عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
دروستکردنی خشتی قوڕ بەبێ کا 
1
دواتر موسا و هارون هاتن و بە فیرعەونیان گوت: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل وا دەفەرموێت: ”بهێڵە گەلەکەم بڕۆن، بۆ ئەوەی لە چۆڵەوانی جەژنم بۆ بگێڕن.“»
2
فیرعەونیش گوتی: «یەزدان کێیە هەتا گوێ لە قسەی بگرم و بهێڵم ئیسرائیل بڕۆن؟ یەزدان ناناسم و هەروەها ناهێڵم نەوەی ئیسرائیل بڕۆن.»
3
ئەوانیش گوتیان: «خودای عیبرانییەکان بەسەری کردینەوە، سێ ڕۆژەڕێ لە چۆڵەوانی دەڕۆین و قوربانی بۆ یەزدانی پەروەردگارمان سەردەبڕین، نەوەک تووشی دەرد یان شمشێرمان بکات.»
4
بەڵام پاشای میسر پێی گوتن: «موسا و هارون، بۆچی گەل لە ئیش دەکەن؟ بڕۆن بەلای بارگرانییەکەتانەوە.»
5
هەروەها فیرعەون گوتی: «ئەوەتا ئێستا گەلی خاکەکە زۆرن و ئێوە لە بارگرانییەکەیان دەیانحەسێننەوە.»
6
هەر لەو ڕۆژە فیرعەون فەرمانی دا بەوانەی بێگاری بە گەل دەکەن و بەوانەش کە سەرکارن و گوتی:
7
«ئیتر وەک پێشتر کا مەدەنە گەل بۆ خشت دروستکردن، با خۆیان بچن و کا بۆ خۆیان کۆبکەنەوە.
8
بەڵام ئەوەندە خشتەی کە پێشتر دروستیان دەکرد با هەر لەسەریان بێت، کەمی مەکەنەوە، چونکە ئەوانە تەمبەڵن، لەبەر ئەوەیە هاوار دەکەن: ”بهێڵە با بڕۆین و قوربانی بۆ خودامان سەرببڕین.“
9
با کارەکە قورستر بێت لەسەر خەڵکەکە، هەتا پێی سەرقاڵ بن و ئاوڕ لە قسەی درۆ نەدەنەوە.»
10
ئیتر ئەوانەی بێگارییان پێ دەکردن و سەرکارەکانی خەڵک چوونە دەرەوە و بە گەلیان گوت: «فیرعەون ئاوا دەڵێت: ”ئیتر کاتان نادەمێ،
11
بڕۆن بۆ خۆتان لەکوێ کا پەیدا دەکەن پەیدای بکەن، بەڵام هیچ لە کارەکانیشتان کەم ناکرێتەوە.“»
12
ئیتر خەڵکەکە لە هەموو خاکی میسر بڵاو بوونەوە بۆ پووش کۆکردنەوە لە جیاتی کا.
13
سەرکارانیش پەلەیان لێ دەکردن و دەیانگوت: «کاری ڕۆژانەکەتان تەواو بکەن، هەر ڕۆژە بەشی خۆی، هەروەک پێشتر کاتێک کا هەبوو.»
14
ئیتر سەرکارەکانی نەوەی ئیسرائیل لێیان درا، ئەوانەی کە سەرکارەکانی فیرعەون لەسەریان دایاننابوون، لێیان پرسین: «بۆچی ئەرکی خۆتان لە خشت دروستکردن تەواو نەکردووە وەک پێشتر، دوێنێ و هەروەها ئەمڕۆش؟»
15
سەرکارەکانی نەوەی ئیسرائیلیش هاتن هاواریان بۆ فیرعەون هێنا و گوتیان: «بۆچی وا لە خزمەتکارەکانت دەکەیت؟
16
کا نادرێتە خزمەتکارەکانت و لەگەڵ ئەوەشدا پێمان دەگوترێت ”خشت دروستبکەن!“ ئەوەتا خزمەتکارەکانت لێیان دراوە، بەڵام هەڵەکە لە گەلی خۆتەوەیە.»
17
ئەویش گوتی: «تەمبەڵن! ئێوە تەمبەڵن، لەبەر ئەوەیە دەڵێن: ”دەچین و قوربانی بۆ یەزدان سەردەبڕین.“
18
ئێستاش بڕۆن کار بکەن، کاشتان نادرێتێ و لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە ژمارەی خشتە قوڕەکان وەک جاران بێت.»
19
سەرکارەکانی نەوەی ئیسرائیل بینییان تێکەوتوون، چونکە پێیان گوترا: «لە خشتەکەتان کەم ناکرێتەوە، هەر ڕۆژە و بەشی خۆی.»
20
کە لەلای فیرعەون هاتنە دەرەوە تووشی موسا و هارون بوون چاوەڕێیان دەکردن.
21
پێیان گوتن: «حەواڵەی یەزدانتان دەکەین با خۆی حوکم بدات، چونکە ئێوە ئێسک گرانتان کردین لەبەرچاوی فیرعەون و خزمەتکارەکانی، شمشێرتان دایە دەستی بۆ کوشتنمان.»
بەڵێنی ڕزگارکردن لەلایەن خوداوە 
22
موسا گەڕایەوە لای یەزدان و گوتی: «پەروەردگار بۆ خراپەت لەگەڵ ئەم گەلە کرد؟ بۆچی منت نارد؟
23
لەو کاتەوەی چوومە لای فیرعەون بە ناوی تۆوە بدوێم، ئەو خراپەی لەگەڵ ئەم گەلە کرد، تۆش فریای گەلەکەت نەکەوتیت.»