عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
یه‌ك ڕووداو بۆ هه‌مووان 
1
ئیتر هه‌موو له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ تێڕامام كه‌ ڕاستودروستان و دانایان و كرده‌وه‌كانیان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی خودان، به‌ڵام كه‌س نازانێت له‌ ڕێگه‌ی خۆشه‌ویستی یان ڕق لێبوونه‌وه‌وه‌ دێت.
2
هه‌موویان یه‌ك چاره‌نووسیان هه‌یه‌، بۆ كه‌سی ڕاستودروست و بۆ به‌دكار، بۆ چاك و بۆ خراپ، بۆ پاك بۆ گڵاو، بۆ قوربانی سه‌ربڕ و بۆ ئه‌وه‌ی قوربانی سه‌رنابڕێت.
چاكه‌كار و گوناهبار،
سوێندخۆر و ئه‌وه‌ی ده‌ترسێت سوێند بخوات.
3
ئه‌مه‌ ئه‌و خراپه‌یه‌ كه‌ له‌ پشتی هه‌موو ڕووداوه‌كانی سه‌ر زه‌وییه‌: كه‌ یه‌ك چاره‌نووس بۆ هه‌مووان بێت، هه‌روه‌ها دڵی ئاده‌میزاد پڕه‌ له‌ خراپه‌ و شێتی له‌ دڵیاندایه‌ كه‌ زیندوون و پاشانیش كه‌ ده‌چنه‌ پاڵ مردووان.
4
هه‌ركه‌سێك كه‌ له‌نێو زیندووان بێت، ئومێده‌واره‌. سه‌گی زیندووش له‌ شێری تۆپیو چاكتره‌!
5
چونكه‌ زیندووان ده‌زانن كه‌ ده‌مرن،
به‌ڵام مردووان هیچ نازانن و
له‌مه‌ودواش پاداشتیان نییه‌،
ته‌نانه‌ت ناویان له‌بیركراوه‌.
6
خۆشه‌ویستی و ڕق و
به‌غیلیشیان له‌مێژه‌ له‌ناوچوون،
ئیتر به‌شیان نییه‌ هه‌تاهه‌تایه‌
له‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر زه‌ویدا ده‌كرێت.
7
بڕۆ به‌ شادی نانی خۆت بخۆ و به‌ دڵێكی خۆش شه‌رابی خۆت بنۆشه‌، چونكه‌ له‌مێژه‌ خودا له‌ كرده‌وه‌ت ڕازییه‌.
8
با هه‌موو كاتێك جلوبه‌رگت سپی بێت و زه‌یت له‌ سه‌ری خۆت بده‌.
9
خۆشی ببینه‌ له‌گه‌ڵ ژنه‌كه‌ت كه‌ خۆشت ده‌وێت، هه‌موو ڕۆژانی ژیانی بێ واتات، كه‌ خودا له‌سه‌ر زه‌وی پێیداویت، هه‌موو ڕۆژانی بێ واتات، چونكه‌ ئه‌مه‌ به‌شی تۆیه‌ له‌ ژیان و له‌ ماندووبوونه‌كه‌ت كه‌ له‌سه‌ر زه‌وی پێوه‌ی ماندوو ده‌بیت.
10
ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستت دێ بیكه‌یت، به‌ هێزه‌وه‌، چونكه‌ نه‌ كار و نه‌ پلاندانان و نه‌ زانین و نه‌ دانایی نییه‌ له‌ جیهانی مردووان، ئه‌وه‌ی تۆ ده‌چیت بۆ ئه‌وێ.
11
دیارده‌یه‌كی نوێم له‌سه‌ر زه‌وی بینی:
ڕاكردن بۆ سووكه‌ڵه‌كان نییه‌ و
جه‌نگ بۆ پاڵه‌وانان نییه‌ و
نان بۆ دانایان نییه‌ و
ده‌وڵه‌مه‌ندی بۆ تێگه‌یشتووان نییه‌ و
په‌سه‌ندی بۆ زانایان نییه‌،
چونكه‌ كات و به‌خت تووشی هه‌مووان دێت.
12
هه‌روه‌ها مرۆڤ كاتی خۆی نازانێت:
وه‌ك ئه‌و ماسییانه‌ی به‌ تۆڕێكی له‌ناوبه‌ر ده‌بردرێن
یان وه‌ك ئه‌و چۆله‌كانه‌ی به‌ ته‌ڵه‌وه‌ ده‌بن،
وه‌ك ئه‌وان ئاده‌میزاد ڕاو ده‌كرێن له‌ كاتی خراپه‌دا
كه‌ له‌ناكاو به‌سه‌ریاندا دێت.
دانایی له‌ گێلایه‌تی باشتره‌ 
13
ئه‌م داناییه‌شم له‌سه‌ر زه‌ویدا بینی، له‌لای من مه‌زنه‌:
14
شارێكی بچووك و خه‌ڵكێكی كه‌می تێدابوو، پاشایه‌كی مه‌زن په‌لاماری دا و ئابڵوقه‌ی دا و قولله‌ی مه‌زنی به‌ده‌وریدا بنیاد نا.
15
ئه‌و شاره‌ پیاوێكی هه‌ژاری دانای تێدابوو، به‌ دانایی خۆی شاره‌كه‌ی ده‌رباز كرد. به‌ڵام كه‌س ئه‌و پیاوه‌ هه‌ژاره‌ی له‌بیر نه‌ما.
16
منیش گوتم: «دانایی له‌ هێز باشتره‌،» به‌ڵام دانایی هه‌ژاریش به‌ سووكی ته‌ماشا ده‌كرێت و گوێ له‌ قسه‌كانی ناگیرێت.
17
قسه‌ی به‌ هێمنی له‌لایه‌ن دانایان شایانی سه‌رنجدانه‌،
زیاتر له‌ هاواری ده‌سه‌ڵاتدار له‌ناو گێلان.
18
دانایی له‌ چه‌كی جه‌نگ چاكتره‌،
به‌ڵام یه‌ك گوناهبار چاكه‌یه‌كی زۆر تێك ده‌دات.