عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ده‌ ڕاسپارده‌كه‌ 
1
موسا هه‌موو ئیسرائیلی بانگكرد و پێی گوتن:
ئه‌ی نه‌وه‌ی ئیسرائیل، گوێ له‌و فه‌رز و یاسایانه‌ بگرن كه‌ ئه‌مڕۆ ده‌یخوێنمه‌وه‌ و گوێتان لێیه‌ و فێری بن و ئاگاداربن هه‌تا كاری پێ بكه‌ن.
2
یه‌زدانی په‌روه‌ردگارمان په‌یمانێكی له‌ حۆرێڤ له‌گه‌ڵ به‌ستین،
3
ئه‌و په‌یمانه‌ی له‌گه‌ڵ باوباپیرانمان نه‌به‌ست، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ ئێمه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ لێره‌ین و هه‌موومان زیندووین.
4
یه‌زدان ڕووبه‌ڕوو له‌ كێوه‌كه‌ له‌نێو ئاگره‌وه‌ له‌گه‌ڵتاندا دوا،
5
له‌و كاته‌دا من له‌نێوان یه‌زدان و ئێوه‌دا ڕاوه‌ستا بووم هه‌تا فه‌رمایشتی یه‌زدانتان پێ ڕابگه‌یه‌نم، چونكه‌ له‌به‌ر ئاگره‌كه‌ ترسان و سه‌رنه‌كه‌وتن بۆ كێوه‌كه‌، فه‌رمووی:
6
«من یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتانم كه‌ له‌ خاكی میسره‌وه‌ ده‌رمهێنان، له‌ خاكی كۆیلایه‌تییه‌وه‌.
7
«هیچ كه‌سێكتان خودای دیكه‌ی بێجگه‌ له‌ منتان نه‌بێت.
8
«په‌یكه‌ر[a] بۆ خۆتان دروستمه‌كه‌ن، نه‌ له‌ هیچ شێوه‌یه‌كی ئه‌وانه‌ی له‌ ئاسمانن له‌ سه‌ره‌وه‌، نه‌ ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر زه‌وین له‌ خواره‌وه‌، نه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ناو ئاون له‌ژێر زه‌وییه‌وه‌.
9
كڕنۆشیان بۆ مه‌به‌ن و مه‌یانپه‌رستن، چونكه‌ منی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان خودایه‌كی ئیره‌دارم، له‌ جیاتی گوناهی باوكان سزای منداڵان ده‌ده‌م، هه‌تا نه‌وه‌ی سێیه‌م و چواره‌می ناحه‌زه‌كانم،
10
به‌ڵام خۆشه‌ویستی نه‌گۆڕ بۆ هه‌زاران له‌ خۆشه‌ویستانم ده‌رده‌خه‌م، ئه‌وانه‌ی گوێڕایه‌ڵی ڕاسپارده‌كانم ده‌بن.
11
«ناوی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان بۆ شتی پووچ مه‌هێنن، چونكه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ له‌لای یه‌زدان ئه‌ستۆ پاك نابن كه‌ بۆ شتی پوچه‌ڵ ناوی ده‌هێنن.
12
«ڕۆژی شه‌ممه‌[b] بپارێزن، تاكو به‌ پیرۆزی ڕایبگرن، هه‌روه‌ك یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان فه‌رمانی پێ كردن.
13
شه‌ش ڕۆژ ئیش ده‌كه‌ن و هه‌موو كاره‌كه‌تان ده‌كه‌ن،
14
به‌ڵام ڕۆژی حه‌وته‌م شه‌ممه‌یه‌ بۆ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان، هیچ كارێك مه‌كه‌ن، خۆتان و كوڕ و كچ و خزمه‌تكار و كاره‌كه‌ر و گا و مانگ و گوێدرێژ و هه‌ر ئاژه‌ڵێكتان و ئه‌و نامۆیه‌ی له‌ناو ده‌روازه‌ی شاره‌كه‌تانه‌ هیچ كارێك مه‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌تكار و كاره‌كه‌ره‌كه‌شتان وه‌ك ئێوه‌ بحه‌سێنه‌وه‌.
15
له‌ یادتان بێت كه‌ ئێوه‌ش كۆیله‌ بوون له‌ خاكی میسر و یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان به‌ ده‌ستێكی پۆڵایین و بازووێكی به‌هێز له‌وێ ده‌ریهێنان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان فه‌رمانی پێ كردن ڕۆژی شه‌ممه‌ بپارێزن.
16
«ڕێزی دایك و باوكتان بگرن هه‌روه‌ك یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان فه‌رمانی پێ كردن، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌مه‌ن درێژ بن و چاكه‌ بێته‌ ڕێتان له‌و خاكه‌ی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان پێتان ده‌دات.
17
«مه‌كوژن[c] .
18
«داوێنپیسی مه‌كه‌ن.
19
«دزی مه‌كه‌ن.
