرشەلیم کۆتان دەکەمەوە.
20
وەک چۆن زیو و مس و ئاسن و قورقوشم و تەنەکە لەناو کوورەدا کۆ دەکرێنەوە، فوو بە ئاگرەکەی ژێریدا دەکرێت هەتا بێتە جۆش و بیتوێنێتەوە، منیش بە هەمان شێوە بە تووڕەیی و هەڵچوونی خۆم لەناو شارەکە کۆتان دەکەمەوە و داتاندەنێم و دەتانتوێنمەوە.
21
جا کۆتان دەکەمەوە و لەناو ئاگری تووڕەییم فووتان لێ دەکەم و لەناویدا دەتوێنەوە.
22
وەک زیو چۆن لەناو کوورەدا دەتوێنرێتەوە، ئێوەش بە هەمان شێوە لەناویدا دەتوێنەوە، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم، تووڕەیی خۆمم بەسەرتاندا ڕژاندووە.“»
23
دیسان فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
24
«ئەی کوڕی مرۆڤ، پێی بڵێ: ”تۆ ئەو خاکەی کە پاک نەبوویتەوە، لە ڕۆژی تووڕەییدا بارانی لێ نەباریوە.“
25
پیلانگێڕی میرەکانی لە ناوەڕاستیدایە وەک شێر دەنەڕێنێت و نێچیرەکەی لەتوپەت دەکات. مرۆڤ دەخۆن، گەنجینە دەبڕن و شتی گرانبەها دەبەن، لە ناوەڕاستیدا بێوەژن زۆر دەکەن.
26
کاهینەکانی سەرپێچی فێرکردنەکانی من دەکەن و شتە پیرۆزکراوەکانی من گڵاو دەکەن، جیاوازی لەنێوان پیرۆز و پیرۆزنەکراو ناکەن، جیاوازی لەنێوان گڵاو و پاک ناکەن و چاو لە شەممەکانم دەپۆشن، جا لەنێویاندا گڵاو بووم.
27
کاربەدەستەکانی ناوی وەک گورگن، نێچیر لەتوپەت دەکەن و خوێن دەڕێژن و خەڵک دەکوژن بۆ ئەوەی بە ناڕەوایی قازانج بەدەستبهێنن.
28
پێغەمبەرەکانیان کارە خراپەکانیان بۆ دادەپۆشن و بە بینینی پووچ و فاڵگرتنەوەی درۆ بە گەچ بۆیان سواخ دەدەن و دەڵێن: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت،“ لەگەڵ ئەوەی یەزدان هیچ قسەی نەکردووە.
29
گەلی خاکەکە ستەمکاری و تاڵانی دەکەن، هەژار و نەدار و نامۆش دەچەوسێننەوە و لە دادپەروەری بێبەشیان دەکەن، هەژار و نەداریان چەوساندەوە و بە ناڕەوا ستەمیان لە ئاوارە کرد.
30
«لەنێویاندا بەدوای پیاوێکدا گەڕام شووراکە بنیاد بنێتەوە و لە پێناوی خاکەکە لە کەلێنی شووراکەوە لەبەردەمم ڕابوەستێت، بۆ ئەوەی وێرانی نەکەم، بەڵام دەستم نەکەوت.
31
لەبەر ئەوە هەڵچوونی خۆمیان بەسەردا هەڵدەڕێژم، بە ئاگری تووڕەییم لەناویان دەبەم، کردەوەکانی خۆیان بەسەر خۆیاندا دەهێنمەوە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»
  1. a. 22‏:10 ژنی گڵاو: بڕوانە لێڤییەکان 15‏:19‏-24.‏‏