عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
گوناهه‌كانی ئۆرشه‌لیم 
1
ئینجا فه‌رمایشتی یه‌زدانم بۆ هات، پێی فه‌رمووم:
2
«ئه‌ی كوڕی مرۆڤ، ئایا حوكم ده‌ده‌یت، حوكم به‌سه‌ر شاره‌ خوێنڕێژه‌كه‌ ده‌ده‌یت؟ به‌ڵكو شاره‌كه‌ ڕووبه‌ڕووی نه‌ریته‌ قێزه‌ونه‌كانی خۆی بكه‌ره‌وه‌.
3
بڵێ: ”یه‌زدانی باڵاده‌ست ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ئه‌ی ئه‌و شاره‌ی كه‌ له‌ناوه‌ڕاستیدا خوێن ده‌ڕێژێت، نه‌هامه‌تی به‌سه‌ر خۆیدا ده‌هێنێت، به‌ دروستكردنی بت خۆی گڵاو ده‌كات،
4
به‌و خوێنه‌ی ڕشتت تاوانبار بوویت، خۆتت گڵاوكرد به‌و بتانه‌ی دروستت كردوون. به‌و جۆره‌ ڕۆژگاری خۆتت كورت كرده‌وه‌ و كۆتاییت به‌سه‌ر خۆتدا هێنا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌لای نه‌ته‌وه‌كان تۆم كرد به‌ شوره‌یی، جێگای تانه‌ و ته‌شه‌ری هه‌موو خاكه‌كان.
5
ئه‌ی شاری به‌د ناو، ئه‌ی پڕ له‌ ئاژاوه‌، ئه‌وه‌ی لێت نزیكه‌ و ئه‌وه‌ی لێت دووره‌ گاڵته‌ت پێ ده‌كات.
6
«”سه‌یر بكه‌ چۆن هه‌ریه‌كه‌ له‌و میرانه‌ی ئیسرائیل كه‌ له‌ناو تۆدان ده‌سه‌ڵاتی خۆی بۆ خوێنڕشتن به‌كارده‌هێنێت.
7
له‌ناو تۆدا سووكایه‌تییان به‌ دایك و باوكیان كردووه‌. له‌ناو تۆدا به‌ سته‌م هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌گه‌ڵ ئاواره‌دا كردووه‌. له‌ناو تۆدا هه‌تیو و بێوه‌ژنیان چه‌وساندووه‌ته‌وه‌.
8
تۆ سووكایه‌تیت به‌ شته‌ پیرۆزكراوه‌كانی من كردووه‌ و شه‌ممه‌كانی منت گڵاو كردووه‌.
9
له‌ناو تۆدان پیاوانی دووزمان و بوختانكه‌ر بۆ خوێنڕشتن، له‌ناو تۆدان ئه‌وانه‌ی له‌ نزرگه‌ی سه‌ر چیاكان ده‌خۆن و به‌دڕه‌وشتی ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
10
له‌ناو تۆدان ئه‌وانه‌ی كه‌ ناموسی باوكیان ده‌به‌ن، له‌ناو تۆدان ئه‌وانه‌ی كه‌ ده‌ست درێژ ده‌كه‌نه‌ سه‌ر ژن له‌ كاتی گڵاوییه‌كه‌ی[a] به‌هۆی خوێنلێچوونی مانگانه‌ی.
11
پیاو له‌گه‌ڵ ژنی نزیكه‌كه‌ی كاری قێزه‌ونی ئه‌نجام ده‌دات، پیاوی دیكه‌ش بووكی خۆی به‌ به‌دڕه‌وشتی گڵاو ده‌كات. له‌ناو تۆدا مرۆڤ ده‌ست درێژ ده‌كاته‌ سه‌ر خوشكی خۆی، كچی باوكی.
12
له‌ناو تۆدان ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌رتیل وه‌رده‌گرن بۆ خوێنڕشتن، هه‌روه‌ها تۆ سوو و قازانج له‌ گرانكردنی نرخی شتومه‌ك وه‌رده‌گریت. به‌ سته‌م نزیكه‌كانی خۆتت ڕووتاندووه‌ته‌وه‌، سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه‌ش منت له‌بیر كردووه‌. ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانی باڵاده‌سته‌.
13
«”له‌به‌ر ئه‌و خوێنه‌ی له‌ناو تۆدا ڕژا، سه‌یر بكه‌ مشتم ده‌وه‌شێنم له‌و قازانجه‌ ناڕه‌وایه‌ی كردووته‌.
14
ئایا دڵت به‌رگه‌ ده‌گرێت یان ده‌ستت به‌هێز ده‌بێت له‌و ڕۆژانه‌ی هه‌ڵسوكه‌وتت له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌م؟ من یه‌زدانم، ئه‌وه‌م فه‌رموو، هه‌روه‌ها به‌جێی ده‌هێنم.
15
به‌نێو نه‌ته‌وه‌كان په‌رته‌وازه‌ت ده‌كه‌م، به‌سه‌ر خاكه‌كاندا بڵاوت ده‌كه‌مه‌وه‌، گڵاوییه‌كانت لێ داده‌ماڵم.
