عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
«ئەمانەش ئەو یاسایانەیە کە لەبەردەمیان دایدەنێیت:
کۆیلەی عیبرانی 
2
«ئەگەر کۆیلەیەکی عیبرانیتان کڕی ئەوا شەش ساڵ خزمەت دەکات و ساڵی حەوتەم بەخۆڕایی ئازاد دەبێت.
3
ئەگەر بە تەنها هاتبوو ئەوا بە تەنها ئازاد دەبێت، بەڵام ئەگەر مێردی ژنێک بوو ئەوا ژنەکەشی لەگەڵی ئازاد دەبێت.
4
ئەگەر گەورەکەی ژنێکی پێدابێت و ژنەکە کوڕ یان کچی بۆی بووبێت، ئەوا ژن و منداڵەکان بۆ گەورەکەی دەبن و ئەو بە تەنها ئازاد دەبێت.
5
«بەڵام ئەگەر کۆیلەکە بە ڕاستی بڵێت: ”گەورەکەم و ژنەکەم و منداڵەکانم خۆشدەوێت و ئازاد نابم،“
6
ئەوا گەورەکەی پێویستە بیباتە پێش خودا. ئینجا نزیکی دەکاتەوە لە دەرگاکە یان لەلایەکی چوارچێوەی دەرگاکە، گەورەکەی بە درێشە[a] گوێی کون دەکات، ئەویش هەتاهەتایە خزمەتی دەکات.
7
«ئەگەر پیاوێک کچەکەی خۆی فرۆشت وەک کۆیلە، ئەوا وەک پیاوێکی کۆیلە ئازاد نابێت.
8
ئەگەر کچەکە نەبێتە جێی ڕەزامەندی گەورەکەی، کە نیشانی کردووە بۆ خۆی، ئەوا دەبێت ڕێ بە کچەکە بدات بکڕدرێتەوە. ئیتر مافی فرۆشتنی نییە بە خەڵکێکی بێگانە، چونکە لەگەڵ کچەکە بێوەفا بووە.
9
ئەگەر کچەکەی نیشان کرد بۆ کوڕەکەی ئەوا پێویستە وەک کچی خۆی هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکات.
10
ئەگەر ژنێکی دیکەی هێنا، ئەوا پێویستە خواردن و بەرگ و جووتبوونی لەگەڵ ئەو کەم نەکاتەوە.
11
ئەگەر یەکێک لەو سێیانەی بۆ نەکرد، ئەوا کەنیزەکە بەخۆڕایی ئازاد دەبێت.
12
«ئەوەی لە کەسێک بدات و بمرێت، ئەوا دەبێت بکوژرێت.
13
بەڵام ئەوەی مەبەستی نەبوو، بەڵکو خودا هێشتی ڕوو بدات، ئەوا من شوێنێکت بۆ دیاری دەکەم هەتا هەڵبێت بۆ ئەوێ.
14
بەڵام ئەگەر یەکێک فێڵ لە برادەرەکەی بکات و بە ئەنقەست بیکوژێت، ئەوا لەلای قوربانگاکەمەوە دەیبەیت بۆ کوشتن.
15
«ئەوەی لە دایک و باوکی بدات، ئەوا دەبێت بکوژرێت.
16
«ئەوەی کەسێک بڕفێنێت و بیفرۆشێت یان لەلای بیبیننەوە، ئەوا دەبێت بکوژرێت.
17
«ئەوەی نەفرەت لە باوکی یان دایکی بکات، دەبێت بکوژرێت.
18
«کاتێک دوو پیاو ناکۆکییان دەبێت و یەکێکیان بە بەرد یان بە مست لە برادەرەکەی بدات و نەمرد بەڵکو لە جێگا کەوت،
19
ئەگەر هەستایەوە و لە دەرەوە بە گۆچانەکەی ڕۆیشت، ئەوا ئەوەی لێیداوە بێتاوان دەبێت، تەنها قەرەبووی ئەو کاتەی بۆ بکاتەوە و خەرجی چارەسەرییەکەی بدات، هەتا بە تەواوی چاک دەبێتەوە.
