عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
- بەدیهێنەری خۆت لەبیر بێت
 لە سەردەمی گەنجیێتیت،
 پێش ئەوەی ڕۆژگاری خراپە بێت
 یان ئەو ساڵانە نزیک بێتەوە کە بڵێی:
 «خۆشییان تێدا نابینم،»
- 2
- پێش ئەوەی درەوشانەوەی خۆر و
 ڕووناکی و مانگ و ئەستێرە تەواو بێت،
 پێش ئەوەی گەڕانەوەی هەوری باران ئاسمان تاریک بکات؛
- 3
- ئەو ڕۆژەی پارێزەرانی ماڵ دەلەرزن،
 پیاوانی بەهێز دەچەمێنەوە،
 ئەو ئافرەتانەی کە ئیشی دەستاڕیان دەکرد لەبەر کەمی لە کار دەکەون،
 تاریک دادێن ئەو ژنانەش کە لە پەنجەرەکانەوە تەماشا دەکەن؛
- 4
- کاتێک دەرگاکانی بازاڕ دادەخرێن و
 دەنگی هاڕین نزم دەبێتەوە؛
 ئەو ڕۆژەی کە پیرەمێرد لە دەنگی چۆلەکە هەڵدەستێت،
 هەرچەندە بەلایەوە گۆرانی کچەکان کز دەبن؛
- 5
- ئەو ڕۆژەش کە خەڵک لە بەرزایی دەترسن و
 لە ڕێگا تۆقیون،
 کە بادەم چرۆ دەکات و
 کوللەحاجی خۆی ڕادەکێشێت و
 هیچ ئارەزوو نامێنێت.
 ئیتر مرۆڤ بەرەو ماڵی هەتاهەتایی خۆی دەچێت و
 شینگێڕەکان بە شەقامەکاندا دەسووڕێنەوە.
- 6
- لەبیرت بێت، پێش ئەوەی زنجیری زیو بپچڕێت و
 قاپی زێڕین بشکێت؛
 پێش ئەوەی گۆزە لەسەر کانی وردوخاش بکرێت،
 یان چەرخە لەسەر بیر بشکێنرێت و
- 7
- خۆڵ دەگەڕێتەوە سەر زەوی وەک پێشوو،
 ڕۆحیش دەگەڕێتەوە لای ئەو خودایەی کە بەخشیویەتی.
- 8
- وتاربێژی ژیرمەند دەڵێت: «بێ واتایە! بێ واتایان!
 هەموو شتێک بێ واتایە!»
- دەرئەنجامی بابەتەکە
- 9
- سەرباری ئەوەی کە وتاربێژی ژیرمەند دانا بوو، گەلیشی فێری زانین کرد، شارەزای هەڵسەنگاندن و پشکنین و ڕێکخستنی پەندی زۆر بوو.
- 10
- وتاربێژی ژیرمەند هەوڵی دا وشە شادی بەخشەکان بدۆزێتەوە کە بە سەرڕاستی نووسراون و وشەکانی ڕاستین.
- 11
- وشەکانی پیاوی دانا وەک نەقیزە وایە، وەک بزمارە چەقیوەکانن لە پیاوانی کۆمەڵ، لەلایەن یەک شوانەوە[a] دراون.
- 12
- ئەی ڕۆڵە، سەرەڕای ئەمانە، ئاگاداری شتەکانی دیکەش بە.
 دانانی پەڕتووکی زۆر کۆتایی بۆ نییە، لێکۆڵینەوەی زۆریش لەش ماندوو دەکات.
- 13
- هەموو شت ئێستا بیستراوە و
 دەرئەنجامەکەی ئەوەیە:
 لە خودا بترسە و ڕاسپاردەکانی بەجێبگەیەنە،
 چونکە ئەمە ئەرکی سەر شانی هەموو مرۆڤە.
- 14
- خودا حوکم بەسەر هەموو کارێکدا دەدات،
 بە هەموو کارێکی نهێنیشەوە،
 جا چاک بێت یان خراپ.
- a. 12:11 مەبەستی لە خودایە.

