عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
به‌ره‌كه‌ت بۆ گوێڕایه‌ڵی 
1
ئه‌گه‌ر گوێڕایه‌ڵی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان بوون، هه‌تا ئاگاداربن كه‌ كار به‌ هه‌موو فه‌رمانه‌كانی بكه‌ن، كه‌ من ئه‌مڕۆ فه‌رمانتان پێ ده‌كه‌م، ئه‌وا یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان له‌ سه‌رووی هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی سه‌ر زه‌ویتان داده‌نێت.
2
هه‌موو ئه‌م به‌ره‌كه‌تانه‌تان دێته‌ سه‌ر و پێتان ده‌گات، ئه‌گه‌ر گوێڕایه‌ڵی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان بوون:
3
له‌ شار به‌ره‌كه‌تدار ده‌بن و له‌ ده‌شتوده‌ریش به‌ره‌كه‌تدار ده‌بن.
4
به‌ری سكتان و به‌روبوومی زه‌وییه‌كه‌تان به‌ره‌كه‌تدار ده‌بن، به‌ری ئاژه‌ڵه‌ ماڵییه‌كانیشتان، گوێره‌كه‌ی گاگه‌له‌كه‌تان و كاریله‌ و به‌رخی مێگه‌له‌كه‌تان.
5
سه‌به‌ته‌ و ته‌شتی هه‌ویرتان به‌ره‌كه‌تدار ده‌بێت.
6
له‌ چوونه‌ ژووره‌وه‌تان به‌ره‌كه‌تدار ده‌بن و له‌ هاتنه‌ده‌ره‌وه‌شتان به‌ره‌كه‌تدار ده‌بن.
7
یه‌زدان وا ده‌كات ئه‌و دوژمنانه‌تان كه‌ سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن له‌به‌رده‌متان ببه‌زن، له‌ یه‌ك ڕێگا بۆتان دێنه‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌ حه‌وت ڕێگا له‌به‌رده‌متان هه‌ڵدێن.
8
یه‌زدان فه‌رمانی به‌ره‌كه‌تتان بۆ ده‌دات له‌ هه‌موو شته‌ ئه‌مباركراوه‌كانتان و له‌ هه‌موو شتێك كه‌ ده‌ستی بۆ ده‌به‌ن و به‌ره‌كه‌تدارتان ده‌كات له‌و خاكه‌ی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان پێتان ده‌دات.
9
یه‌زدان به‌ گه‌لێكی پیرۆزتان داده‌نێت بۆ خۆی، وه‌ك سوێندی بۆ خواردن، ئه‌گه‌ر فه‌رمانه‌كانی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان پاراست و ڕێگاكانی ئه‌وتان گرته‌به‌ر.
10
جا هه‌موو گه‌لانی زه‌وی ده‌بینن كه‌ ناوی یه‌زدان به‌ ئێوه‌وه‌ نراوه‌، ئیتر لێتان ده‌ترسن.
11
یه‌زدانیش سه‌روه‌ت و سامانتان زیاتر ده‌كات له‌ به‌ری سكتان و به‌ری ئاژه‌ڵه‌ ماڵییه‌كانتان و به‌روبوومی زه‌وییه‌كه‌تان، له‌سه‌ر ئه‌و خاكه‌ی كه‌ سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد بتانداتێ.
12
یه‌زدان ئه‌مباره‌ باشه‌كه‌ی ئاسمانتان بۆ ده‌كاته‌وه‌، هه‌تا بارانی خاكه‌كه‌تان له‌ كاتی خۆیدا بداتێ و هه‌موو كاری ده‌ستتان به‌ره‌كه‌تدار بكات، ئینجا قه‌رز به‌ زۆر نه‌ته‌وه‌ ده‌ده‌ن و خۆتان قه‌رز ناكه‌ن.
13
یه‌زدانیش ده‌تانكات به‌ سه‌ر نه‌ك به‌ كلك و ته‌نها له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ ده‌بن نه‌ك له‌ نزمبوونه‌وه‌، ئه‌گه‌ر گوێڕایه‌ڵی فه‌رمانه‌كانی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان بوون، كه‌ من ئه‌مڕۆ فه‌رمانتان پێ ده‌كه‌م، هه‌تا بیپارێزن و كاری پێ بكه‌ن.
14
له‌ هه‌موو ئه‌و وشانه‌ش كه‌ من ئه‌مڕۆ فه‌رمانتان پێ ده‌كه‌م، به‌لای چه‌پ یان ڕاستدا لا نه‌ده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی به‌دوای خودای دیكه‌ بكه‌ون هه‌تا بیپه‌رستن.