20
«ئەگەر کەسێک بە دار لە کۆیلەکەی یان کارەکەرەکەی بدات و لەژێر دەستیدا بمرێت، ئەوا سزا دەدرێت،
21
بەڵام ئەگەر لەدوای ڕۆژێک یان دووان چاک بووەوە، ئەوا سزا نادرێت، چونکە موڵکی خۆیەتی.
22
«ئەگەر چەند پیاوێک شەڕیان کرد و بە ڕێککەوت لە ژنێکی سکپڕیان دا و بەهۆیەوە منداڵەکەی پێش کاتی خۆی لەدایک بوو، بەڵام زیانی کوشندەی نەبوو، ئەوا بێگومان بەگوێرەی دادگا سزای ماددی دەدرێن، بەپێی ئەوەی مێردی ژنەکە لەسەریان دادەنێت.
23
بەڵام ئەگەر زیانی کوشندەی هەبێت، ئەوا گیان لە جێی گیان دەبێت،
24
چاو بە چاو، ددان بە ددان، دەست بە دەست، پێ بە پێ،
25
سووتان لە جێی سووتان، برین لە جێی برین و لێدان لە جێی لێدان.
26
«کاتێک یەکێک لە چاوی کۆیلەکەی یان چاوی کارەکەرەکەی دا و کوێری کرد، ئەوا ئازادی دەکات لە جیاتی چاوی.
27
ئەگەر ددانی کۆیلەکەی یان کارەکەرەکەی کەوت، ئەوا ئازادی دەکات لە جیاتی ددانی.
28
«ئەگەر گایەک قۆچی لە پیاوێک یان لە ژنێک دا و مرد، ئەوا گایەکە بەردباران دەکرێت و گۆشتەکەشی ناخورێت، بەڵام خاوەنی گایەکە بێتاوان دەبێت.
29
بەڵام ئەگەر گایەکە پێشتر قۆچوەشێن بێت، خاوەنەکەی ئاگادار کرابێتەوە بەڵام لە پشتیرەکە[b] بەندی نەکردبێت، پیاوێک یان ژنێکی کوشت، ئەوا گایەکە بەردباران دەکرێت و خاوەنەکەشی دەکوژرێت.
30
ئەگەر نرخ بخرێتە سەری، ئەوا بۆ کڕینەوەی ژیانی خۆی هەرچی بکەوێتە سەر دەبێت بیدات.
31
ئەگەر قۆچ لە کوڕێک یان لە کچێک بدات، ئەوا هەمان ئەو حوکمەی لەسەر جێبەجێ دەکرێت.
32
ئەگەر گایەکە قۆچ لە کۆیلەیەک یان کارەکەرێک بدات، ئەوا گەورەکەی سی شاقل[c] زیو دەدات و گایەکەش بەردباران دەکرێت.
33
«کاتێک کەسێک سەری بیرێک دەکاتەوە یان بیرێک لێدەدات و سەرەکەی دانەپۆشێت، گایەک یان گوێدرێژێک بکەوێتە ناوی،
34
ئەوا خاوەن بیرەکە قەرەبوو دەداتەوە و زیو دەداتە خاوەنەکەی، ئاژەڵە مردارەوەبووەکەش یان تۆپیوەکە بۆ ئەو دەبێت.
35
«ئەگەر گای کەسێک لە گای برادەرەکەی دا و کوشتی، ئەوا گایە زیندووەکە دەفرۆشن و نرخەکەی بەش دەکەن، هەروەها گایە مردارەوەبووەکەش دابەش دەکەن.
36
ئەگەر زانراش کە گایەکە پێشتر قۆچوەشێن بووە و خاوەنەکەی لە پشتیرەکە بەندی نەکردووە، ئەوا خاوەن گا قۆچوەشێنەکە دەبێت گایەک لە جێی گایەک بدات و تەنها گایە مردارەوەبووەکەش وەربگرێت.
  1. a. 21‏:6 درەوش.‏
  2. b. 21‏:29 پشتیر: گەوڕ، شوێنێکی تایبەت بووە بە پەروەردەکردنی ئاژەڵ.‏
  3. c. 21‏:32 سی شاقل: نزیکەی 345 گرام.‏