عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - بەرەکەت بۆ گوێڕایەڵی
 - 1
 - ئەگەر گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان بن و بە وریاییەوە کار بە هەموو ئەو فەرمانانەی بکەن کە من ئەمڕۆ پێتان دەدەم، ئەوا یەزدانی پەروەردگارتان لە سەرووی هەموو نەتەوەکانی سەر زەویتان دادەنێت.
 - 2
 - هەموو ئەم بەرەکەتانەتان دێتە سەر و پێتان دەگات، ئەگەر گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان بوون:
 - 3
 - لە شار بەرەکەتدار دەبن و لە دەشتودەریش بەرەکەتدار دەبن.
 - 4
 - بەری سکتان و بەروبوومی زەوییەکەتان بەرەکەتدار دەبن، بەری ئاژەڵە ماڵییەکانیشتان، گوێرەکەی گاگەلەکەتان و کاریلە و بەرخی مێگەلەکەتان.
 - 5
 - سەبەتە و تەشتی هەویرتان بەرەکەتدار دەبێت.
 - 6
 - لە چوونە ژوورەوەتان بەرەکەتدار دەبن و لە هاتنەدەرەوەشتان بەرەکەتدار دەبن.
 - 7
 - یەزدان وا دەکات ئەو دوژمنانەتان کە سەرهەڵدەدەن لەبەردەمتان ببەزن، لە یەک ڕێگا بۆتان دێنە دەرەوە و لە حەوت ڕێگا لەبەردەمتان هەڵدێن.
 - 8
 - یەزدان فەرمانی بەرەکەتتان بۆ دەدات لە هەموو شتە ئەمبارکراوەکانتان و لە هەموو شتێک کە دەستی بۆ دەبەن و بەرەکەتدارتان دەکات لەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات.
 - 9
 - ئەگەر فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگارتان پاراست و ڕێگاکانی ئەوتان گرتەبەر، ئەوا یەزدان بە گەلێکی پیرۆزتان دادەنێت بۆ خۆی، وەک سوێندی بۆ خواردن.
 - 10
 - جا هەموو گەلانی زەوی دەبینن کە ناوی یەزدان بە ئێوەوە نراوە، ئیتر لێتان دەترسن.
 - 11
 - یەزدانیش سەروەت و سامانتان زیاتر دەکات لە بەری سکتان و بەری ئاژەڵە ماڵییەکانتان و بەروبوومی زەوییەکەتان، لەسەر ئەو خاکەی کە سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد بتانداتێ.
 - 12
 - یەزدان ئەمبارە باشەکەی ئاسمانتان بۆ دەکاتەوە، هەتا بارانی خاکەکەتان لە کاتی خۆیدا بداتێ و هەموو کاری دەستتان بەرەکەتدار بکات، ئینجا قەرز بە زۆر نەتەوە دەدەن و خۆتان قەرز ناکەن.
 - 13
 - یەزدانیش دەتانکات بە سەر نەک بە کلک و تەنها لە بەرزبوونەوە دەبن نەک لە نزمبوونەوە، ئەگەر گوێڕایەڵی فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگارتان بوون، کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم، هەتا بیپارێزن و کاری پێ بکەن.
 - 14
 - لە هەموو ئەو وشانەش کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم، بەلای چەپ یان ڕاستدا لا نەدەن، بۆ ئەوەی بەدوای خودای دیکە بکەون هەتا بیپەرستن.
 - نەفرەت بۆ یاخیبوون
 - 15
 - بەڵام ئەگەر گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان نەبوون، بۆ ئەوەی ئاگاداربن کە کار بە هەموو فەرمانەکانی و فەرزەکانی بکەن کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم، هەموو ئەم نەفرەتانەتان دێتە سەر و پێتان دەگات.
 - 16
 - لە شار نەفرەت لێکراو دەبن و لە کێڵگەش نەفرەت لێکراو دەبن.
 - 17
 - سەبەتە و تەشتی هەویرتان نەفرەت لێکراو دەبێت.
 - 18
 - بەری سکتان و بەروبوومی زەوییەکەتان، گوێرەکەی گاگەلەکەشتان و کاریلە و بەرخی مێگەلەکەتان، نەفرەت لێکراو دەبن.
 - 19
 - کە دێنە ژوورەوە نەفرەتتان لێ دەکرێت و کە دەچنە دەرەوە نەفرەتتان لێ دەکرێت.