نه‌فره‌ت بۆ یاخیبوون 
15
به‌ڵام ئه‌گه‌ر گوێڕایه‌ڵی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان نه‌بوون، بۆ ئه‌وه‌ی ئاگاداربن كه‌ كار به‌ هه‌موو فه‌رمانه‌كانی و فه‌رزه‌كانی بكه‌ن كه‌ من ئه‌مڕۆ فه‌رمانتان پێ ده‌كه‌م، هه‌موو ئه‌م نه‌فره‌تانه‌تان دێته‌ سه‌ر و پێتان ده‌گات.
16
له‌ شار نه‌فره‌ت لێكراو ده‌بن و له‌ كێڵگه‌ش نه‌فره‌ت لێكراو ده‌بن.
17
سه‌به‌ته‌ و ته‌شتی هه‌ویرتان نه‌فره‌ت لێكراو ده‌بێت.
18
به‌ری سكتان و به‌روبوومی زه‌وییه‌كه‌تان، گوێره‌كه‌ی گاگه‌له‌كه‌شتان و كاریله‌ و به‌رخی مێگه‌له‌كه‌تان، نه‌فره‌ت لێكراو ده‌بن.
19
كه‌ دێنه‌ ژووره‌وه‌ نه‌فره‌تتان لێ ده‌كرێت و كه‌ ده‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌ نه‌فره‌تتان لێ ده‌كرێت.
20
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پشتم تێ ده‌كه‌ن و كاری خراپه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن، هه‌ر كارێك كه‌ ده‌تانه‌وێت بیكه‌ن، یه‌زدان نه‌فره‌ت و سه‌رلێشێوان و سه‌رزه‌نشتتان ده‌نێرێته‌ سه‌ر هه‌تا ئه‌و كاته‌ی ده‌فه‌وتێن و به‌ خێرایی له‌ناوده‌چن.
21
یه‌زدان ده‌ردتان پێوه‌ ده‌نووسێنێت، هه‌تا له‌و خاكه‌ له‌ناوتان ببات كه‌ ئێوه‌ ده‌چنه‌ ناوی هه‌تا ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرن.
22
یه‌زدان تووشی سیل و گرانه‌تا و هه‌وكردن، گه‌رما و وشكه‌ساڵی، بای گه‌رمه‌سێر و كه‌ڕووتان ده‌كات، جا به‌دواتانه‌وه‌ ده‌بێت هه‌تا له‌ناوتان ده‌بات.
23
ئاسمانیش كه‌ له‌سه‌ر سه‌رتانه‌ ده‌بێته‌ بڕۆنز و ئه‌و خاكه‌ی ژێریشتان ده‌بێته‌ ئاسن.
24
یه‌زدانیش بارانی خاكه‌كه‌تان ده‌كاته‌ تۆز و خۆڵ و له‌ ئاسمانه‌وه‌ بۆتان دێته‌ خواره‌وه‌ هه‌تا له‌ناوده‌چن.
25
یه‌زدان له‌به‌رده‌م دوژمنه‌كانتان ده‌تانشكێنێت، له‌ یه‌ك ڕێگا بۆیان ده‌چن و له‌ حه‌وت ڕێگا له‌به‌رده‌میان هه‌ڵدێن و هه‌موو شانشینه‌كانی زه‌وی ده‌تۆقن كاتێك ئه‌و ڕووداوه‌ ده‌بینن كه‌ به‌سه‌ر ئێوه‌ هاتووه‌.
26
ته‌رمیشتان ده‌بێته‌ خۆراكی هه‌موو باڵنده‌كانی ئاسمان و دڕنده‌كانی زه‌وی و كه‌سیش نابێت هه‌ڵیانبفڕێنێ.
27
یه‌زدان تووشی دومه‌ڵی میسر و ئاوسان و گه‌ڕی و خورشتتان ده‌كات كه‌ نه‌توانن چاك ببنه‌وه‌.
28
یه‌زدان تووشی شێتی و كوێری و سه‌رلێشێواویتان ده‌كات.
29
له‌ نیوه‌ڕۆدا به‌ په‌لكوتان ده‌ڕۆن وه‌ك نابینایان له‌ تاریكیدا و له‌ ڕێگاكانتان سه‌ركه‌وتوو نابن، به‌ڵكو هه‌موو ڕۆژانتان زۆرلێكراو و تاڵانكراو ده‌بن و كه‌سیش نابێت ڕزگارتان بكات.