20
«به‌ درۆ شایه‌تی له‌سه‌ر كه‌س مه‌ده‌ن.
21
«چاو مه‌بڕنه‌ ژنی كه‌س. چاو مه‌بڕنه‌ ماڵ و كێڵگه‌ و خزمه‌تكار و كاره‌كه‌ر و گا و مانگا و گوێدرێژی هیچ كه‌سێك و هه‌ر شتێك كه‌ هی كه‌سێكی دیكه‌ بێت.»
22
یه‌زدان به‌م ڕاسپاردانه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو كۆمه‌ڵه‌كه‌تاندا دوا، له‌ كێوه‌كه‌ له‌ناو ئاگر و هه‌ور و تاریكی چڕ و ده‌نگێكی به‌زر، هیچی زیاد نه‌كرد و له‌سه‌ر دوو ته‌خته‌ی به‌رد نووسی و پێیدام.
23
كاتێك گوێتان له‌ ده‌نگه‌كه‌ بوو له‌ناو تاریكییه‌وه‌ و كێوه‌كه‌ به‌ ئاگر گڕی گرتبوو، هه‌موو سه‌رۆك هۆزه‌كانتان و پیره‌كانتان هاتن بۆ لام. لێم هاتنه‌ پێش و
24
گوتتان، «ئه‌وه‌تا یه‌زدانی په‌روه‌ردگارمان شكۆمه‌ندی و مه‌زنی خۆی پیشان داین و گوێمان له‌ ده‌نگی بوو له‌ناو ئاگره‌وه‌، ئه‌مڕۆ بینیمان خودا له‌گه‌ڵ مرۆڤ ده‌دوێت و مرۆڤه‌كه‌ش ده‌ژیێت،
25
به‌ڵام ئێستا بۆچی بمرین؟ چونكه‌ ئه‌و ئاگره‌ مه‌زنه‌ ده‌مانخوات. ئه‌گه‌ر له‌وه‌ زیاتر گوێمان له‌ ده‌نگی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارمان بوو ئه‌وا ده‌مرین،
26
چونكه‌ كێ وه‌ك ئێمه‌ له‌ هه‌موو ئاده‌میزاد گوێی له‌ ده‌نگی خودای زیندوو بووه‌ له‌ناو ئاگره‌وه‌ بدوێت و ژیابێت؟
27
تۆ بڕۆ پێشه‌وه‌ و گوێ له‌ هه‌موو ئه‌وه‌ بگره‌ كه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارمان ده‌یڵێت و هه‌موو ئه‌وه‌ی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارمان پێت ده‌ڵێت، پێمانی بڵێ، جا گوێ ده‌گرین و كاری پێده‌كه‌ین.»
28
یه‌زدانیش گوێی له‌ قسه‌كانتان بوو كاتێك قسه‌تان له‌گه‌ڵ كردم و یه‌زدان پێی فه‌رمووم، «گوێم له‌ ده‌نگی قسه‌ی ئه‌م گه‌له‌ بوو كه‌ له‌گه‌ڵتدا دوان. له‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی گوتیان باش بوو،
29
خۆزگه‌ هه‌میشه‌ دڵیان ئاوا ده‌بوو هه‌تا لێم بترسن و هه‌موو فه‌رمانه‌كانم بپارێزن، هه‌تاوه‌كو بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ چاكه‌ بێته‌ سه‌ر ڕێگای خۆیان و كوڕه‌كانیان.
30
«بڕۆ پێیان بڵێ: ”بگه‌ڕێنه‌وه‌ چادره‌كانی خۆتان،“
31
به‌ڵام تۆ لێره‌ له‌گه‌ڵم بوه‌سته‌، باسی هه‌موو فه‌رمان و فه‌رز و یاساكانت بۆ ده‌كه‌م كه‌ فێریان ده‌كه‌یت و ئه‌وان له‌و خاكه‌دا په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ن كه‌ من پێیان ده‌ده‌م هه‌تا ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرن.»
32
ئیتر ئاگاداربن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌وه‌ بكه‌ن هه‌روه‌ك یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان فه‌رمانی پێ كردن، به‌لای ڕاست و چه‌پدا لامه‌ده‌ن،
33
هه‌موو ئه‌و ڕێگایه‌ی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان فه‌رمانی پێ كردن ده‌یگرنه‌به‌ر، هه‌تا بژین و چاكه‌ بێته‌ ڕێگاتان و درێژه‌ به‌ ڕۆژانتان بده‌ن له‌و خاكه‌ی ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گرن.
  1. a. 5‏:8 تاشینی په‌یكه‌ر، به‌ مه‌به‌ستی په‌رستن وه‌ك بت، بڕوانه‌ به‌شی 7‏:5، 25.
  2. b. 5‏:12 بڕوانه‌ \+xt ده‌رچوون 16‏:23‏\+xt*‏.
  3. c. 5‏:17 مه‌كوژن: مه‌به‌ست به‌ ئه‌نقه‌ست یان به‌ تووڕه‌یی.