عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
بابلی شمشێری خودا 
1
فه‌رمایشتی یه‌زدانم بۆ هات، پێی فه‌رمووم:
2
«ئه‌ی كوڕی مرۆڤ، ڕووت له‌ ئۆرشه‌لیم بكه‌ و له‌ دژی پیرۆزگاكه‌ی جاڕبده‌. پێشبینی له‌سه‌ر خاكی ئیسرائیل بكه‌ و
3
به‌ خاكی ئیسرائیل بڵێ: ”یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: من له‌ دژی تۆم، شمشێره‌كه‌م له‌ كالانه‌كه‌یه‌وه‌ هه‌ڵده‌كێشم و كه‌سی ڕاستودروست و خراپه‌كار له‌ تۆ ده‌بڕمه‌وه‌.
4
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌سی ڕاستودروست و خراپه‌كار له‌ تۆ ده‌بڕمه‌وه‌، شمشێره‌كه‌م له‌ كالانه‌كه‌ی دێته‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ سه‌ر هه‌موو مرۆڤێك، له‌ باشووره‌وه‌ هه‌تا باكوور.
5
ئه‌و كاته‌ هه‌موو مرۆڤێك ده‌زانێت كه‌ من یه‌زدانم، شمشێره‌كه‌ی خۆمم له‌ كێلانه‌كه‌یه‌وه‌ هه‌ڵكێشاوه‌ و تازه‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌.“
6
«له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌ی كوڕی مرۆڤ، تۆ بناڵێنه‌! به‌ دڵشكاوی و خه‌مبارییه‌وه‌ له‌به‌رچاویان بناڵێنه‌.
7
ئه‌گه‌ر له‌ تۆیان پرسی: ”بۆچی ده‌ناڵێنیت؟“ تۆش بڵێ: ”له‌به‌ر هه‌واڵه‌كه‌، چونكه‌ هات. هه‌موو دڵێك ده‌توێته‌وه‌، هه‌موو ده‌ستێك شل ده‌بێت، هه‌موو ڕۆحێك كۆڵ ده‌دات، هه‌موو ئه‌ژنۆیه‌ك ده‌له‌رزێت.“ ئه‌وه‌تا دێت و ده‌بێت، ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانی باڵاده‌سته‌.»
8
فه‌رمایشتی یه‌زدانم بۆ هات، پێی فه‌رمووم:
9
«ئه‌ی كوڕی مرۆڤ، پێشبینی بكه‌ و بڵێ، ”په‌روه‌ردگار ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: بڵێ:
«”شمشێرێك، شمشێرێك تیژكراوه‌ته‌وه‌،
هه‌روه‌ها مشتوماڵ كراوه‌،
10
بۆ سه‌ربڕین تیژكراوه‌ته‌وه‌،
مشتوماڵ كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك بریسكه‌ بدره‌وشێته‌وه‌!
«”ئایا دڵمان به‌ دارده‌ستی كوڕه‌كه‌م[a] خۆش بێت؟ شمشێر سووكایه‌تی به‌ هه‌موو دارده‌ستێك ده‌كات.
11
«”شمشێر مشتوماڵ كراوه‌ و دانراوه‌
بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ده‌ست بگیردرێت.
ئه‌م شمشێره‌ تیژكراوه‌ته‌وه‌ و مشتوماڵ كراوه‌
تاكو بدرێته‌ ده‌ست پیاوكوژ.
12
ئه‌ی كوڕی مرۆڤ، هاوار و واوه‌یلا بكه‌،
چونكه‌ به‌سه‌ر گه‌له‌كه‌م و
به‌سه‌ر هه‌موو میرانی ئیسرائیله‌وه‌یه‌.
فڕێده‌درێنه‌ به‌ر شمشێره‌كه‌،
له‌گه‌ڵ گه‌له‌كه‌م.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ سنگی خۆت بكوته‌.