30
ژنێك ماره‌ ده‌كه‌یت به‌ڵام پیاوێكی دیكه‌ ده‌یبات و له‌گه‌ڵی ده‌نوێت. خانووێك بنیاد ده‌نێیت به‌ڵام تێیدا دانانیشیت. ڕه‌زه‌ مێوێك ده‌ڕوێنیت به‌ڵام له‌ به‌ره‌كه‌ی ناخۆیت.
31
گایه‌كه‌ت له‌به‌رچاوت سه‌رده‌بڕدرێت به‌ڵام لێی ناخۆیت. له‌به‌رچاوت ده‌ست به‌سه‌ر گوێدرێژه‌كه‌تدا ده‌گرن به‌ڵام بۆت ناگه‌ڕێته‌وه‌. مه‌ڕه‌كانت ده‌درێنه‌ ده‌ست دوژمنه‌كانت و ڕزگاركه‌ریشت نییه‌.
32
كوڕان و كچانت ده‌درێنه‌ ده‌ست گه‌لێكی دیكه‌ و به‌ درێژایی ڕۆژ چاوه‌كانت ته‌ماشایان ده‌كات هه‌تا ماندوو ده‌بن و هیچیشت له‌ده‌ست نایه‌ت.
33
به‌روبوومی خاكه‌كه‌ت و هه‌موو ماندووبوونت، گه‌لێك ده‌یخوات كه‌ نایناسیت، جا هه‌موو ڕۆژانت ته‌نها زۆرلێكراو و پێشێلكراو ده‌بیت.
34
له‌به‌ر سه‌رسامی ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌یبینیت شێت ده‌بیت.
35
یه‌زدان تووشی دومه‌ڵی پیست ده‌كات، له‌سه‌ر ئه‌ژنۆكانت و قاچه‌كانت، كه‌ نه‌توانیت چاك بیته‌وه‌، له‌ بنی پێته‌وه‌ هه‌تا ته‌پڵی سه‌رت.
36
یه‌زدان به‌ خۆتان و پاشاكه‌تانه‌وه‌ كه‌ بۆ خۆتانی داده‌نێن، ده‌تانبات بۆ لای نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه‌ نه‌ ئێوه‌ و نه‌ باوباپیرانتان ناسیویانه‌ و له‌وێ خودای دیكه‌ ده‌په‌رستن، واته‌ ئه‌و بتانه‌ی كه‌ له‌ دار و له‌ به‌ردن.
37
هه‌موو ئه‌و گه‌لانه‌ی یه‌زدان ئێوه‌ بۆ ناو ئه‌وان ڕاده‌پێچێت ده‌تۆقن له‌وه‌ی به‌سه‌ر ئێوه‌ هاتووه‌ و ده‌بنه‌ په‌ند و گاڵته‌جاڕی بۆیان.
38
تۆوێكی زۆر ده‌كه‌ن به‌ كێڵگه‌وه‌، به‌ڵام كه‌م كۆده‌كه‌نه‌وه‌، چونكه‌ كولله‌ ده‌یخوات،
39
ڕه‌زه‌مێو ده‌چێنن و خزمه‌تی ده‌كه‌ن، به‌ڵام شه‌راب ناخۆنه‌وه‌ و ترێ لێ ناكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ كرم ده‌یخوات.
40
له‌ناو هه‌موو سنووره‌كه‌تان زه‌یتوونتان ده‌بێت، به‌ڵام خۆتان به‌ زه‌یت چه‌ور ناكه‌ن، چونكه‌ زه‌یتوونه‌كه‌تان ده‌وه‌رێت.
41
كوڕ و كچتان بۆ له‌دایك ده‌بێت، به‌ڵام بۆ ئێوه‌ نابن، چونكه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ڕاپێچ ده‌كرێن.
42
پۆله‌ كولله‌ی باڵدار ده‌ست ده‌گرن به‌سه‌ر هه‌موو دار و به‌روبوومی زه‌وییه‌كه‌تانه‌وه‌.
43
ئه‌و نامۆیانه‌ی له‌نێوتاندان پله‌ به‌ پله‌ پایه‌به‌رزتر ده‌بن، به‌ڵام ئێوه‌ پله‌ به‌ پله‌ پایه‌نزم ده‌بن.
