عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
بابلی شمشێری خودا 
1
فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
2
«ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووت لە ئۆرشەلیم بکە و لە دژی پیرۆزگاکەی جاڕبدە. پێشبینی لەسەر خاکی ئیسرائیل بکە و
3
بە خاکی ئیسرائیل بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: من لە دژی تۆم، شمشێرەکەم لە کێلانەکەیەوە[a] هەڵدەکێشم و کەسی ڕاستودروست و خراپەکار لە تۆ دەبڕمەوە.
4
لەبەر ئەوەی کەسی ڕاستودروست و خراپەکار لە تۆ دەبڕمەوە، شمشێرەکەم لە کێلانەکەی دێتە دەرەوە بۆ سەر هەموو مرۆڤێک، لە باشوورەوە هەتا باکوور.
5
ئەو کاتە هەموو مرۆڤێک دەزانێت کە من یەزدانم، شمشێرەکەی خۆمم لە کێلانەکەیەوە هەڵکێشاوە و تازە ناگەڕێتەوە.“
6
«لەبەر ئەوە ئەی کوڕی مرۆڤ، تۆ بناڵێنە! بە دڵشکاوی و خەمبارییەوە لەبەرچاویان بناڵێنە.
7
ئەگەر لە تۆیان پرسی: ”بۆچی دەناڵێنیت؟“ تۆش بڵێ: ”لەبەر هەواڵەکە، چونکە هات. هەموو دڵێک دەتوێتەوە، هەموو دەستێک شل دەبێت، هەموو ڕۆحێک کۆڵ دەدات، هەموو ئەژنۆیەک دەلەرزێت.“ ئەوەتا دێت و دەبێت، ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»
8
فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
9
«ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بکە و بڵێ، ”پەروەردگار ئەمە دەفەرموێت: بڵێ:
«”شمشێرێک، شمشێرێک تیژکراوەتەوە،
هەروەها مشتوماڵ کراوە،
10
بۆ سەربڕین تیژکراوەتەوە،
مشتوماڵ کراوە بۆ ئەوەی وەک بریسکە بدرەوشێتەوە!
«”ئایا دڵمان بە داردەستی کوڕەکەم[b] خۆش بێت؟ شمشێر سووکایەتی بە هەموو داردەستێک دەکات.
11
«”شمشێر مشتوماڵ کراوە و دانراوە
بۆ ئەوەی بە دەست بگیردرێت.
ئەم شمشێرە تیژکراوەتەوە و مشتوماڵ کراوە
تاکو بدرێتە دەست پیاوکوژ.
12
ئەی کوڕی مرۆڤ، هاوار و واوەیلا بکە،
چونکە بەسەر گەلەکەم و
بەسەر هەموو میرانی ئیسرائیلەوەیە.
فڕێدەدرێنە بەر شمشێرەکە،
لەگەڵ گەلەکەم.
لەبەر ئەوە سنگی خۆت بکوتە.
13
«”بێگومان کاتی تاقیکردنەوە دێت. لەبەر ئەوە چییە ئەگەر داردەستەی یەهودا، کە شمشێر سووکایەتی پێی دەکات، نەمێنێت؟ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“
14
«لەبەر ئەوە ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بکە،
دەست بەناو دەستی خۆتدا بدە.
با بە چواردەوریاندا
شمشێر دووبارە و سێبارە ڕابوەشێنرێت،
شمشێری سەربڕینە،
شمشێری کوشتاری گەورەیە.
15
بۆ توانەوەی دڵ و
بۆ زۆرکردنی کوژراوان،
لەبەر ئەوە لەسەر هەموو دەروازەکانیان
شمشێری سەربڕینم داناوە.
ئای! لەو شمشێرە دروستکراوە بۆ ئەوەی وەک هەورە بروسکە ببریسکێتەوە،
ئەو بۆ سەربڕین مشتوماڵ کراوە.
16
ئەی شمشێر، لای ڕاست ببڕە،
ئینجا لای چەپ،
بۆ هەر لایەک ڕووی تێدەکەیت!
17
منیش دەست بەناو دەستی خۆمدا دەدەم،
تووڕەیی خۆم هێدی دەکەمەوە.
من یەزدانم، ئەوەم فەرموو.»
18
فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
19
«ئەی کوڕی مرۆڤ، دوو ڕێگا بۆ خۆت دیاری بکە بۆ هاتنی شمشێری پاشای بابل، هەردووکیان لە یەک خاکەوە دەستپێبکەن، تابلۆیەکی ڕێنمایی دابنێ، لە سەرەتای سەر ڕێگاکە بەرەو شار دایبنێ.
