عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
قوربانگای كێوی عێبال 
1
موسا و پیرانی ئیسرائیل فه‌رمانیان به‌ گه‌ل دا و گوتیان: «هه‌موو ئه‌و فه‌رمانانه‌ بپارێزن كه‌ من ئه‌مڕۆ فه‌رمانتان پێ ده‌كه‌م.
2
كاتێك له‌ ڕووباری ئوردون ده‌په‌ڕنه‌وه‌ بۆ ئه‌و خاكه‌ی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان پێتان ده‌دات، چینێك به‌ردی گه‌وره‌ بۆ خۆتان ڕاگیر بكه‌ن و به‌ گه‌چ سواغیان بده‌ن.
3
هه‌موو وشه‌كانی ئه‌م فێركردنه‌ی له‌سه‌ر بنووسن كاتێك ده‌په‌ڕنه‌وه‌ هه‌تا بچنه‌ ناو ئه‌و خاكه‌ی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان پێتان ده‌دات، خاكێك شیر و هه‌نگوینی لێ ده‌ڕژێت، وه‌ك یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری باوباپیرانتان به‌ڵێنی پێدان.
4
كاتێك له‌ ڕووباری ئوردون ده‌په‌ڕنه‌وه‌، ئه‌م به‌ردانه‌ ڕاگیر بكه‌ن كه‌ من ئه‌مڕۆ فه‌رمانتان پێ ده‌كه‌م، له‌ كێوی عێبال و به‌ گه‌چ سواغیان بده‌ن.
5
له‌وێ قوربانگایه‌ك بۆ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان بنیاد بنێن، قوربانگایه‌ك له‌ به‌رد بێت و ئامێری ئاسنی لێ به‌كارمه‌هێنن.[a]
6
له‌ به‌ردی نه‌تاشراو قوربانگاكه‌ی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان بنیاد بنێن و قوربانی سووتاندن سه‌ربخه‌نه‌ سه‌ری بۆ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان،
7
هه‌روه‌ها قوربانی هاوبه‌شی[b] سه‌رببڕن و له‌وێ بیخۆن و له‌به‌رده‌م یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان دڵخۆش بن.
8
هه‌موو وشه‌كانی ئه‌م فێركردنه‌ش زۆر به‌ ڕوونی له‌سه‌ر به‌رده‌كان بنووسن.»
نه‌فره‌ت له‌ كێوی عێباله‌وه‌ 
9
ئینجا موسا و كاهینه‌ لێڤییه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌موو ئیسرائیلدا دوان و گوتیان: «ئه‌ی ئیسرائیل بێده‌نگ بن و گوێتان لێ بێت، ئه‌مڕۆ بوونه‌ گه‌ل بۆ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان،
10
جا گوێڕایه‌ڵی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان بن، كار به‌و فه‌رمان و فه‌رزانه‌ی بكه‌ن كه‌ من ئه‌مڕۆ فه‌رمانتان پێ ده‌كه‌م.»
11
جا له‌و ڕۆژه‌دا موسا فه‌رمانی به‌ گه‌ل كرد و گوتی:
12
ئه‌م هۆزانه‌ له‌سه‌ر كێوی گه‌ریزیم ده‌وه‌ستن هه‌تا داوای به‌ره‌كه‌ت بۆ گه‌ل بكه‌ن كاتێك له‌ ڕووباری ئوردون ده‌په‌ڕنه‌وه‌، شیمۆن و لێڤی و یه‌هودا و یه‌ساخار و یوسف و بنیامین.
13
ئه‌م هۆزانه‌ش له‌سه‌ر كێوی عێبال ده‌وه‌ستن بۆ نه‌فره‌ت، ڕه‌ئوبێن و گاد و ئاشێر و زه‌بولون و دان و نه‌فتالی.
