عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
به‌دیهێنه‌ری خۆت له‌بیر بێت
له‌ سه‌رده‌می گه‌نجیێتیت،
پێش ئه‌وه‌ی ڕۆژگاری خراپه‌ بێت
یان ئه‌و ساڵانه‌ نزیك بێته‌وه‌ كه‌ بڵێی:
«خۆشییان تێدا نابینم.»
2
پێش ئه‌وه‌ی دره‌وشانه‌وه‌ی خۆر و
ڕووناكی و مانگ و ئه‌ستێره‌ ته‌واو بێت،
پێش ئه‌وه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌وری باران ئاسمان تاریك بكات؛
3
ئه‌و ڕۆژه‌ی پارێزه‌رانی ماڵ ده‌له‌رزن،
پیاوانی به‌هێز ده‌چه‌مێنه‌وه‌،
ئه‌و ئافره‌تانه‌ی كه‌ ئیشی ده‌ستاڕیان ده‌كرد له‌به‌ر كه‌می له‌ كار ده‌كه‌ون،
تاریك دادێن ئه‌و ژنانه‌ش كه‌ له‌ په‌نجه‌ره‌كانه‌وه‌ ته‌ماشا ده‌كه‌ن؛
4
كاتێك ده‌رگاكانی له‌ بازاڕ داخراون
ده‌نگی هاڕین نزم ده‌بێته‌وه‌؛
ئه‌و ڕۆژه‌ی كه‌ پیره‌مێرد له‌ ده‌نگی چۆله‌كه‌ هه‌ڵده‌ستێت،
هه‌رچه‌نده‌ به‌لایه‌وه‌ گۆرانی كچه‌كان كز ده‌بن؛
5
ئه‌و ڕۆژه‌ش كه‌ خه‌ڵك له‌ به‌رزایی ده‌ترسن و
له‌ ڕێگا تۆقیون،
كه‌ باده‌م چرۆ ده‌كات و
كولله‌حاجی خۆی ڕاده‌كێشێت و
هیچ ئاره‌زوو نامێنێت.
ئیتر مرۆڤ به‌ره‌و ماڵی هه‌تاهه‌تایی خۆی ده‌چێت و
شینگێڕه‌كان به‌ شه‌قامه‌كاندا ده‌سووڕێنه‌وه‌.
6
له‌بیرت بێت، پێش ئه‌وه‌ی زنجیری زیو بپچڕێت و
قاپی زێڕین بشكێت؛
پێش ئه‌وه‌ی گۆزه‌ له‌سه‌ر كانی وردوخاش بكرێت،
یان چه‌رخه‌ له‌سه‌ر بیر بشكێنرێت و
7
خۆڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر زه‌وی وه‌ك پێشوو،
ڕۆحیش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ لای ئه‌و خودایه‌ی كه‌ به‌خشیویه‌تی.
8
وتاربێژی ژیرمه‌ند ده‌ڵێت: «بێ واتای بێ واتایان!
هه‌موو شتێك بێ واتایه‌!»
ده‌رئه‌نجامی بابه‌ته‌كه‌ 
9
سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه‌ وتاربێژی ژیرمه‌ند دانا بوو، گه‌لیشی فێری زانین كرد، شاره‌زای هه‌ڵسه‌نگاندن و پشكنین و ڕێكخستنی په‌ندی زۆر بوو.
10
وتاربێژی ژیرمه‌ند هه‌وڵی دا وشه‌ شادی به‌خشه‌كان بدۆزێته‌وه‌ كه‌ به‌ سه‌رڕاستی نووسراون و وشه‌كانی ڕاستین.
11
وشه‌كانی پیاوی دانا وه‌ك نه‌قیزه‌ وایه‌، وه‌ك بزماره‌ چه‌قیوه‌كانن له‌ پیاوانی كۆمه‌ڵ، له‌لایه‌ن یه‌ك شوانه‌وه‌ دراون.
12
سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش، ئه‌ی ڕۆڵه‌، سه‌رنجی ئه‌م شتانه‌ بده‌.
دانانی په‌ڕتووكی زۆر كۆتایی بۆ نییه‌، لێكۆڵینه‌وه‌ی زۆریش له‌ش ماندوو ده‌كات.
13
هه‌موو شت ئێستا بیستراوه‌ و
ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌:
له‌ خودا بترسه‌ و ڕاسپارده‌كانی به‌جێبگه‌یه‌نه‌،
چونكه‌ ئه‌مه‌ ئه‌ركی سه‌ر شانی هه‌موو مرۆڤه‌.
14
چونكه‌ خودا حوكم به‌سه‌ر هه‌موو كارێك ده‌دات،
له‌سه‌ر هه‌موو كارێكی نهێنی،
جا چ چاك بێت یان خراپ.