44
ئه‌وان قه‌رزتان پێده‌ده‌ن، به‌ڵام ئێوه‌ قه‌رزیان پێ ناده‌ن، ئه‌وان سه‌ر ده‌بن، به‌ڵام ئێوه‌ كلك.
45
هه‌موو ئه‌م نه‌فره‌تانه‌تان دێته‌ سه‌ر و دواتان ده‌كه‌وێت و پێتان ده‌گات هه‌تا له‌ناوده‌چن، چونكه‌ ئێوه‌ گوێڕایه‌ڵی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان نه‌بوون هه‌تا فه‌رمانه‌كان و فه‌رزه‌كانی به‌جێبهێنن كه‌ فه‌رمانی پێ كردن.
46
ئیتر بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ له‌نێو ئێوه‌ و له‌نێو نه‌وه‌كه‌تان ده‌بێته‌ نیشانه‌ و په‌رجوو.
47
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری خۆتان به‌ دڵخۆشی و دڵسافییه‌وه‌ نه‌په‌رست، كاتێك هه‌موو شتێك زۆر بوو،
48
كه‌واته‌ له‌ برسیێتی و تینووێتی و ڕووتی و نه‌داری له‌ هه‌موو شتێك، ده‌بنه‌ كۆیله‌ی دوژمنه‌كانتان، كه‌ یه‌زدان بۆ سه‌ر ئێوه‌ی ده‌نێرێت. ئه‌ویش نیری[a] ئاسن ده‌خاته‌ سه‌ر ملتان هه‌تا له‌ناوده‌چن.
49
یه‌زدان نه‌ته‌وه‌یه‌كتان ده‌هێنێته‌ سه‌ر له‌ دووره‌وه‌ له‌وپه‌ڕی زه‌وییه‌وه‌ وه‌ك شاڵاوی هه‌ڵۆ، نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌ زمانی ناگه‌ن،
50
نه‌ته‌وه‌یه‌كی ڕووگرژ، نه‌ ڕێز بۆ پیر داده‌نێت و نه‌ سۆزی بۆ منداڵ ده‌جوڵێت.
51
به‌ری ئاژه‌ڵی ماڵی و به‌روبوومی زه‌ویتان ده‌خوات هه‌تا له‌ناوده‌چن و هیچ دانه‌وێڵه‌ و شه‌رابی نوێ و زه‌یت و گوێره‌كه‌ی گاگه‌ل و كاریله‌ و به‌رخی مێگه‌لتان بۆ ناهێڵێته‌وه‌ هه‌تا له‌ناوتان ده‌بات.
52
له‌ هه‌موو شاره‌كان گه‌مارۆتان ده‌دات، هه‌تا شوورا به‌رزه‌ قاییمه‌كان كه‌ ئێوه‌ پشتی پێ ده‌به‌ستن ده‌ڕمێت، له‌ هه‌موو خاكه‌كه‌تان كه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان پێتان ده‌دات گه‌مارۆتان ده‌دات.
53
جا به‌ری سكتان، گۆشتی كوڕ و كچه‌كانتان كه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان پێیداون ده‌خۆن، له‌و گه‌مارۆ و ته‌نگانه‌یه‌ی كه‌ دوژمنه‌كانتان ته‌نگتان پێ هه‌ڵده‌چنن.
54
پیاوی دڵناسك و زۆر هه‌ستیار له‌نێوتان به‌رچاوته‌نگ ده‌بێت، سه‌باره‌ت به‌ براكه‌ی خۆی و به‌ ژنه‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی و به‌ پاشماوه‌ی منداڵه‌كانی كه‌ ماونه‌ته‌وه‌،
55
هه‌تا له‌ گۆشتی منداڵه‌كه‌ی كه‌ ده‌یخوات به‌ كه‌سیان نادات، چونكه‌ هیچی بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه‌ له‌و گه‌مارۆ و ته‌نگانه‌یه‌ی كه‌ دوژمنه‌كانتان ته‌نگتان پێ هه‌ڵده‌چنن له‌ هه‌موو شاره‌كانتاندا.
56
ئه‌و ژنه‌ی دڵناسك و هه‌ستیاره‌ له‌نێوتان كه‌ له‌به‌ر دڵناسكی و هه‌ستیارییه‌كه‌ی دڵی نایه‌ت بنی پێی به‌ زه‌ویدا بنێت، به‌رچاوته‌نگ ده‌بێت سه‌باره‌ت به‌ پیاوه‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی و كوڕ و كچه‌كه‌ی،
57
له‌و یۆڵداشه‌ی له‌نێو هه‌ردوو قاچی دێته‌ده‌ر و له‌ منداڵه‌كانی كه‌ ده‌یبێت، چونكه‌ به‌ نهێنی له‌ نه‌داری ده‌یانخوات، له‌و گه‌مارۆ و ته‌نگانه‌یه‌ی كه‌ دوژمنه‌كانتان له‌ شاره‌كانتاندا ته‌نگتان پێ هه‌ڵده‌چنن.
