عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
نیشانه‌ بۆ موسا 
1
موسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و گوتی: «گریمان بڕوایان پێ نه‌كردم و گوێیان له‌ قسه‌كانم نه‌گرت، به‌ڵكو بڵێن ”یه‌زدان بۆت ده‌رنه‌كه‌وتووه‌.“»
2
یه‌زدانیش پێی فه‌رموو: «ئه‌وه‌ چییه‌ له‌ ده‌ستت؟»
ئه‌ویش گوتی: «گۆچان.»
3
فه‌رمووی: «فڕێیبده‌ سه‌ر زه‌وی.»
ئه‌ویش فڕێیدایه‌ سه‌ر زه‌وی و بوو به‌ مار. ئیتر موسا له‌به‌ری هه‌ڵات.
4
ئینجا یه‌زدان به‌ موسای فه‌رموو: «ده‌ست درێژبكه‌ و كلكی بگره‌.» جا ده‌ستی درێژكرد و گرتی، بووه‌وه‌ به‌ گۆچان له‌ ده‌ستی.
5
«بۆ ئه‌وه‌ی بڕوا بكه‌ن كه‌ یه‌زدان بۆت ده‌ركه‌وتووه‌، خودای باوكانیان، خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوب.»
6
هه‌روه‌ها یه‌زدان پێی فه‌رموو: «ده‌ستت بخه‌ره‌ ناو باخه‌ڵت.» ئه‌ویش ده‌ستی خسته‌ ناو باخه‌ڵی و ده‌ریهێنایه‌وه‌، بینی ده‌ستی گول[a] بووه‌، وه‌ك به‌فره‌.
7
ئینجا فه‌رمووی: «ده‌ستت بخه‌ره‌وه‌ ناو باخه‌ڵت.» ئه‌ویش ده‌ستی خسته‌وه‌ ناو باخه‌ڵی، ئینجا له‌ناو باخه‌ڵی ده‌ریهێنایه‌وه‌، بینی وه‌ك هه‌موو به‌شه‌كانی له‌شی لێهاتووه‌ته‌وه‌.
8
«به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌گه‌ر بڕوایان پێ نه‌كردیت و گرنگی به‌ نیشانه‌ی یه‌كه‌م نه‌دا، ئه‌وا گرنگی به‌ نیشانه‌ی دووه‌م ده‌ده‌ن.
9
به‌ڵام ئه‌گه‌ر بڕوایان به‌و دوو نیشانه‌یه‌ نه‌كرد و گوێیان له‌ قسه‌كانت نه‌گرت، ئه‌وا تۆ هه‌ندێك له‌ ئاوی نیل ده‌به‌یت و له‌سه‌ر وشكانی ده‌یڕێژیت، ئیتر ئه‌و ئاوه‌ی له‌ نیله‌وه‌ ده‌یبه‌یت، له‌سه‌ر وشكانی ده‌بێته‌ خوێن.»
10
موسا به‌ یه‌زدانی گوت: «ئه‌ی په‌روه‌ردگار، من پیاوی قسه‌ نیم، نه‌ له‌ ڕابردوو و نه‌ له‌و كاته‌وه‌ی له‌گه‌ڵ خزمه‌تكاره‌كه‌ت دوایت. به‌ڵكو من ده‌م گران و زمان گرانم.»
11
یه‌زدانیش پێی فه‌رموو: «كێ ده‌می بۆ مرۆڤ دروستكردووه‌، یان كێ لاڵ یان كه‌ڕ، بینا یان نابینای دروستكردووه‌، ئایا منی یه‌زدان نیم؟
12
ئێستا بڕۆ، منیش له‌گه‌ڵ زمانت ده‌بم و ئه‌وه‌ت فێر ده‌كه‌م كه‌ پێی ده‌دوێیت.»
13
به‌ڵام ئه‌و گوتی: «ئه‌ی په‌روه‌ردگار ببوره‌، كه‌سێكی دیكه‌ بنێره‌.»
14
تووڕه‌یی یه‌زدان به‌سه‌ر موسادا جۆشا و فه‌رمووی: «ئایا هارونی لێڤی برات نییه‌، ده‌زانم ئه‌و قسه‌زانه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و ئێستا وا له‌ ڕێگایه‌ بۆ پێشوازیت، كاتێك ده‌تبینێت دڵخۆش ده‌بێت.
15
له‌گه‌ڵی ده‌دوێیت و وته‌كانم ده‌خه‌یته‌ سه‌ر زمانی، منیش له‌گه‌ڵ زمانی تۆ و زمانی ئه‌و ده‌بم و فێرتان ده‌كه‌م چی بكه‌ن.
16
ئه‌و له‌ جیاتی تۆ له‌گه‌ڵ گه‌ل ده‌دوێت، ئه‌و بۆ تۆ وه‌ك ده‌م ده‌بێت و تۆش بۆ ئه‌و وه‌ك خودا.
17
ئه‌م گۆچانه‌ش كه‌ نیشانه‌كانی پێده‌كه‌یت، له‌ ده‌ستت ده‌یگریت.»