13
«”بێگومان كاتی تاقیكردنه‌وه‌ دێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ چییه‌ ئه‌گه‌ر دارده‌سته‌ی یه‌هودا، كه‌ شمشێر سووكایه‌تی پێی ده‌كات، نه‌مێنێت؟ ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانی باڵاده‌سته‌.“
14
«له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌ی كوڕی مرۆڤ، پێشبینی بكه‌،
ده‌ست به‌ناو ده‌ستی خۆتدا بده‌.
با به‌ چوارده‌وریاندا
شمشێر دووباره‌ و سێباره‌ ڕابوه‌شێنرێت،
شمشێری سه‌ربڕینه‌،
شمشێری كوشتاری گه‌وره‌یه‌.
15
بۆ توانه‌وه‌ی دڵ و
بۆ زۆركردنی كوژراوان،
له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌سه‌ر هه‌موو ده‌روازه‌كانیان
شمشێری سه‌ربڕینم داناوه‌.
ئای! له‌و شمشێره‌ دروستكراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك هه‌وره‌ بروسكه‌ ببریسكێته‌وه‌،
ئه‌و بۆ سه‌ربڕین مشتوماڵ كراوه‌.
16
ئه‌ی شمشێر، لای ڕاست ببڕه‌،
ئینجا لای چه‌پ،
بۆ هه‌ر لایه‌ك ڕووی تێده‌كه‌یت!
17
منیش ده‌ست به‌ناو ده‌ستی خۆمدا ده‌ده‌م،
تووڕه‌یی خۆم هێدی ده‌كه‌مه‌وه‌.
من یه‌زدانم، ئه‌وه‌م فه‌رموو.»
18
فه‌رمایشتی یه‌زدانم بۆ هات، پێی فه‌رمووم:
19
«ئه‌ی كوڕی مرۆڤ، دوو ڕێگا بۆ خۆت دیاری بكه‌ بۆ هاتنی شمشێری پاشای بابل، هه‌ردووكیان له‌ یه‌ك خاكه‌وه‌ ده‌ستپێبكه‌ن، تابلۆیه‌كی ڕێنمایی دابنێ، له‌ سه‌ره‌تای سه‌ر ڕێگاكه‌ به‌ره‌و شار دایبنێ.
20
ڕێگایه‌ك دیاری بكه‌ با شمشێره‌كه‌ بێته‌ سه‌ر ڕه‌به‌ی پایته‌ختی عه‌مۆنییه‌كان و بۆ سه‌ر یه‌هودا له‌ ئۆرشه‌لیمی قه‌ڵابه‌ند،
21
چونكه‌ پاشای بابل له‌سه‌ر دووڕیانه‌كه‌ ده‌وه‌ستێت، له‌سه‌ر گۆشه‌ی هه‌ردوو ڕێگاكه‌، فاڵ ده‌گرێته‌وه‌ هه‌تا بزانێت به‌ چ ئاراسته‌یه‌كدا بڕوات، به‌ هه‌ڵدانی تیر، تیروپشك ده‌كات؛ به‌ پرسین و ڕاوێژكردن له‌گه‌ڵ بته‌كانی؛ به‌ پشكنینی جگه‌ری ئاژه‌ڵێكی سه‌ربڕاو.
22
تیروپشك به‌ ده‌ستی ڕاستی بۆ ئۆرشه‌لیم هه‌ڵده‌دات بۆ مه‌نجه‌نیق دانان، فه‌رمانی كوشتن و نه‌عره‌ته‌ كێشانی جه‌نگ، بۆ مه‌نجه‌نیق دانان بۆ شكاندنی ده‌روازه‌كان، بۆ لێدانی سه‌نگه‌ر و قولله‌ بنیادنان.
23
له‌به‌رچاوی ئه‌وانه‌ی سوێندیان بۆ خواردووه‌ كه‌ دڵسۆزبن بۆی وه‌ك فاڵگرتنه‌وه‌یه‌كی درۆ ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌و تاوانه‌كه‌یان ده‌هێنێته‌وه‌ یادیان تاكو به‌ دیلیان بگرێت.