 - 20
 - لەبەر ئەوەی پشتم تێ دەکەن و کاری خراپە ئەنجام دەدەن، هەر کارێک کە دەتانەوێت بیکەن، یەزدان نەفرەت و سەرلێشێوان و سەرزەنشتتان دەنێرێتە سەر هەتا ئەو کاتەی دەفەوتێن و بە خێرایی لەناودەچن.
 - 21
 - یەزدان دەردتان پێوە دەنووسێنێت، هەتا لەو خاکە لەناوتان ببات کە ئێوە دەچنە ناوی هەتا دەستی بەسەردا بگرن.
 - 22
 - یەزدان تووشی سیل و گرانەتا و هەوکردن، گەرما و وشکەساڵی، بای گەرمەسێر و کەڕووتان دەکات، جا بەدواتانەوە دەبێت هەتا لەناوتان دەبات.
 - 23
 - ئاسمانیش کە لەسەر سەرتانە دەبێتە بڕۆنز و ئەو خاکەی ژێریشتان دەبێتە ئاسن.
 - 24
 - یەزدانیش بارانی خاکەکەتان دەکاتە تۆز و خۆڵ و لە ئاسمانەوە بۆتان دێتە خوارەوە هەتا لەناودەچن.
 - 25
 - یەزدان لەبەردەم دوژمنەکانتان دەتانشکێنێت، لە یەک ڕێگا بۆیان دەچن و لە حەوت ڕێگا لەبەردەمیان هەڵدێن و هەموو شانشینەکانی زەوی دەتۆقن کاتێک ئەو ڕووداوە دەبینن کە بەسەر ئێوە هاتووە.
 - 26
 - تەرمیشتان دەبێتە خۆراکی هەموو باڵندەکانی ئاسمان و دڕندەکانی زەوی و کەسیش نابێت هەڵیانبفڕێنێ.
 - 27
 - یەزدان تووشی دومەڵی میسر و ئاوسان و گەڕی و خورشتتان دەکات کە نەتوانن چاک ببنەوە.
 - 28
 - یەزدان تووشی شێتی و کوێری و سەرلێشێواویتان دەکات.
 - 29
 - لە نیوەڕۆدا بە پەلکوتان دەڕۆن وەک نابینایان لە تاریکیدا و لە ڕێگاکانتان سەرکەوتوو نابن، بەڵکو هەموو ڕۆژانتان زۆرلێکراو و تاڵانکراو دەبن و کەسیش نابێت ڕزگارتان بکات.
 - 30
 - ژنێک مارە دەکەن بەڵام پیاوێکی دیکە دەیبات و لەگەڵی دەنوێت. خانووێک بنیاد دەنێن بەڵام تێیدا دانانیشن. ڕەزە مێوێک دەڕوێنن بەڵام لە بەرەکەی ناخۆن.
 - 31
 - گایەکەتان لەبەرچاوتان سەردەبڕدرێت بەڵام لێی ناخۆن. لەبەرچاوتان دەست بەسەر گوێدرێژەکەتاندا دەگرن بەڵام بۆتان ناگەڕێتەوە. مەڕەکانتان دەدرێنە دەست دوژمنەکانتان و ڕزگارکەریشتان نییە.
 - 32
 - کوڕان و کچانتان دەدرێنە دەست گەلێکی دیکە و بە درێژایی ڕۆژ چاوەکانتان تەماشایان دەکەن هەتا ماندوو دەبن و هیچیشتان لەدەست نایەت.
 - 33
 - بەروبوومی خاکەکەتان و هەموو ماندووبوونتان، گەلێک دەیخوات کە نایناسن، جا هەموو ڕۆژانتان تەنها زۆرلێکراو و پێشێلکراو دەبن.
 - 34
 - لەبەر سەرسامی ئەوەی کە دەیبینن شێت دەبن.
 - 35
 - یەزدان تووشی دومەڵی پیستان دەکات، لەسەر ئەژنۆکانتان و قاچەکانتان، کە نەتوانن چاک ببنەوە، لە بنی پێتانەوە هەتا تەپڵی سەرتان.
 - 36
 - یەزدان بە خۆتان و پاشاکەتانەوە کە بۆ خۆتانی دادەنێن، دەتانبات بۆ لای نەتەوەیەک کە نە ئێوە و نە باوباپیرانتان ناسیویانە و لەوێ خودای دیکە دەپەرستن، واتا ئەو بتانەی کە لە دار و لە بەردن.