گه‌ڕانه‌وه‌ موسا بۆ میسر 
18
ئینجا موسا چوو و گه‌ڕایه‌وه‌ لای یه‌ترۆی خه‌زووری، پێی گوت: «من ده‌ڕۆم و ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ لای براكانی خۆم كه‌ له‌ میسرن، بۆ ئه‌وه‌ی ببینم ئایا هێشتا زیندوون.»
یه‌ترۆش به‌ موسای گوت: «بڕۆ به‌ سه‌لامه‌تی.»
19
یه‌زدان له‌ میدیان به‌ موسای فه‌رمووبوو: «بڕۆ و بگه‌ڕێوه‌ بۆ میسر، چونكه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌دوای كوشتنتدا ده‌گه‌ڕان مردن.»
20
ئیتر موسا ژنه‌كه‌ی و منداڵه‌كانی هه‌ڵگرت و سواری گوێدرێژی كردن و بردنی و گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ خاكی میسر. موسا گۆچانه‌كه‌ی خوداشی له‌ ده‌ستی گرت.
21
یه‌زدان به‌ موسای فه‌رموو: «كاتێك ده‌گه‌ڕێیته‌وه‌ میسر، سه‌رنج بده‌ هه‌موو په‌رجووه‌كان[b] كه‌ له‌ ده‌ستی تۆم داناوه‌ و له‌به‌رده‌م فیرعه‌ون ئه‌نجامیان بده‌، به‌ڵام من دڵی ڕه‌ق ده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی نه‌هێڵێت گه‌له‌كه‌ بڕۆن.
22
به‌ فیرعه‌ون ده‌ڵێیت: ”یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: نه‌وه‌ی ئیسرائیل كوڕه‌ نۆبه‌ره‌مه‌،
23
پێم فه‌رمووی، ’بهێڵه‌ كوڕه‌كه‌م بچێت بۆ ئه‌وه‌ی بمپه‌رستێت.‘ به‌ڵام تۆ ڕازی نه‌بوویت بهێڵیت بڕوات، من وا كوڕه‌كه‌ت، نۆبه‌ره‌كه‌ت ده‌كوژم.“»
24
ئه‌وه‌ بوو له‌ ڕێگا، له‌و شوێنه‌ی بۆ شه‌ومانه‌وه‌ لێی وه‌ستان، یه‌زدان تووشی هات[c] و ویستی بیكوژێت.
25
به‌ڵام چیپۆره‌ به‌رده‌ئه‌ستێیه‌كی هه‌ڵگرت و كوڕه‌كه‌ی خه‌ته‌نه‌ كرد و پارچه‌ گۆشته‌كه‌ی له‌ پێیه‌كانی[d] دا، گوتی: «چونكه‌ تۆ زاوای خوێنی بۆ من.»
26
ئیتر یه‌زدان وازی لێ هێنا، له‌و كاته‌ش چیپۆره‌ گوتی، «زاوای خوێن،» له‌به‌ر خه‌ته‌نه‌كردنه‌كه‌.
27
یه‌زدان به‌ هارونی فه‌رموو: «بڕۆ چۆڵه‌وانی بۆ پێشوازی موسا.» ئه‌ویش چوو و له‌ كێوی خودا تووشی بوو و ماچی كرد.
28
ئیتر موسا هه‌موو فه‌رمایشته‌كانی یه‌زدانی به‌ هارون ڕاگه‌یاند كه‌ موسای ناردبوو بۆی، هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌و نیشانانه‌ی فه‌رمانی پێدابوو.
29
موسا و هارون چوون و هه‌موو پیرانی نه‌وه‌ی ئیسرائیلیان كۆكرده‌وه‌.
30
هارون هه‌موو فه‌رمایشته‌كانی یه‌زدان كه‌ به‌ موسای فه‌رمووبوو پێی ڕاگه‌یاندن و له‌به‌رچاوی گه‌ل نیشانه‌كانی كرد.
31
ئیتر گه‌ل باوه‌ڕیان هێنا، كاتێك گوێیان لێبوو یه‌زدان نه‌وه‌ی ئیسرائیلی به‌سه‌ركردووه‌ته‌وه‌ و ته‌ماشای زه‌لیلییه‌كه‌یانی كردووه‌، دانه‌وینه‌وه‌ و كڕنۆشیان برد.
  1. a. 4‏:6 گول: له‌ زمانی عیبری ئه‌م وشه‌یه‌ بۆ چه‌ند نه‌خۆشییه‌كی جیاوازی پێست به‌كارده‌هێنرا.
  2. b. 4‏:21 په‌رجوو: موعجیزه‌.
  3. c. 4‏:24 تووشی هات: ده‌شێت موسا یان گێرشۆمی كوڕه‌كه‌ی بێت.
  4. d. 4‏:25 پێیه‌كانی: ده‌شێت پێیه‌كانی موسا یان پێیه‌كانی گێرشۆمی كوڕه‌كه‌ی بێت.