عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
دروستكردنی خشتی قوڕ به‌بێ كا 
1
دواتر موسا و هارون هاتن و به‌ فیرعه‌ونیان گوت: «یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیل وا ده‌فه‌رموێت: ”بهێڵه‌ گه‌له‌كه‌م بڕۆن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ چۆڵه‌وانی جه‌ژنم بۆ بگێڕن.“»
2
فیرعه‌ونیش گوتی: «یه‌زدان كێیه‌ هه‌تا گوێ له‌ قسه‌ی بگرم و بهێڵم ئیسرائیل بڕۆن؟ یه‌زدان ناناسم و هه‌روه‌ها ناهێڵم نه‌وه‌ی ئیسرائیل بڕۆن.»
3
ئه‌وانیش گوتیان: «خودای عیبرانییه‌كان به‌سه‌ری كردینه‌وه‌، سێ ڕۆژه‌ڕێ له‌ چۆڵه‌وانی ده‌ڕۆین و قوربانی بۆ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارمان سه‌رده‌بڕین، نه‌وه‌ك تووشی ده‌رد یان شمشێرمان بكات.»
4
به‌ڵام پاشای میسر پێی گوتن: «موسا و هارون، بۆچی گه‌ل له‌ ئیش ده‌كه‌ن؟ بڕۆن به‌لای بارگرانییه‌كه‌تانه‌وه‌.»
5
هه‌روه‌ها فیرعه‌ون گوتی: «ئه‌وه‌تا ئێستا گه‌لی خاكه‌كه‌ زۆرن و ئێوه‌ له‌ بارگرانییه‌كه‌یان ده‌یانحه‌سێننه‌وه‌.»
6
هه‌ر له‌و ڕۆژه‌ فیرعه‌ون فه‌رمانی دا به‌وانه‌ی بێگاری به‌ گه‌ل ده‌كه‌ن و به‌وانه‌ش كه‌ سه‌ركارن، گوتی:
7
«ئیتر وه‌ك پێشتر كا مه‌ده‌نه‌ گه‌ل بۆ خشت دروستكردن، با خۆیان بچن و كا بۆ خۆیان كۆبكه‌نه‌وه‌.
8
به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ خشته‌ی كه‌ پێشتر دروستیان ده‌كرد با هه‌ر له‌سه‌ریان بێت، كه‌می مه‌كه‌نه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وانه‌ ته‌مبه‌ڵن، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ هاوار ده‌كه‌ن: ”بهێڵه‌ با بڕۆین و قوربانی بۆ خودامان سه‌رببڕین.“
9
با كاره‌كه‌ قورستر بێت له‌سه‌ر خه‌ڵكه‌كه‌، هه‌تا پێی سه‌رقاڵ بن و ئاوڕ له‌ قسه‌ی درۆ نه‌ده‌نه‌وه‌.»
10
ئیتر ئه‌وانه‌ی بێگارییان پێ ده‌كردن و سه‌ركاره‌كانی خه‌ڵك چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ و به‌ گه‌لیان گوت: «فیرعه‌ون ئاوا ده‌ڵێت: ”ئیتر كاتان ناده‌مێ،
11
بڕۆن بۆ خۆتان له‌كوێ كا په‌یدا ده‌كه‌ن په‌یدای بكه‌ن، به‌ڵام هیچ له‌ كاره‌كانیشتان كه‌م ناكرێته‌وه‌.“»
12
ئیتر خه‌ڵكه‌كه‌ له‌ هه‌موو خاكی میسر بڵاو بوونه‌وه‌ بۆ پووش كۆكردنه‌وه‌ له‌ جیاتی كا.
13
سه‌ركارانیش په‌له‌یان لێ ده‌كردن و ده‌یانگوت: «كاری ڕۆژانه‌كه‌تان ته‌واو بكه‌ن، هه‌ر ڕۆژه‌ به‌شی خۆی، هه‌روه‌ك پێشتر كاتێك كا هه‌بوو.»
14
ئیتر سه‌ركاره‌كانی نه‌وه‌ی ئیسرائیل لێیان درا، ئه‌وانه‌ی كه‌ سه‌ركاره‌كانی فیرعه‌ون له‌سه‌ریان دایاننابوون، لێیان پرسین: «بۆچی ئه‌ركی خۆتان له‌ خشت دروستكردن ته‌واو نه‌كردووه‌ وه‌ك پێشتر، دوێنێ و هه‌روه‌ها ئه‌مڕۆش؟»
15
سه‌ركاره‌كانی نه‌وه‌ی ئیسرائیلیش هاتن هاواریان بۆ فیرعه‌ون هێنا و گوتیان: «بۆچی وا له‌ خزمه‌تكاره‌كانت ده‌كه‌یت؟
16
كا نادرێته‌ خزمه‌تكاره‌كانت و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێمان ده‌گوترێت ”خشت دروستبكه‌ن!“ ئه‌وه‌تا خزمه‌تكاره‌كانت لێیان دراوه‌، به‌ڵام هه‌ڵه‌كه‌ له‌ گه‌لی خۆته‌وه‌یه‌.»
17
ئه‌ویش گوتی: «ته‌مبه‌ڵن! ئێوه‌ ته‌مبه‌ڵن، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ ده‌ڵێن: ”ده‌چین و قوربانی بۆ یه‌زدان سه‌رده‌بڕین.“
18
ئێستاش بڕۆن كار بكه‌ن، كاشتان نادرێتێ و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش خشتی قوڕیش وه‌ك جاران ده‌ده‌ن.»
19
سه‌ركاره‌كانی نه‌وه‌ی ئیسرائیل بینییان تێكه‌وتوون، چونكه‌ پێیان گوترا: «له‌ خشته‌كه‌تان كه‌م ناكرێته‌وه‌، هه‌ر ڕۆژه‌ و به‌شی خۆی.»
20
كه‌ له‌لای فیرعه‌ون هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ تووشی موسا و هارون بوون چاوه‌ڕێیان ده‌كردن.
21
پێیان گوتن: «حه‌واڵه‌ی یه‌زدانتان ده‌كه‌ین با خۆی حوكم بدات، چونكه‌ ئێوه‌ ئێسك گرانتان كردین له‌به‌رچاوی فیرعه‌ون و خزمه‌تكاره‌كانی، شمشێرتان دایه‌ ده‌ستی بۆ كوشتنمان.»
به‌ڵێنی ڕزگاركردن له‌لایه‌ن خوداوه‌ 
22
موسا گه‌ڕایه‌وه‌ لای یه‌زدان و گوتی: «په‌روه‌ردگار بۆ خراپه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌م گه‌له‌ كرد؟ بۆچی منت نارد؟
23
له‌و كاته‌وه‌ی چوومه‌ لای فیرعه‌ون به‌ ناوی تۆوه‌ بدوێم، ئه‌و خراپه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌م گه‌له‌ كرد، تۆش فریای گه‌له‌كه‌ت نه‌كه‌وتیت.»