عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
دانایی 
1
ناوبانگی باش له‌ بۆنی خۆش باشتره‌ و
ڕۆژی مردنیش له‌ ڕۆژی له‌دایكبوون.
2
چوون بۆ ماڵی ماته‌مدار باشتره‌
له‌ چوون بۆ ماڵی ئاهه‌نگدار،
چونكه‌ مردن كۆتایی هه‌موو مرۆڤێكه‌،
زیندوو ده‌یخاته‌ دڵی خۆیه‌وه‌.
3
وه‌ڕسبوون له‌ پێكه‌نین باشتره‌،
چونكه‌ به‌ خه‌مۆكی ڕوخسار دڵ چاك ده‌بێته‌وه‌.
4
دڵی دانایان له‌ ماڵی ماته‌مداره‌ و
دڵی گێلانیش له‌ ماڵی ئاهه‌نگداره‌.
5
گوێگرتن له‌ سه‌رزه‌نشتی دانا باشتره‌
له‌ گوێگرتن له‌ گۆرانی گێله‌كان.
6
چونكه‌ وه‌ك قرچه‌ی دڕكه‌ كه‌ له‌ژێر مه‌نجه‌ڵه‌،
به‌م شێوه‌یه‌ پێكه‌نینی پیاوی گێل.
ئه‌مه‌ش هه‌ر بێ واتایه‌.
7
زۆرداری پیاوی دانا گێل ده‌كات و
به‌رتیل دڵ گه‌نده‌ڵ ده‌كات.
8
كۆتایی شت باشتره‌ له‌ سه‌ره‌تاكه‌ی،
پشوو درێژ باشتره‌ له‌ هه‌ڵه‌شه‌.
9
له‌ ناخه‌وه‌ زوو په‌ست مه‌به‌،
چونكه‌ تووڕه‌یی له‌ناو سنگی گێله‌كاندا جێگیره‌.
10
مه‌ڵێ: «بۆچی سه‌رده‌مانی كۆن له‌ ئه‌مڕۆ باشتر بوون؟»
چونكه‌ له‌ داناییه‌وه‌ نییه‌ له‌مه‌ پرسیار ده‌كه‌یت.
11
دانایی باشه‌ وه‌ك میرات و
به‌ سووده‌ بۆ ئه‌وانه‌ی كه‌ خۆر ده‌بینن.
12
دانایی په‌ناگایه‌
وه‌ك چۆن پاره‌ش په‌ناگایه‌كه‌،
سوودی زانینیش، داناییه‌
ژیان ده‌به‌خشێت به‌ خاوه‌نه‌كه‌ی.
13
ته‌ماشای كاری خودا بكه‌:
كێ ده‌توانێت ڕاستی بكاته‌وه‌
ئه‌وه‌ی خودا خواری كردووه‌ته‌وه‌؟
14
له‌ ڕۆژی باشدا، له‌ خۆشیدا به‌ و
له‌ ڕۆژی خراپدا ببینه‌:
خودا هه‌ردووكیانی دروستكردووه‌.
ئیتر مرۆڤ ناتوانێت هیچ شتێك
سه‌باره‌ت به‌ داهاتووه‌كه‌ی بدۆزێته‌وه‌.
15
له‌ ڕۆژگاری بێ واتای خۆمدا ئه‌م دووانه‌م بینی:
كه‌سی ڕاستودروست هه‌یه‌ به‌ ڕاستودروستییه‌كه‌ی ده‌فه‌وتێت،
خراپه‌كاریش هه‌یه‌ درێژه‌ به‌ خراپه‌كه‌ی ده‌دات.
16
زۆر ڕاستودروست مه‌به‌ و
زیاد دانا مه‌به‌.
بۆچی خۆت تێكده‌ده‌یت؟
17
زۆر به‌دكار مه‌به‌ و
مه‌به‌ به‌ گێل.
بۆچی بمریت له‌ كاتی خۆت نه‌بێت؟
18
باشتره‌ ده‌ست به‌ ئه‌میانه‌وه‌ بگریت،
هه‌روه‌ها له‌مه‌ش ده‌ست شل نه‌كه‌یت،
چونكه‌ له‌خواترس به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك زیاده‌ڕه‌وی ناكات.
19
دانایی دانا به‌هێزتر ده‌كات
له‌ ده‌ فه‌رمانڕه‌وا كه‌ له‌ شاردا بن.
20
بێگومان هیچ مرۆڤێكی ڕاستودروست له‌سه‌ر زه‌ویدا نییه‌،
كه‌ چاكه‌ ده‌كات و هه‌رگیز گوناه ناكات.
21
هه‌روه‌ها هه‌موو قسه‌یه‌ك كه‌ ده‌یكه‌ن دڵی خۆتی مه‌ده‌رێ،
نه‌وه‌ك گوێت له‌ خزمه‌تكاره‌كه‌ت بێت نه‌فره‌تت لێ بكات،
22
چونكه‌ دڵت ده‌زانێت
كه‌ تۆش زۆر جار نه‌فره‌تت له‌وانی دیكه‌ كردووه‌.
23
هه‌موو ئه‌مانه‌م به‌ دانایی تاقی كردووه‌ته‌وه‌.
گوتم: «دانا ده‌بم،»
كه‌چی لێم دوور بوو.
24
ئه‌و داناییه‌ كه‌ هه‌یه‌ دووره‌ و
هێنده‌ قووڵه‌ كێ ده‌یدۆزێته‌وه‌؟
25
هاتم سه‌رنجم دا له‌ دانایی و لێم كۆڵییه‌وه‌ و
گه‌ڕام به‌دوای ڕاستیه‌كاندا بۆ ئه‌وه‌ی لێی تێبگه‌م،
له‌ ئه‌نجامدا بۆم ده‌ركه‌وت كه‌ خراپه‌كاری نه‌زانینه‌ و
گێلایه‌تیش شێتییه‌.
26
من دۆزیمه‌وه‌ كه‌ له‌ مردن تاڵتره‌
ئه‌و ژنه‌ی كه‌ تۆڕه‌ و دڵی ته‌ڵه‌یه‌،
ده‌سته‌كانیشی كۆتن.
ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌م خودا چاك بێت، لێی ده‌رباز ده‌بێت،
به‌ڵام گوناهبار به‌ ته‌ڵه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌بێت.
27
وتاربێژی ژیرمه‌ند ده‌ڵێت: «سه‌یر بكه‌، ئه‌مه‌م دۆزییه‌وه‌:
«بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌مه‌ ئه‌نجامی ڕاستییه‌كان زانیارییه‌كانم یه‌ك به‌ یه‌ك كۆكرده‌وه‌،
28
له‌ كاتێكدا كه‌ هێشتا ده‌گه‌ڕام و
جارێ نه‌گه‌یه‌شتبوومه‌ ئه‌نجام،
په‌ندێكم بیستووه‌ كه‌ ده‌ڵێت:
”له‌نێو هه‌زار پیاودا ته‌نها یه‌كێكم دۆزییه‌وه‌،
به‌ڵام له‌نێو هه‌موویان یه‌ك ئافره‌تم نه‌بینی.“
29
ته‌نها شتێكم دۆزیوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه‌:
خودا مرۆڤی له‌سه‌ر بنچینه‌یه‌كی ڕاست دروستكردووه‌،
به‌ڵام ئه‌وان دوای داهێنانی زۆر كه‌وتوون.»