عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن
 - 1
 - قوربانگاکەی قوربانی سووتاندنیشیان لە داری ئەکاسیا دروستکرد، درێژییەکەی پێنج باڵ[a] و پانییەکەی پێنج باڵ بوو، قوربانگاکە چوارگۆشە بوو، بەرزییەکەشی سێ باڵ[b] بوو.
 - 2
 - قۆچەکانیشی لەسەر هەر چوار گۆشەکەی بوون، قۆچەکان لە خۆی بوون و بە بڕۆنز ڕووکەشیان کرد.
 - 3
 - هەموو قاپوقاچاغی قوربانگاکەشیان دروستکرد، تەشت و خاکەناز و تاس و چەنگاڵ و مەقەڵییەکان، هەموو قاپوقاچاغەکەیان لە بڕۆنز دروستکرد.
 - 4
 - کەتیبەیەکیشیان بۆ قوربانگاکە دروستکرد، وەک تۆڕێکی بڕۆنز، لەژێر لێوارەکە دایاننا، لە خوارەوە هەتا ناوەڕاست.
 - 5
 - چوار ئەڵقەشیان لە هەر چوار لای کەتیبە بڕۆنزییەکە داڕشت، وەک گیرە بۆ دوو دار.
 - 6
 - دوو دارەکەشیان لە داری ئەکاسیا دروستکرد و بە بڕۆنز ڕووکەشیان کردن.
 - 7
 - دوو دارەکەیان خستە ناو ئەڵقەکانەوە، لە هەردوو لای قوربانگاکەوە، بۆ ئەوەی بەوان هەڵیبگرن، قوربانگاکەشیان لە تەختە دروستکرد و ناوەکەی بۆش بوو.
 - حەوزەکەی شوشتن
 - 8
 - حەوزەکەشیان لە بڕۆنز دروستکرد و ژێرەکەشی لە بڕۆنز بوو، لە ئاوێنە بڕۆنزییەکانی ئەو ئافرەتە خزمەتکارانەی لەلای دەروازەکەی چادری چاوپێکەوتن خزمەتیان دەکرد.
 - حەوشەکە
 - 9
 - حەوشەی چادرەکەی پەرستنیشیان لەلای باشوور دروستکرد، پەردەکانی حەوشەکەش لە کەتانی ڕستراو بوون بە درێژی سەد باڵ[c] .
 - 10
 - کۆڵەکەکانیشی بیست دانە و بیست بنکەی بڕۆنزیشی هەبوو. قولاپی کۆڵەکەکان و ئەڵقەکانیشی لە زیو بوون.
 - 11
 - بەلای باکووریش سەد باڵ، کۆڵەکەکانیشی بیست دانە و بیست بنکەی بڕۆنزیشی هەبوو. قولاپی کۆڵەکەکان و ئەڵقەکانیشی لە زیو بوون.
 - 12
 - بەلای ڕۆژئاواش پەردەکان پەنجا باڵ[d] بوون، کۆڵەکەکانیش دە دانە و بنکەکانیش دە، قولاپی کۆڵەکەکان و ئەڵقەکانی لە زیو بوون.
 - 13
 - لەلای ڕۆژهەڵاتیش ڕووەو خۆر هەڵات پەنجا باڵ.
 - 14
 - چەند پەردەیەکیش بۆ لایەکی جێگای چوونە ژوورەوەی حەوشەکە بە درێژی پازدە باڵ[e] ، کۆڵەکەکانی سێ و بنکەکانیش سێ بوون.
 - 15
 - بۆ لایەکەی دیکەی چوونە ژوورەوەی حەوشەکەش چەند پەردەیەک بە درێژایی پازدە باڵ، کۆڵەکەکانی سێ و بنکەکانیشی سێ بوون.
 - 16
 - هەموو پەردەکانی حەوشەکەش بە چواردەوریدا لە کەتانی ڕستراو بوون.
 - 17
 - هەموو بنکەکانی کۆڵەکەکانیش لە بڕۆنز بوون، قولاپی کۆڵەکە و ئەڵقەکانیان لە زیو بوون، سەرەکانیان بە زیو ڕووکەش کرابوون، هەموو کۆڵەکەکانی حەوشەکە بە ئەڵقەی زیو پێکەوە بەسترابوون.
 - 18
 - پەردەی دەروازەش بۆ دەرگای حەوشەکە، لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو بە دەستکردی جۆڵایەک چنرابوو، درێژییەکەی بیست باڵ[f] و بەرزییەکەی بە پانی پێنج باڵ[g] هەروەک پەردەکانی حەوشەکە.
