عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - وەک ڕۆڵەی ڕووناکی بژین
 - 1
 - کەواتە وەک ڕۆڵەی خۆشەویست، لاسایی خودا بکەنەوە،
 - 2
 - لە خۆشەویستیدا بژین، وەک مەسیح خۆشیویستین و لە پێناوی ئێمەدا خۆی بەختکرد، قوربانییەک و سەربڕاوێک، بۆنخۆش بۆ خودا.
 - 3
 - بەڵام داوێنپیسی و هەموو گڵاوییەک یان چاوچنۆکییەک با لەنێوتاندا ناوی نەبێت، چونکە ئەمانە لە گەلی پیرۆزی خودا ناوەشێتەوە،
 - 4
 - نەک بێ شەرمی و قسەی ناشیرین و سووک کە ناشێت، بەڵکو لە جیاتی ئەمە سوپاسکردن.
 - 5
 - بێگومان بن لەوەی هەموو داوێنپیسێک یان گڵاو یان چاوچنۆکێک لە شانشینی مەسیح و خودا میراتی نییە، چونکە چاوچنۆک بتپەرستە.
 - 6
 - کەس بە قسەی پووچ هەڵتاننەخەڵەتێنێ، چونکە بەهۆی ئەمانە تووڕەیی خودا دێتە سەر کوڕەکانی یاخیبوون.
 - 7
 - بۆیە هاوبەشییان مەکەن.
 - 8
 - پێشتر ئێوە تاریکی بوون، بەڵام ئێستا ڕووناکین بەهۆی یەکبوونتان لەگەڵ مەسیحی باڵادەست. وەک ڕۆڵەی ڕووناکی بژین،
 - 9
 - چونکە بەروبوومی ڕووناکی لە هەموو چاکە و ڕاستودروستی و ڕاستییەکدایە،
 - 10
 - هەروەها بزانن کە چی جێگەی ڕەزامەندی مەسیحی خاوەن شکۆیە.
 - 11
 - بەشداری کرداری تاریکی بێ بەرهەم مەکەن، بەڵکو ئاشکرای بکەن،
 - 12
 - چونکە ئەو کارانەی بە دزی دەیکەن، تەنانەت ناوهێنانیشی شەرمەزارییە.
 - 13
 - بەڵام هەموو شتێک لە ڕووناکیدا ئاشکرا بکرێت دەبینرێت،
 - 14
 - چونکە هەر شتێک ببینرێت ڕووناکییە. بۆیە دەڵێت:
«ئەی نوستوو هەستە،
لەنێو مردووان هەستەوە،
مەسیح بەسەرتدا دەدرەوشێتەوە.»[a] - 15
 - ئاگاداربن چۆن دەژین، نەک وەک نەفام، بەڵکو وەک دانا،
 - 16
 - کات بقۆزنەوە، چونکە زەمانە بەدکارە.
 - 17
 - گێل مەبن، بەڵکو تێبگەن خواستی مەسیحی باڵادەست چییە.
 - 18
 - بە شەراب سەرخۆش مەبن کە بەڕەڵایی تێدایە، بەڵکو پڕبن لە ڕۆحی پیرۆز:
 - 19
 - لەگەڵ یەکتری بە زەبوور و سروود و گۆرانی ڕۆحی بدوێن، لە دڵتانەوە گۆرانی و ستران بۆ یەزدان بڵێن،
 - 20
 - هەموو کاتێک و بۆ هەموو شتێک بە ناوی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان سوپاسی خودای باوک بکەن،
 - 21
 - بە ترسی مەسیح ملکەچی یەکتری بن.
 - ژن و مێرد
 - 22
 - ئەی ژنان، ملکەچی مێردەکانتان بن هەروەک چۆن ملکەچی مەسیحن.
 - 23
 - وەک چۆن مەسیح سەری کڵێسایە کە جەستەی خۆیەتی و خۆی ڕزگارکەریەتی، ئاوا پیاو سەری ژنە.
 - 24
 - وەک چۆن کڵێسا ملکەچی مەسیحە، ژنانیش دەبێت لە هەموو شتێک ملکەچی مێردەکانیان بن.
 - 25
 - ئەی مێردەکان، ژنەکانتان خۆشبوێ، هەروەک مەسیحیش کڵێسای خۆشویست و لە پێناوی خۆی بەختکرد،
 - 26
 - تاکو پیرۆزی بکات و بە شوشتنی بە ئاو لە ڕێگەی وشەوە پاکی بکاتەوە،
 - 27
 - بۆ ئەوەی کڵێسایەکی شکۆدار بۆ خۆی ئامادە بکات، لەکە و لۆچ و هیچ شتێکی ئاوای نەبێت، بەڵکو پیرۆز و بێ کەموکوڕی بێت.
 - 28
 - بە هەمان شێوە پێویستە پیاوان ژنەکانیان وەک جەستەی خۆیان خۆشبوێت، ئەوەی ژنی خۆی خۆشبوێت خۆی خۆشدەوێ.
 - 29
 - کەس ڕقی لە جەستەی خۆی نابێتەوە، بەڵکو نانی دەدات و بەخێوی دەکات، هەروەک چۆن مەسیح بایەخ بە کڵێسا دەدات،
 - 30
 - چونکە ئێمە ئەندامی جەستەی ئەوین.
 - 31
 - ﴿لەبەر ئەوە پیاو دایک و باوکی خۆی بەجێدەهێڵێت و بە ژنەکەیەوە دەنووسێت، ئیتر هەردووکیان دەبنە یەک جەستە.﴾[b]
 - 32
 - ئەمە نهێنییەکی گەورەیە، بەڵام من باسی مەسیح و کڵێسا دەکەم.
 - 33
 - ئێوەش با هەر یەکێکتان ژنەکەی وەک خۆی خۆشبوێ، ژنیش ڕێز لە مێردەکەی بگرێت.
 

