عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
كێ وه‌ك مرۆڤی دانایه‌؟
كێ ڕوونكردنه‌وه‌ی شت ده‌زانێت؟
دانایی مرۆڤ ڕووی ڕووناك ده‌كاته‌وه‌ و
تاڵی ڕوخساری ده‌گۆڕێت.
فه‌رمانی پاشا به‌جێبگه‌یه‌نه‌ 
2
من ده‌ڵێم: فه‌رمانی پاشا به‌جێبگه‌یه‌نه‌، له‌ پێناوی ئه‌و سوێنده‌ی كه‌ بۆ خودات خوارد.
3
په‌له‌ مه‌كه‌ له‌ ڕۆیشتن له‌به‌رده‌می پاشا. داكۆكی له‌ خراپه‌ مه‌كه‌، چونكه‌ پاشا هه‌رچی پێی خۆش بێت ده‌یكات.
4
فه‌رمایشتی پاشا فه‌رمووده‌ی ده‌سه‌ڵاتداره‌، كێ ده‌توانێت پێی بڵێت: «تۆ چی ده‌كه‌یت؟»
5
ئه‌وه‌ی فه‌رمانه‌كه‌ی به‌جێبگه‌یه‌نێت تووشی خراپه‌ نابێت،
دڵی داناش ده‌یزانێت كات و حوكمدان هه‌یه‌.
6
چونكه‌ هه‌ر شتێك كات و حوكمی خۆی هه‌یه‌،
هه‌رچه‌نده‌ مرۆڤ ده‌رده‌سه‌ری زۆر بێت.
7
كه‌س نازانێت له‌ داهاتوودا چی ده‌بێت،
ئه‌وه‌ی ڕووده‌دات كێ پێی ڕاده‌گه‌یه‌نێت؟
8
وه‌ك چۆن كه‌س ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر بادا نییه‌، بۆ ئه‌وه‌ی با بگرێت،
مرۆڤ ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر ڕۆژی مردندا نییه‌.
وه‌ك چۆن نه‌سره‌وتن له‌ كاتی شه‌ڕدا نییه‌،
خراپه‌كار توانای نییه‌ خۆی له‌ خراپه‌ ئازاد بكات.
9
هه‌موو ئه‌مانه‌م بینی، كه‌ سه‌رنجم دایه‌ هه‌موو ئه‌و كارانه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی كراون. كاتێك هه‌یه‌ كه‌سێك به‌سه‌ر كه‌سێكی دیكه‌دا ده‌سه‌ڵاتدار ده‌بێت بۆ زیانی خۆی.
10
به‌م جۆره‌ بینیم خراپه‌كاران له‌ گۆڕ نران، ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ شوێنی پیرۆزه‌وه‌ هاتوچۆیان ده‌كرد و له‌و شاره‌ی ئه‌و كارانه‌یان كرد ستایش كرابوون. ئه‌مه‌ش هه‌ر بێ واتایه‌.
11
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاركردن به‌ بڕیار له‌ دژی كاری خراپه‌ په‌له‌ی لێ ناكرێت، دڵی ئاده‌میزاد پڕ بووه‌ له‌ پیلانی خراپ.
12
هه‌رچه‌نده‌ به‌دكار كه‌ سه‌د جار تاوانی كردبێت ده‌توانێت ته‌مه‌نێكی درێژ بژیێت، به‌ڵام من ده‌زانم كه‌ بۆ له‌خواترس كه‌ ڕێزی خودا ده‌گرێت باشتر ده‌بێت.
13
به‌ڵام بۆ به‌دكاران چاك نابێت و وه‌ك سێبه‌ر ڕۆژانیان درێژه‌ ناكێشێت، چونكه‌ له‌ خودا ناترسن.
14
شتێكی دیكه‌ی بێ واتا هه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر زه‌ویدا ده‌كرێت، ئه‌مه‌یه‌: ڕاستودروستان هه‌ن به‌گوێره‌ی كاری به‌دكارانیان به‌سه‌ردا دێت و به‌دكارانیش هه‌ن به‌گوێره‌ی كاری ڕاستودروستانیان به‌سه‌ردا دێت. گوتم، ئه‌مه‌ش هه‌ر بێ واتایه‌.
15
له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئامۆژگاری ده‌كه‌م به‌شدار بن له‌ شادی، چونكه‌ كوا چاكه‌ بۆ مرۆڤ له‌سه‌ر زه‌وی؟ بێجگه‌ له‌وه‌ی كه‌ بخوات و بخواته‌وه‌ و شادبێت و ئه‌مه‌ی بۆ ده‌مێنێته‌وه‌ له‌ ماندووبوونه‌كه‌ی به‌ درێژایی ژیانی، كه‌ خودا پێیداوه‌ له‌سه‌ر زه‌ویدا.
16
كاتێك سه‌رنجم دایه‌ دانایی و ڕه‌نجكێشانی خه‌ڵكی زه‌وی، كه‌ شه‌و و ڕۆژ خه‌و نه‌ده‌چووه‌ چاویان،
17
هه‌موو ئه‌وه‌ی خودا ئه‌نجامی داوه‌ بینیم. كه‌س ناتوانێت له‌ كاره‌كانی خودا له‌سه‌ر زه‌وی تێ بگات. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی مرۆڤ ماندوو ده‌بێت بۆ دۆزینه‌وه‌ی بنچینه‌كه‌ی، به‌ڵام نایدۆزێته‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ كه‌سی داناش ده‌ڵێت ده‌زانم، به‌ڵام ناتوانێت بیدۆزێته‌وه‌.