 - 19
 - کۆڵەکەکانیشی چوار و بنکەکانیشی چوار بوون کە ئەوانیش لە بڕۆنز بوون، قولاپەکانی لە زیو بوون، سەرەکانی ڕووکەش کرابوون، ئەڵقەکانی لە زیو بوون.
 - 20
 - هەموو سنگەکانی چادرەکەی پەرستن و حەوشەکە بە چواردەوریدا لە بڕۆنز بوون.
 - بەکارهێنانی کانزا بەخشراوەکان
 - 21
 - ئەمەش بڕی کانزاکانی چادرەکەی پەرستنە، چادری پەیمان، بەپێی فەرمانی موسا لەلایەن لێڤییەکان تۆمارکرا، بە سەرپەرشتی ئیتاماری کوڕی هارونی کاهین.
 - 22
 - بەسەلئێلی کوڕی ئوری کوڕی حووریش کە لە هۆزی یەهودایە، هەموو ئەو شتانەی یەزدان فەرمانی بە موسا کرد جێبەجێی کرد،
 - 23
 - ئۆهۆلیئابی کوڕی ئەحیساماکی لەگەڵ بوو کە لە هۆزی دانە، نەخشێنەر و داهێنەر و جۆڵا لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ناسک.
 - 24
 - هەموو ئەو زێڕەی بەکارهێنرا بۆ هەموو کارەکانی پیرۆزگا، زێڕی بەخشراو بوو وەک قوربانی بەرزکردنەوە، بیست و نۆ تالنت و حەوت سەد و سی شاقل[h]  بە شاقلی پیرۆزگا.
 - 25
 - زیوی سەرژمێرکراوەکانی کۆمەڵەکەش، سەد تالنت و هەزار و حەوت سەد و حەفتا و پێنج شاقل[i] بە شاقلی پیرۆزگا.
 - 26
 - نیوە بۆ هەر سەرێک، نیو شاقل[j] بە شاقلی پیرۆزگا بۆ هەرکەسێک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە سەرژمێر کرابێت، بۆ شەش سەد و سێ هەزار و پێنج سەد و پەنجا کەس.
 - 27
 - سەد تالنتیش لە زیوەکە[k] بۆ داڕشتنی بنکەکانی پیرۆزگا و بنکەکانی پەردەکە[l] بەکارهات، سەد بنکە بۆ سەد کێش، کێشێک بۆ بنکەیەک.
 - 28
 - هەزار و حەوت سەد و حەفتا و پێنج شاقلەکەش قولاپی لێ دروستکرا و سەری کۆڵەکەکانی پێ ڕووکەش کرا، هەروەها ئەڵقەی پێکەوە بەستنی لێ دروستکرا.
 - 29
 - بڕۆنزە بەخشراوەکەش وەک قوربانی بەرزکردنەوە، حەفتا تالنت و دوو هەزار و چوار سەد شاقل[m] بوو،
 - 30
 - بەویش بنکەکانی دەروازەی چادری چاوپێکەوتن و قوربانگا بڕۆنزییەکە و کەتیبە بڕۆنزییەکەی و هەموو قاپوقاچاغەکانی قوربانگاکە دروستکران،
 - 31
 - هەروەها بنکەکانی حەوشەکە بە چواردەوریدا و بنکەکانی دەروازەی حەوشەکە و هەموو سنگەکانی چادرەکەی پەرستن و هەموو سنگەکانی حەوشەکە بە چواردەوریدا.
 
- a. 38:1 پێنج باڵ: نزیکەی 2,3 مەتر.
 - b. 38:1 سێ باڵ: نزیکەی 1,4 مەتر.
 - c. 38:9 سەد باڵ: نزیکەی 46 مەتر.
 - d. 38:12 پەنجا باڵ: نزیکەی 23 مەتر.
 - e. 38:14 پازدە باڵ: نزیکەی 6,9 مەتر.
 - f. 38:18 بیست باڵ: نزیکەی 9 مەتر.
 - g. 38:18 پێنج باڵ: نزیکەی 2,3 مەتر.
 - h. 38:24 بیست و نۆ تالنت و حەوت سەد و سی شاقل: نزیکەی تەنێکی زێڕ دەبوو.
 - i. 38:25 کەمێک زیاتر لە 3,4 تەن زیو دەبوو.
 - j. 38:26 نیو شاقل: نزیکەی 5,5 گرام.
 - k. 38:27 سەد تالنتیش لە زیوەکە: نزیکەی سێ هەزار و چوار سەد کیلۆگرامی زیو دەبوو.
 - l. 38:27 پەردەکە: بڕوانە 26:31.
 - m. 38:29 حەفتا تالنت و دوو هەزار و چوار سەد شاقل: نزیکەی 2400 کیلۆگرام.
 

