عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
چەوساندنەوەی نەوەی ئیسرائیل 
1
ئەمانە ناوی کوڕەکانی ئیسرائیلن کە لەگەڵ یاقوب چوونە میسر، هەریەک لەگەڵ خێزانەکەی:
2
ڕەئوبێن، شیمۆن، لێڤی و یەهودا،
3
یەساخار، زەبولون و بنیامین،
4
دان و نەفتالی،
گاد و ئاشێر.
5
هەموو وەچەکانی یاقوب حەفتا[a] کەس بوون، بێجگە لە یوسف کە لە میسر بوو.
6
یوسف و هەموو براکانی و هەموو ئەو نەوەیە مردن،
7
بەڵام نەوەی ئیسرائیل بەردار بوون، زۆر زیاد بوون و زۆر و توانادارتر بوون، خاکەکە پڕ بوو لەوان.
8
ئینجا لە میسر پاشایەکی نوێ هاتە سەر تەخت کە یوسفی نەدەناسی.
9
بە گەلەکەی گوت: «تەماشا بکەن، نەوەی ئیسرائیل گەلێکن لە ئێمە زۆرتر و بەتواناترن.
10
وەرن با دانا بین، نەوەک زۆرتریش ببن، کاتێک بکەوینە جەنگەوە، ئەوان بچنە پاڵ دوژمنەکانمان و لە دژمان بجەنگن و ئەم خاکە بەجێبهێڵن.»
11
بۆیە سەرکاری بێگارییان لەسەر دانان، بۆ ئەوەی بە بارگرانییەکەیان زەلیلیان بکەن، ئیتر شارەکانی پیتۆم و ڕەعمسێسیان بۆ ئەمبارکردن بۆ فیرعەون بنیاد نا.
12
بەڵام هەرچەندە زەلیلیان دەکردن ئەوەندە گەشەیان دەکرد و بەربڵاو دەبوون، ئیتر لەبەر ئەوە میسرییەکان بەرامبەر بە نەوەی ئیسرائیل ترسیان لێ نیشت.
13
میسرییەکان بە زەبرەوە کۆیلایەتییان بە نەوەی ئیسرائیل دەکرد.
14
ژیانیان تاڵ کردن بە کۆیلایەتییەکی سەخت، بە قوڕکاری و خشت دروستکردن و هەموو جۆرە کارێکی کێڵگە، هەموو کارێک کە پێیان دەکردن بە زەبرەوە بوو.
15
پاشای میسر بە دوو مامانی ژنە عیبرانییەکانی گوت، کە ناوی یەکێکیان شیفرە و ئەوی دیکەیان پوعە[b] بوو،
16
گوتی: «کاتێک مامانی بۆ ژنە عیبرانییەکان دەکەن لە شوێنی منداڵبوون، تەماشایان بکەن، ئەگەر کوڕ بێت بیکوژن، بەڵام ئەگەر کچ بێت با بژیێت.»
17
بەڵام مامانەکان لە خودا ترسان و ئەوەیان نەکرد کە پاشای میسر پێی گوتبوون، هێشتیان کوڕەکان بژین.
18
دواتر پاشای میسر مامانەکانی بانگکرد و لێی پرسین: «بۆچی ئەمەتان کردووە؟ بۆ هێشتتان کوڕەکان بژین؟»
19
مامانەکانیش وەڵامی فیرعەونیان دایەوە: «لەبەر ئەوەی ژنە عیبرانییەکان وەک ژنە میسرییەکان نین، ئەوان گورجوگۆڵن و پێش گەیشتنی مامان منداڵیان دەبێت.»
20
ئیتر خودا لەگەڵ مامانەکان باش بوو، گەلیش زۆر و بە توانا بوون.
21
ئەوە بوو کە مامانەکان لە خودا ترسان، خوداش خێزانی پێ بەخشین.
22
ئینجا فیرعەون فەرمانی بە هەموو گەلەکەی دا و گوتی: «هەر کوڕێکی عیبرانی کە لە دایک دەبێت، فڕێیبدەنە ناو ڕووباری نیل، بەڵام با هەموو کچەکان بژین.»
  1. a. 1‏:5 لە هەندێک دەستنووسی کۆندا بە ژمارەی حەفتا و پێنج هاتووە. بڕوانە پەیدابوون 46‏:27 و کردار 7‏:14.‏‏
  2. b. 1‏:15 ناوەکانی پوعە و شیفرە تەنها لێرە هەن. ئیتر مەرج نییە عیبری بوو بن، بەڵام یارمەتی ژنە عیبرانییەکانیان دەدا.‏