عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
نانی سه‌ر ئاوه‌كان 
1
نان بده‌ به‌ ده‌م ئاوه‌وه‌،
چونكه‌ له‌ پاشه‌ڕۆژدا دێته‌وه‌ ڕێگای خۆت.
2
به‌ش بده‌ به‌ حه‌وت كه‌س، به‌ڵێ، به‌ هه‌شتیش،
چونكه‌ نازانیت چ كاره‌ساتێك له‌سه‌ر زه‌وی ڕووده‌دات.
3
ئه‌گه‌ر هه‌ور پڕبێت،
باران به‌سه‌ر زه‌ویدا ده‌بارێنێت.
ئه‌گه‌ر دارێك به‌ره‌و باشوور بكه‌وێت یان به‌ره‌و باكوور،
ئه‌و شوێنه‌ی داره‌كه‌ی لێ ده‌كه‌وێت، له‌وێ ده‌بێت.
4
ئه‌وه‌ی چاوی له‌ با بێت ناچێنێت،
ئه‌وه‌ی سه‌یری هه‌ور بكات دروێنه‌ ناكات.
5
هه‌روه‌ك نازانیت كامه‌ ڕێگای بایه‌،
یان چۆن كۆرپه‌له‌ له‌ناو سكی دایكیدا شێوه‌ی ده‌كێشرێت،
به‌ هه‌مان شێوه‌ ناتوانیت له‌ كاره‌كانی خودا بگه‌یت،
كه‌ هه‌مووان دروستده‌كات.
6
سه‌ر له‌ به‌یانی تۆوی خۆت بچێنه‌،
سه‌ر له‌ ئێواره‌ش ده‌ست شل مه‌كه‌،
چونكه‌ نازانیت كامیان سه‌وز ده‌بێت،
ئه‌م یان ئه‌و،
یان به‌رهه‌می هه‌ردووكیان وه‌ك یه‌ك ده‌بێت.
به‌دیهێنه‌رت له‌ لاویێتیت له‌بیر بێت 
7
ڕووناكی شیرینه‌ و
باشه‌ بۆ چاوان كه‌ خۆر ببینێت.
8
ئه‌گه‌ر مرۆڤ ته‌مه‌نێكی درێژ ژیا،
با به‌ هه‌مووی دڵخۆش بێت.
به‌ڵام با ڕۆژانی تاریكی له‌بیربێت،
چونكه‌ زۆر ده‌بێت.
هه‌موو ئه‌وه‌ی دێت بێ واتایه‌.
9
ئه‌ی لاو، له‌ سه‌رده‌می گه‌نجیێتیت شادمان به‌،
با له‌ ڕۆژانی لاویێتیت دڵت خۆش بێت.
به‌ ڕێگای دڵی خۆت و
به‌ بینینی چاوه‌كانتدا بڕۆ،
به‌ڵام بزانه‌ كه‌ له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌مانه‌
خودا ده‌تهێنێت بۆ حوكم به‌سه‌ردادان.
10
په‌ستی له‌ دڵت داماڵه‌ و
خراپه‌ له‌ له‌شت دووربخه‌وه‌،
چونكه‌ نه‌وجه‌وانی و گه‌نجیێتی بێ واتان.