عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
یەک ڕووداو بۆ هەمووان 
1
ئیتر لە هەموو ئەوانە ڕامام و بۆم دەرکەوت کە ڕاستودروستان و دانایان و کردەوەکانیان لەژێر دەسەڵاتی خودان، بەڵام کەس نازانێت لە ڕێگەی خۆشەویستی یان ڕق لێبوونەوەوە دێت.
2
هەموویان یەک چارەنووسیان هەیە، ڕاستودروست و بەدکار، چاک و خراپ، پاک و گڵاو، قوربانی سەربڕ و ئەوەی قوربانی سەرنابڕێت؛
چاکەکار و گوناهبار،
سوێندخۆر و ئەوەی دەترسێت سوێند بخوات.
3
ئەمە ئەو خراپەیە کە لە پشتی هەموو ڕووداوەکانی سەر زەوییە: کە یەک چارەنووس بۆ هەمووان بێت، هەروەها دڵی ئادەمیزاد پڕە لە خراپە، شێتییش لە دڵیاندایە لە کاتێکدا زیندوون و پاشان کە دەچنە پاڵ مردووان.
4
هەرکەسێک کە لەنێو زیندووان بێت، ئومێدەوارە. تەنانەت سەگی زیندووش لە شێری تۆپیو چاکترە!
5
زیندووان دەزانن کە دەمرن،
بەڵام مردووان هیچ نازانن و
لەمەودواش پاداشتیان نییە،
تەنانەت ناویان لەبیرکراوە.
6
خۆشەویستی و ڕق و
بەغیلیشیان لەمێژە لەناوچوون،
ئیتر بەشیان نییە هەتاهەتایە
لە هەموو ئەوەی لەسەر زەویدا دەکرێت.
7
بڕۆ بە شادی نانی خۆت بخۆ و بە دڵێکی خۆش شەرابی خۆت بنۆشە، چونکە لەمێژە خودا لە کردەوەت ڕازییە.
8
با هەموو کاتێک جلوبەرگت سپی بێت و زەیت لە سەری خۆت بدە.
9
خۆشی ببینە لەگەڵ ژنەکەت کە خۆشت دەوێت، هەموو ڕۆژانی ژیانی بێ واتات، کە خودا لەسەر زەوی پێیداویت، هەموو ڕۆژانی بێ واتات، چونکە ئەمە بەشی تۆیە لە ژیان و لە ماندووبوونەکەت کە لەسەر زەوی پێوەی ماندوو دەبیت.
10
ئەوەی لە دەستت دێت، بەوپەڕی هێز و تواناوە بیکە، چونکە نە کار و نە پلاندانان و نە زانین و نە دانایی نییە لە جیهانی مردووان، ئەوەی تۆ دەچیت بۆ ئەوێ.
11
دیاردەیەکی نوێم لەسەر زەوی بینی:
ڕاکردن بۆ سووکەڵەکان نییە و
جەنگ بۆ پاڵەوانان نییە و
نان بۆ دانایان نییە و
دەوڵەمەندی بۆ تێگەیشتووان نییە و
پەسەندی بۆ زانایان نییە،
چونکە کات و بەخت تووشی هەمووان دێت.
12
هەروەها مرۆڤ کاتی خۆی نازانێت:
وەک ئەو ماسییانەی بە تۆڕێکی لەناوبەر دەبردرێن،
یان وەک ئەو چۆلەکانەی بە تەڵەوە دەبن،
ئادەمیزادیش بە هەمان شێوەی ئەوان
لەناکاو و لە کاتێکی خراپدا دەکەونە تەڵەوە.
دانایی لە گێلایەتی باشترە 
13
ئەم داناییەشم لەسەر زەویدا بینی، لەلای من مەزنە:
14
شارێکی بچووک و خەڵکێکی کەمی تێدابوو، پاشایەکی مەزن پەلاماری دا و ئابڵوقەی دا و قوللەی مەزنی بەدەوریدا بنیاد نا.
15
ئەو شارە پیاوێکی هەژاری دانای تێدابوو، بە دانایی خۆی شارەکەی دەرباز کرد. بەڵام کەس ئەو پیاوە هەژارەی لەبیر نەما.
16
منیش گوتم: «دانایی لە هێز باشترە،» بەڵام دانایی هەژاریش بە سووکی تەماشا دەکرێت و گوێ لە قسەکانی ناگیرێت.
17
قسەی بە هێمنی لەلایەن دانایان شایانی سەرنجدانە
زیاتر لە هاواری دەسەڵاتدار لەناو گێلان.
18
دانایی لە چەکی جەنگ چاکترە،
بەڵام یەک گوناهبار چاکەیەکی زۆر تێک دەدات.