20
ڕێگایەک دیاری بکە با شمشێرەکە بێتە سەر ڕەبەی پایتەختی عەمۆنییەکان و بۆ سەر یەهودا لە ئۆرشەلیمی قەڵابەند،
21
چونکە پاشای بابل لەسەر دووڕیانەکە دەوەستێت، لەسەر گۆشەی هەردوو ڕێگاکە، فاڵ دەگرێتەوە هەتا بزانێت بە چ ئاراستەیەکدا بڕوات، بە هەڵدانی تیر، تیروپشک دەکات؛ بە پرسین و ڕاوێژکردن لەگەڵ بتەکانی؛ بە پشکنینی جگەری ئاژەڵێکی سەربڕاو.
22
تیروپشک بە دەستی ڕاستی بۆ ئۆرشەلیم هەڵدەدات بۆ مەنجەنیق دانان، فەرمانی کوشتن و نەعرەتە کێشانی جەنگ، بۆ مەنجەنیق دانان بۆ شکاندنی دەروازەکان، بۆ لێدانی سەنگەر و قوللە بنیادنان.
23
لەبەرچاوی ئەوانەی سوێندیان بۆ خواردووە کە دڵسۆزبن بۆی وەک فاڵگرتنەوەیەکی درۆ دەبێت، بەڵام ئەو تاوانەکەیان دەهێنێتەوە یادیان تاکو بە دیلیان بگرێت.
24
«لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ”ئێوە تاوانەکەی خۆتان هێنایەوە یاد، چونکە یاخیبوونەکانتان ڕوون و ئاشکرایە و گوناهەکانتان لە هەموو کردەوەکانتاندا دەرکەوتووە، لەبەر ئەوە بە دیل دەگیرێن.
25
«”تۆش ئەی بەدکاری گڵاو، میری ئیسرائیل، ڕۆژت هاتووە، کاتی هاتووە سزادانت گەیشتووەتە بەرزترین پلە.
26
یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: مێزەرەکە دابگرە، تاجەکە هەڵبگرە، بارودۆخەکە بەم شێوەیە نامێنێتەوە، بەڵکو بێ پلەوپایە بەرز دەکرێتەوە و پایەدار نزم دەکرێتەوە.
27
کاولگە! کاولگە! ئەم شانشینە کاولگەیە! هەروەها نۆژەن ناکرێتەوە، هەتا ئەو پاشایە دێت کە مافی خۆیەتی، منیش دەیدەمە ئەو.“
28
«ئەی کوڕی مرۆڤ، تۆش پێشبینی بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست لەبارەی عەمۆنییەکان و سووکایەتیکردنەکەیان ئەمە دەفەرموێت:
«”شمشێر[c] ، شمشێر
بۆ سەربڕین هەڵکێشراوە،
مشتوماڵ کراوە بۆ لەناوبردن،
بریسکە دەداتەوە وەک بروسکە.
29
بە پێچەوانەی ئەو بینینە پووچانە و
فاڵگرتنەوە درۆیانەی کە سەبارەت بە تۆ کراون،
شمشێرەکە لەسەر ملی
کوژراوە خراپەکارەکان دادەنرێت،
ئەوانەی ڕۆژیان هات،
کاتیان هاتووە سزادانیان گەیشتووەتە بەرزترین پلە.
30
«”شمشێرەکە بگەڕێنەوە کێلانەکەی خۆی.
لە نیشتیمانی دایکت
حوکمت بەسەردا دەدەم،
لەو شوێنەی بەدیهێنرایت.
31
تووڕەیی خۆم بەسەر تۆدا دەبارێنم و
بە ئاگری هەڵچوونم فووت لێ دەکەم،
دەتدەمە دەست کەسانێکی گڕگرتووی
شارەزا لە فەوتاندن.
32
دەبیت بە سووتەمەنی ئاگر،
خوێنت لە ناوەڕاستی خاکەکەدا دەڕژێت.
ئیتر یادت ناکرێتەوە،
چونکە من یەزدانم، ئەوەم فەرموو.“»
  1. a. 21‏:3 کالانەکەیەوە.‏
  2. b. 21‏:10 ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ داردەستەکەی یەهودا، بڕوانە پەیدابوون 49‏:10‏‏.‏
  3. c. 21‏:28 ‏مەبەست لە شمشێری نەبوخودنەسری پاشای بابلە.‏