14
جا لێڤییه‌كان ڕایده‌گه‌یه‌نن و به‌ ده‌نگی به‌رز به‌ هه‌موو گه‌لی ئیسرائیل ده‌ڵێن:
15
«نه‌فره‌ت لێكراوه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی په‌یكه‌رێكی داتاشراو یان بتێكی له‌قاڵبدراو به‌ ده‌ستی په‌یكه‌رتاش دروستده‌كات و له‌ شوێنێكی شاردراوه‌ی داده‌نێت، ئه‌وه‌ قێزه‌ونه‌ له‌لای یه‌زدان.»
هه‌موو گه‌لیش وه‌ڵام ده‌ده‌نه‌وه‌ و ده‌ڵێن، «ئامین!»
16
«نه‌فره‌ت لێكراوه‌ ئه‌وه‌ی ڕێز له‌ دایك و باوك ناگرێت.»
هه‌موو گه‌لیش ده‌ڵێن، «ئامین!»
17
«نه‌فره‌ت لێكراوه‌ ئه‌وه‌ی سنووری زه‌وی به‌ردینی دراوسێكه‌ی ده‌گوێزێته‌وه‌.»
هه‌موو گه‌لیش ده‌ڵێن، «ئامین!»
18
«نه‌فره‌ت لێكراوه‌ ئه‌وه‌ی نابینا له‌ ڕێگا وێڵ ده‌كات.»
هه‌موو گه‌لیش ده‌ڵێن، «ئامین!»
19
«نه‌فره‌ت لێكراوه‌ ئه‌وه‌ی دادپه‌روه‌ری بۆ نامۆ و هه‌تیو و بێوه‌ژن ناكات.»
هه‌موو گه‌لیش ده‌ڵێن، «ئامین!»
20
«نه‌فره‌ت لێكراوه‌ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ باوه‌ژنی خۆی جووت ده‌بێت، چونكه‌ ناموسی باوكی بردووه‌.»
هه‌موو گه‌لیش ده‌ڵێن، «ئامین!»
21
«نه‌فره‌ت لێكراوه‌ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵێك جووت ده‌بێت.»
هه‌موو گه‌لیش ده‌ڵێن، «ئامین.»
22
«نه‌فره‌ت لێكراوه‌ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ خوشكی خۆی جووت ده‌بێت، كچی باوكی یان كچی دایكی.»
هه‌موو گه‌لیش ده‌ڵێن، «ئامین!»
23
«نه‌فره‌ت لێكراوه‌ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ خه‌سووی خۆی جووت ده‌بێت.»
هه‌موو گه‌لیش ده‌ڵێن، «ئامین!»
24
«نه‌فره‌ت لێكراوه‌ ئه‌وه‌ی به‌ نهێنی دراوسێكه‌ی خۆی ده‌كوژێت.»
هه‌موو گه‌لیش ده‌ڵێن، «ئامین!»
25
«نه‌فره‌ت لێكراوه‌ ئه‌وه‌ی به‌رتیل وه‌رده‌گرێت بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كێكی بێتاوان بكوژێت.»
هه‌موو گه‌لیش ده‌ڵێن، «ئامین!»
26
«نه‌فره‌ت لێكراوه‌ ئه‌وه‌ی پاڵپشتی وشه‌كانی ئه‌م فێركردنه‌ ناكات بۆ ئه‌وه‌ی كاریان پێ بكات.»
هه‌موو گه‌لیش ده‌ڵێن، «ئامین!»
  1. a. 27‏:5 مه‌به‌ست لێی ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ قوربانگای یه‌زدان نابێت هاوشێوه‌ی قوربانگای كه‌نعانییه‌كان بێت و به‌ به‌ردی تاشراو دروستبكرێت.
  2. b. 27‏:7 قوربانی هاوبه‌شی: ئه‌م قوربانییه‌ هاوده‌می قوربانی سووتاندن بوو. ته‌نها یه‌ك كه‌س هه‌ڵده‌ستا به‌ دابینكردنی ئه‌م قوربانییه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی دیكه‌ به‌شی زۆری ئه‌م قوربانییه‌یان له‌به‌رده‌م خودا ده‌خوارد وه‌ك هێمایه‌ك بۆ پێكه‌وه‌ ژیان. بڕوانه‌\+xt لێڤییه‌كان 7‏:11‏-15‏\+xt*‏.