 - 37
 - هەموو ئەو گەلانەی یەزدان ئێوە بۆ ناو ئەوان ڕادەپێچێت دەتۆقن لەوەی بەسەر ئێوە هاتووە و دەبنە پەند و گاڵتەجاڕی بۆیان.
 - 38
 - تۆوێکی زۆر دەکەن بە کێڵگەوە، بەڵام کەم کۆدەکەنەوە، چونکە کوللە دەیخوات،
 - 39
 - ڕەزەمێو دەچێنن و خزمەتی دەکەن، بەڵام شەراب ناخۆنەوە و ترێ لێ ناکەنەوە، چونکە کرم دەیخوات.
 - 40
 - لەناو هەموو سنوورەکەتان زەیتوونتان دەبێت، بەڵام خۆتان بە زەیت چەور ناکەن، چونکە زەیتوونەکەتان دەوەرێت.
 - 41
 - کوڕ و کچتان بۆ لەدایک دەبێت، بەڵام بۆ ئێوە نابن، چونکە بە دڵنیاییەوە ڕاپێچ دەکرێن.
 - 42
 - پۆلە کوللەی باڵدار دەست دەگرن بەسەر هەموو دار و بەروبوومی زەوییەکەتانەوە.
 - 43
 - ئەو نامۆیانەی لەنێوتاندان پلە بە پلە پایەبەرزتر دەبن، بەڵام ئێوە پلە بە پلە پایەنزم دەبن.
 - 44
 - ئەوان قەرزتان پێدەدەن، بەڵام ئێوە قەرزیان پێ نادەن، ئەوان سەر دەبن، بەڵام ئێوە کلک.
 - 45
 - هەموو ئەم نەفرەتانەتان دێتە سەر و دواتان دەکەوێت و پێتان دەگات هەتا لەناودەچن، چونکە ئێوە گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان نەبوون هەتا فەرمانەکان و فەرزەکانی بەجێبهێنن کە فەرمانی پێ کردن.
 - 46
 - ئیتر بۆ هەتاهەتایە لەنێو ئێوە و لەنێو نەوەکەتان دەبنە پەند و نیشانە.
 - 47
 - لەبەر ئەوەی یەزدانی پەروەردگاری خۆتان بە دڵخۆشی و دڵسافییەوە نەپەرست، کاتێک هەموو شتێک زۆر بوو،
 - 48
 - کەواتە لە برسیێتی و تینووێتی و ڕووتی و نەداری لە هەموو شتێک، دەبنە کۆیلەی دوژمنەکانتان، کە یەزدان بۆ سەر ئێوەی دەنێرێت. ئەویش نیری[a]  ئاسن دەخاتە سەر ملتان هەتا لەناودەچن.
 - 49
 - یەزدان نەتەوەیەکتان دەهێنێتە سەر لە دوورەوە لەوپەڕی زەوییەوە وەک شاڵاوی هەڵۆ، نەتەوەیەک لە زمانی ناگەن،
 - 50
 - نەتەوەیەکی ڕووگرژ، نە ڕێز بۆ پیر دادەنێت و نە سۆزی بۆ منداڵ دەجوڵێت.
 - 51
 - بەری ئاژەڵی ماڵی و بەروبوومی زەویتان دەخوات هەتا لەناودەچن و هیچ دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیت و گوێرەکەی گاگەل و کاریلە و بەرخی مێگەلتان بۆ ناهێڵێتەوە هەتا لەناوتان دەبات.
 - 52
 - لە هەموو شارەکان گەمارۆتان دەدات، هەتا شوورا بەرزە قاییمەکان کە ئێوە پشتی پێ دەبەستن دەڕمێت، لە هەموو خاکەکەتان کە یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات گەمارۆتان دەدات.
 - 53
 - جا بەری سکتان، گۆشتی کوڕ و کچەکانتان کە یەزدانی پەروەردگارتان پێیداون دەخۆن، لەو گەمارۆ و تەنگانەیەی کە دوژمنەکانتان تەنگتان پێ هەڵدەچنن.