16
ئه‌و كاته‌ی له‌به‌رچاوی نه‌ته‌وه‌كان خۆتت گڵاو كردووه‌، ئیتر تۆ ده‌زانیت كه‌ من یه‌زدانم.“»
17
ئینجا فه‌رمایشتی یه‌زدانم بۆ هات، پێی فه‌رمووم:
18
«ئه‌ی كوڕی مرۆڤ، بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیل بۆم بوون به‌ خڵت، هه‌موویان مس و ته‌نه‌كه‌ و ئاسن و قورقوشمن له‌ناوه‌ڕاستی كووره‌ به‌جێماون، بوون به‌ خڵتی زیو.
19
له‌به‌ر ئه‌وه‌ یه‌زدانی باڵاده‌ست ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ”له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێوه‌ هه‌موو بوون به‌ خڵت، من له‌ناو ئۆرشه‌لیم كۆتان ده‌كه‌مه‌وه‌.
20
وه‌ك چۆن زیو و مس و ئاسن و قورقوشم و ته‌نه‌كه‌ له‌ناو كووره‌دا كۆ ده‌كرێنه‌وه‌، فوو به‌ ئاگره‌كه‌ی ژێریدا ده‌كرێت هه‌تا بێته‌ جۆش و بیتوێنێته‌وه‌، منیش به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌ تووڕه‌یی و هه‌ڵچوونی خۆم له‌ناو شاره‌كه‌ كۆتان ده‌كه‌مه‌وه‌ و داتانده‌نێم و ده‌تانتوێنمه‌وه‌.
21
جا كۆتان ده‌كه‌مه‌وه‌ و له‌ناو ئاگری تووڕه‌ییم فووتان لێ ده‌كه‌م و له‌ناویدا ده‌توێنه‌وه‌.
22
وه‌ك زیو چۆن له‌ناو كووره‌دا ده‌توێنرێته‌وه‌، ئێوه‌ش به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌ناویدا ده‌توێنه‌وه‌، ئیتر ئێوه‌ ده‌زانن كه‌ من یه‌زدانم، تووڕه‌یی خۆمم به‌سه‌رتاندا ڕژاندووه‌.“»
23
دیسان فه‌رمایشتی یه‌زدانم بۆ هات، پێی فه‌رمووم:
24
«ئه‌ی كوڕی مرۆڤ، پێی بڵێ: ”تۆ ئه‌و خاكه‌ی كه‌ پاك نه‌بوویته‌وه‌، له‌ ڕۆژی تووڕه‌ییدا بارانی لێ نه‌باریوه‌.“
25
پیلانگێڕی میره‌كانی له‌ناوه‌ڕاستیدایه‌ وه‌ك شێر ده‌نه‌ڕێنێت و نێچیره‌كه‌ی له‌توپه‌ت ده‌كات. مرۆڤ ده‌خۆن، گه‌نجینه‌ ده‌بڕن و شتی گرانبه‌ها ده‌به‌ن، له‌ناوه‌ڕاستیدا بێوه‌ژن زۆر ده‌كه‌ن.
26
كاهینه‌كانی سه‌رپێچی فێركردنه‌كانی من ده‌كه‌ن و شته‌ پیرۆزكراوه‌كانی من گڵاو ده‌كه‌ن، جیاوازی له‌نێوان پیرۆز و پیرۆزنه‌كراو ناكه‌ن، جیاوازی له‌نێوان گڵاو و پاك ناكه‌ن و چاو له‌ شه‌ممه‌كانم ده‌پۆشن، جا له‌نێویاندا گڵاو بووم.
27
كاربه‌ده‌سته‌كانی ناوی وه‌ك گورگن، نێچیر له‌توپه‌ت ده‌كه‌ن و خوێن ده‌ڕێژن و خه‌ڵك ده‌كوژن بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ناڕه‌وایی قازانج به‌ده‌ستبهێنن.
28
پێغه‌مبه‌ره‌كانیان كاره‌ خراپه‌كانیان بۆ داده‌پۆشن و به‌ بینینی پووچ و فاڵگرتنه‌وه‌ی درۆ به‌ گه‌چ بۆیان سواخ ده‌ده‌ن و ده‌ڵێن: ”یه‌زدانی باڵاده‌ست ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت،“ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی یه‌زدان هیچ قسه‌ی نه‌كردووه‌.
29
گه‌لی خاكه‌كه‌ سته‌مكاری و تاڵانی ده‌كه‌ن، هه‌ژار و نه‌دار و نامۆش ده‌چه‌وسێننه‌وه‌ و له‌ دادپه‌روه‌ری بێبه‌شیان ده‌كه‌ن، هه‌ژار و نه‌داریان چه‌وسانده‌وه‌ و به‌ ناڕه‌وا سته‌میان له‌ ئاواره‌ كرد.
30
«له‌نێویاندا به‌دوای پیاوێكدا گه‌ڕام شووراكه‌ بنیاد بنێته‌وه‌ و له‌ پێناوی خاكه‌كه‌ له‌ كه‌لێنی شووراكه‌وه‌ له‌به‌رده‌مم ڕابوه‌ستێت، بۆ ئه‌وه‌ی وێرانی نه‌كه‌م، به‌ڵام ده‌ستم نه‌كه‌وت.
31
له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌ڵچوونی خۆمیان به‌سه‌ردا هه‌ڵده‌ڕێژم، به‌ ئاگری تووڕه‌ییم له‌ناویان ده‌به‌م، كرده‌وه‌كانی خۆیان به‌سه‌ر خۆیاندا ده‌هێنمه‌وه‌. ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانی باڵاده‌سته‌.»
  1. a. 22‏:10 ژنی گڵاو: بڕوانه‌\+xt لێڤییه‌كان 15‏:19‏-24.‏\+xt*‏