58
ئه‌گه‌ر ئاگادار نه‌بن بۆ ئه‌وه‌ی كار به‌ هه‌موو وشه‌كانی ئه‌م فێركردنه‌ بكه‌ن كه‌ له‌م په‌ڕتووكه‌ نووسراون، بۆ ئه‌وه‌ی له‌م ناوه‌ شكۆداره‌ سامناكه‌ بترسن، له‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان،
59
ئه‌وا یه‌زدان وا ده‌كات لێدانه‌كانتان و لێدانه‌كانی نه‌وه‌كه‌تان سه‌رسوڕهێنه‌ر بێت، لێدانی سه‌خت و به‌رده‌وام، نه‌خۆشی به‌ ئازار و هه‌میشه‌یی.
60
هه‌موو ده‌رده‌كانی میسریش كه‌ لێی تۆقین، به‌سه‌رتاندا دێته‌وه‌ و پێتانه‌وه‌ ده‌نووسێن.
61
هه‌روه‌ها هه‌ر نه‌خۆشییه‌ك و هه‌ر لێدانێك كه‌ له‌م په‌ڕتووكه‌ی ته‌ورات نه‌نووسراوه‌، یه‌زدان به‌سه‌رتاندا ده‌دات هه‌تا له‌ناوده‌چن.
62
چه‌ند كه‌سێكی كه‌م ده‌مێنن له‌ جێی ئه‌وه‌ی وه‌ك ئه‌ستێره‌ی ئاسمان بوون له‌ زۆریدا، چونكه‌ گوێڕایه‌ڵی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان نه‌بوون.
63
هه‌روه‌ك چۆن یه‌زدان پێتان دڵخۆش بوو كه‌ چاكه‌تان له‌گه‌ڵ بكات و زۆرتان بكات، هه‌روه‌ها پێشتان دڵخۆش ده‌بێت هه‌تا بتانفه‌وتێنێت و له‌ناوتان ببات. له‌و خاكه‌ ڕیشه‌كێش ده‌كرێن كه‌ ده‌چنه‌ ناوی هه‌تا ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرن.
64
ئینجا یه‌زدان له‌نێو هه‌موو گه‌لان په‌رشوبڵاوتان ده‌كاته‌وه‌، له‌وپه‌ڕی زه‌وی هه‌تا ئه‌وپه‌ڕی، له‌وێ خودای دیكه‌ ده‌په‌رستن له‌ دار و به‌رد كه‌ نه‌ ئێوه‌ و نه‌ باوباپیرانتان نه‌یانناسیوه‌.
65
له‌نێو ئه‌و نه‌ته‌وانه‌دا ناحه‌وێنه‌وه‌ و پێیه‌كانتان جێگیر نابن، به‌ڵكو یه‌زدان له‌وێ دڵێكی له‌رزۆك و چاوێكی ماندوو و گیانێكی لاوازتان ده‌داتێ.
66
ژیانیشتان هه‌ڵواسراو ده‌بێت له‌به‌رده‌متان و شه‌و و ڕۆژ ده‌ترسن و له‌ ژیانتان دڵنیا نابن.
67
له‌ ترسی دڵتان كه‌ ده‌ترسن و له‌ تێڕوانینی چاوه‌كانتان كه‌ تێده‌ڕوانن، به‌ ڕۆژ ده‌ڵێن، «خۆزگه‌ شه‌و بێت،» به‌ شه‌ویش ده‌ڵێن، «خۆزگه‌ ڕۆژ بێت.»
68
یه‌زدان به‌ كه‌شتی به‌و ڕێگایه‌دا ده‌تانگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ میسر كه‌ پێم گوتن، كه‌ ئیتر نایبیننه‌وه‌، جا له‌وێ وه‌ك كۆیله‌ و كه‌نیزه‌ به‌ دوژمنه‌كانتان ده‌فرۆشرێن و كه‌سیش ناتانكڕێت.
  1. a. 28‏:48 مه‌به‌ستی له‌ بارگرانییه‌.