24
«له‌به‌ر ئه‌وه‌ یه‌زدانی باڵاده‌ست ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ”ئێوه‌ تاوانه‌كه‌ی خۆتان هێنایه‌وه‌ یاد، چونكه‌ یاخیبوونه‌كانتان ڕوون و ئاشكرایه‌ و گوناهه‌كانتان له‌ هه‌موو كرده‌وه‌كانتاندا ده‌ركه‌وتووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌ دیل ده‌گیرێن.
25
«”تۆش ئه‌ی به‌دكاری گڵاو، میری ئیسرائیل، ڕۆژت هاتووه‌، كاتی هاتووه‌ سزادانت گه‌یشتووه‌ته‌ به‌رزترین پله‌.
26
یه‌زدانی باڵاده‌ست ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: مێزه‌ره‌كه‌ دابگره‌، تاجه‌كه‌ هه‌ڵبگره‌، بارودۆخه‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ نامێنێته‌وه‌، به‌ڵكو بێ پله‌وپایه‌ به‌رز ده‌كرێته‌وه‌ و پایه‌دار نزم ده‌كرێته‌وه‌.
27
كاولگه‌! كاولگه‌! ئه‌م شانشینه‌ كاولگه‌! هه‌روه‌ها نۆژه‌ن ناكرێته‌وه‌، هه‌تا ئه‌و پاشایه‌ دێت كه‌ مافی خۆیه‌تی، منیش ده‌یده‌مه‌ ئه‌و.“
28
«ئه‌ی كوڕی مرۆڤ، تۆش پێشبینی بكه‌ و بڵێ: ”یه‌زدانی باڵاده‌ست له‌باره‌ی عه‌مۆنییه‌كان و سووكایه‌تیكردنه‌كه‌یان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«”شمشێر[b] ، شمشێر
بۆ سه‌ربڕین هه‌ڵكێشراوه‌،
مشتوماڵ كراوه‌ بۆ له‌ناوبردن،
بریسكه‌ ده‌داته‌وه‌ وه‌ك بروسكه‌.
29
به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بینینه‌ پووچانه‌ و
فاڵگرتنه‌وه‌ درۆیانه‌ی كه‌ سه‌باره‌ت به‌ تۆ كراون،
شمشێره‌كه‌ له‌سه‌ر ملی
كوژراوه‌ خراپه‌كاره‌كان داده‌نرێت،
ئه‌وانه‌ی ڕۆژیان هات،
كاتیان هاتووه‌ سزادانیان گه‌یشتووه‌ته‌ به‌رزترین پله‌.
30
«”شمشێره‌كه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ كێلانه‌كه‌ی خۆی.
له‌ نیشتیمانی دایكت
حوكمت به‌سه‌ردا ده‌ده‌م،
له‌و شوێنه‌ی به‌دیهێنرایت.
31
تووڕه‌یی خۆم به‌سه‌ر تۆدا ده‌بارێنم و
به‌ ئاگری هه‌ڵچوونم فووت لێ ده‌كه‌م،
ده‌تده‌مه‌ ده‌ست كه‌سانێكی گڕگرتووی
شاره‌زا له‌ فه‌وتاندن.
32
ده‌بیت به‌ سووته‌مه‌نی ئاگر،
خوێنت له‌ناوه‌ڕاستی خاكه‌كه‌دا ده‌ڕژێت.
ئیتر یادت ناكرێته‌وه‌،
چونكه‌ من یه‌زدانم، ئه‌وه‌م فه‌رموو.“»
  1. a. 21‏:10 ئه‌مه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دارده‌سته‌كه‌ی یه‌هودا، بڕوانه‌ \+xt په‌یدابوون 49‏:10‏\+xt*‏.
  2. b. 21‏:28 ‏مه‌به‌ست له‌ شمشێری نه‌بوخودنه‌سری پاشای بابله‌.