عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
دانایی 
1
ناوبانگی باش لە بۆنی خۆش باشترە و
ڕۆژی مردنیش لە ڕۆژی لەدایکبوون.
2
چوون بۆ ماڵی ماتەمدار باشترە
لە چوون بۆ ماڵی ئاهەنگدار،
چونکە مردن کۆتایی هەموو مرۆڤێکە،
زیندوو دەیخاتە دڵی خۆیەوە.
3
وەڕسبوون لە پێکەنین باشترە،
چونکە بە خەمۆکی ڕوخسار دڵ چاک دەبێتەوە.
4
دڵی دانایان لە ماڵی ماتەمدارە و
دڵی گێلانیش لە ماڵی ئاهەنگدارە.
5
گوێگرتن لە سەرزەنشتی دانا باشترە
لە گوێگرتن لە گۆرانیی گێلەکان،
6
چونکە پێکەنینی پیاوی گێل،
وەک قرچەی دڕکە کە لەژێر مەنجەڵدا.
ئەمەش هەر بێ واتایە.
7
زۆرداری پیاوی دانا گێل دەکات و
بەرتیل دڵ گەندەڵ دەکات.
8
کۆتایی شت باشترە لە سەرەتاکەی،
پشوو درێژ باشترە لە هەڵەشە.
9
لە ناخەوە زوو پەست مەبە،
چونکە تووڕەیی لەناو سنگی گێلەکاندا جێگیرە.
10
مەڵێ: «بۆچی سەردەمانی کۆن لە ئەمڕۆ باشتر بوون؟»
چونکە لە داناییەوە نییە لەمە پرسیار دەکەیت.
11
دانایی باشە وەک میرات و
بە سوودە بۆ ئەوانەی کە خۆر دەبینن.
12
دانایی پەناگایە
وەک چۆن پارەش پەناگایەکە،
بەڵام ئەمە سوودی زانینە:
دانایی ژیان دەبەخشێت بە خاوەنەکەی.
13
تەماشای کاری خودا بکە:
کێ دەتوانێت ڕاستی بکاتەوە
ئەوەی خودا خواری کردووەتەوە؟
14
لە ڕۆژی باشدا، لە خۆشیدا بە،
بەڵام لە ڕۆژی خراپدا، ئەوە بزانە کە
خودا هەردووکیانی دروستکردووە.
ئیتر مرۆڤ ناتوانێت هیچ شتێک
سەبارەت بە داهاتووەکەی بدۆزێتەوە.
15
لە ڕۆژگاری بێ واتای خۆمدا ئەم دووانەم بینی:
کەسی ڕاستودروست هەیە بە ڕاستودروستییەکەی دەفەوتێت،
خراپەکاریش هەیە درێژە بە خراپەکەی دەدات.
16
زۆر ڕاستودروست مەبە و
زیاد دانا مەبە.
بۆچی خۆت تێکدەدەیت؟
17
زۆر بەدکار مەبە و
مەبە بە گێل.
بۆچی بمریت لە کاتی خۆت نەبێت؟
18
باشترە دەست بە یەکێکیانەوە بگریت و
دەست لەوەی دیکەش شل نەکەیت،
چونکە لەخواترس بە هیچ شێوەیەک زیادەڕۆیی ناکات.
19
دانایی دانا بەهێزتر دەکات
لە دە فەرمانڕەوا کە لە شاردا بن.
20
بێگومان هیچ مرۆڤێکی ڕاستودروست لەسەر زەویدا نییە،
کە چاکە دەکات و هەرگیز گوناه ناکات.
21
هەروەها هەموو قسەیەک کە دەیکەن دڵی خۆتی مەدەرێ،
نەوەک گوێت لە خزمەتکارەکەت بێت نەفرەتت لێ بکات،
22
چونکە دڵت دەزانێت
کە تۆش زۆر جار نەفرەتت لەوانی دیکە کردووە.
23
هەموو ئەمانەم بە دانایی تاقی کردەوە و گوتم:
«دانا دەبم،»
کەچی لێم دوور بوو.
24
ئەو داناییە کە هەیە دوورە و زۆر قووڵە؛
کێ دەیدۆزێتەوە؟
25
هاتم سەرنجم دا لە دانایی و لێم کۆڵییەوە و
گەڕام بەدوای ڕاستیەکاندا بۆ ئەوەی لێی تێبگەم،
لە ئەنجامدا بۆم دەرکەوت کە خراپەکاری نەزانینە و
گێلایەتیش شێتییە.
26
من دۆزیمەوە کە لە مردن تاڵترە
ئەو ژنەی کە تۆڕە و دڵی تەڵەیە،
دەستەکانیشی کۆتن.
ئەوەی لەبەردەم خودا چاک بێت، لێی دەرباز دەبێت،
بەڵام گوناهبار بە تەڵەکەیەوە دەبێت.
27
وتاربێژی ژیرمەند دەڵێت: «سەیر بکە، ئەمەم دۆزییەوە:
«بۆ ئەوەی بگەمە ئەنجامی ڕاستییەکان زانیارییەکانم یەک بە یەک کۆکردەوە،
28
لە کاتێکدا کە هێشتا دەگەڕام و
جارێ نەگەیەشتبوومە ئەنجام،
پەندێکم بیستووە کە دەڵێت:
”لەنێو هەزار پیاودا تەنها یەکێکم دۆزییەوە،
بەڵام لەنێو هەموویان یەک ئافرەتم نەبینی.“
29
تەنها شتێکم دۆزیوەتەوە، ئەمەش ئەوەیە:
خودا مرۆڤی لەسەر بنچینەیەکی ڕاست دروستکردووە،
بەڵام ئەوان دوای داهێنانی زۆر کەوتوون.»