 - 54
 - پیاوی دڵناسک و زۆر هەستیار لەنێوتان بەرچاوتەنگ دەبێت، سەبارەت بە براکەی خۆی و بە ژنە خۆشەویستەکەی و بە پاشماوەی منداڵەکانی کە ماونەتەوە،
 - 55
 - هەتا لە گۆشتی منداڵەکەی کە دەیخوات بە کەسیان نادات، چونکە هیچی بۆ نەماوەتەوە لەو گەمارۆ و تەنگانەیەی کە دوژمنەکانتان تەنگتان پێ هەڵدەچنن لە هەموو شارەکانتاندا.
 - 56
 - ئەو ژنەی دڵناسک و هەستیارە لەنێوتان کە لەبەر دڵناسکی و هەستیارییەکەی دڵی نایەت بنی پێی بە زەویدا بنێت، بەرچاوتەنگ دەبێت سەبارەت بە پیاوە خۆشەویستەکەی و کوڕ و کچەکەی،
 - 57
 - لەو یۆڵداشەی لەنێو هەردوو قاچی دێتەدەر و لە منداڵەکانی کە دەیبێت، چونکە بە نهێنی لە نەداری دەیانخوات، لەو گەمارۆ و تەنگانەیەی کە دوژمنەکانتان لە شارەکانتاندا تەنگتان پێ هەڵدەچنن.
 - 58
 - ئەگەر ئاگادار نەبن بۆ ئەوەی کار بە هەموو وشەکانی ئەم فێرکردنە بکەن کە لەم پەڕتووکە نووسراون، بۆ ئەوەی لەم ناوە شکۆدارە سامناکە بترسن، لە یەزدانی پەروەردگارتان،
 - 59
 - ئەوا یەزدان وا دەکات لێدانەکانتان و لێدانەکانی نەوەکەتان سەرسوڕهێنەر بێت، لێدانی سەخت و بەردەوام، نەخۆشی بە ئازار و هەمیشەیی.
 - 60
 - هەموو دەردەکانی میسریش کە لێی تۆقین، بەسەرتاندا دێتەوە و پێتانەوە دەنووسێن.
 - 61
 - هەروەها هەر نەخۆشییەک و هەر لێدانێک کە لەم پەڕتووکەی تەورات نەنووسراوە، یەزدان بەسەرتاندا دەدات هەتا لەناودەچن.
 - 62
 - چەند کەسێکی کەم دەمێنن لە جێی ئەوەی وەک ئەستێرەی ئاسمان بوون لە زۆریدا، چونکە گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان نەبوون.
 - 63
 - هەروەک چۆن یەزدان پێتان دڵخۆش بوو کە چاکەتان لەگەڵ بکات و زۆرتان بکات، هەروەها پێشتان دڵخۆش دەبێت هەتا بتانفەوتێنێت و لەناوتان ببات. لەو خاکە ڕیشەکێش دەکرێن کە دەچنە ناوی هەتا دەستی بەسەردا بگرن.
 - 64
 - ئینجا یەزدان لەنێو هەموو گەلان پەرشوبڵاوتان دەکاتەوە، لەوپەڕی زەوی هەتا ئەوپەڕی، لەوێ خودای دیکە دەپەرستن لە دار و بەرد کە نە ئێوە و نە باوباپیرانتان نەیانناسیوە.
 - 65
 - لەنێو ئەو نەتەوانەدا ناحەوێنەوە و پێیەکانتان جێگیر نابن، بەڵکو یەزدان لەوێ دڵێکی لەرزۆک و چاوێکی ماندوو و گیانێکی لاوازتان دەداتێ.
 - 66
 - ژیانیشتان هەڵواسراو دەبێت لەبەردەمتان و شەو و ڕۆژ دەترسن و لە ژیانتان دڵنیا نابن.
 - 67
 - لە ترسی دڵتان کە دەترسن و لە تێڕوانینی چاوەکانتان کە تێدەڕوانن، بە ڕۆژ دەڵێن، «خۆزگە شەو بێت،» بە شەویش دەڵێن، «خۆزگە ڕۆژ بێت.»
 - 68
 - یەزدان بە کەشتی بەو ڕێگایەدا دەتانگەڕێنێتەوە بۆ میسر کە پێم گوتن، کە ئیتر نایبیننەوە، جا لەوێ وەک کۆیلە و کەنیزە بە دوژمنەکانتان دەفرۆشرێن و کەسیش ناتانکڕێت.
 
- a. 28:48 مەبەستی لە بارگرانییە.
 

