عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
یه‌كه‌مین به‌رهه‌م و ده‌یه‌كه‌كان 
1
كاتێك هاتنه‌ ناو ئه‌و خاكه‌ی كه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان به‌ میرات پێتانی ده‌دات و ده‌ستتان به‌سه‌ردا گرت و تێیدا نیشته‌جێ بوون،
2
ئه‌وا هه‌ركه‌سێك یه‌كه‌مین به‌رهه‌می هه‌موو به‌روبوومی زه‌وییه‌كه‌ كه‌ ده‌ستی ده‌كه‌وێت له‌ خاكه‌كه‌تان كه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان پێتانی ده‌دات ده‌یكاته‌ ناو سه‌به‌ته‌یه‌ك و ده‌چێته‌ ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان هه‌ڵیده‌بژێرێت بۆ ئه‌وه‌ی ناوی له‌وێ بێت.
3
ئینجا دێته‌ لای ئه‌و كاهینه‌ی كه‌ له‌و كاته‌دایه‌ و پێی ده‌ڵێت: «ئه‌مڕۆ به‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارت ڕاده‌گه‌یه‌نم كه‌ من چوومه‌ ناو ئه‌و خاكه‌ی یه‌زدان سوێندی بۆ باوباپیرانمان خوارد كه‌ پێمانی بدات.»
4
جا كاهینه‌كه‌ش سه‌به‌ته‌كه‌ له‌ ده‌ستی وه‌رده‌گرێت و له‌به‌رده‌م قوربانگاكه‌ی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان دایده‌نێت،
5
ئینجا كه‌سه‌كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان ڕایده‌گه‌یه‌نێت و ده‌ڵێت: «باوكم ئارامییه‌كی گه‌ڕۆك بوو، چوو بۆ میسر و له‌وێ ئاواره‌ بوو، چه‌ند كه‌سێكی كه‌م بوون، جا له‌وێ بوو به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كی مه‌زن و به‌هێز و زۆر.
6
ئینجا میسرییه‌كان خراپه‌یان ده‌رهه‌ق كردین و ئازاریان داین و كۆیلایه‌تییه‌كی سه‌ختیان به‌سه‌رماندا سه‌پاند.
7
ئیتر كاتێك هاوارمان بۆ یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری باوباپیرانمان كرد، یه‌زدان گوێی له‌ ده‌نگمان بوو و ناخۆشی و ماندووبوونی و چه‌وساندنه‌وه‌ی ئێمه‌ی بینی.
8
جا یه‌زدان به‌ ده‌ستێكی پۆڵایین و بازووێكی به‌هێز و ترسی مه‌زن و نیشانه‌ و په‌رجووه‌وه‌ له‌ میسر ده‌ریهێناین،
9
ئێمه‌ی هێنایه‌ ناو ئه‌م شوێنه‌ و ئه‌م خاكه‌ی پێداین، خاكێك شیر و هه‌نگوینی لێ ده‌ڕژێت.
10
ئێستاش ئه‌ی یه‌زدان، ئه‌وه‌تا یه‌كه‌مین به‌رهه‌می ئه‌و زه‌وییه‌م هێناوه‌ كه‌ تۆ به‌ منت داوه‌.» ئینجا له‌به‌رده‌م یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان دایده‌نێت و له‌به‌رده‌م یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان كڕنۆش ده‌بات و
11
به‌ هه‌موو ئه‌و خێروبێره‌ دڵخۆش ده‌بن كه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان به‌ خۆتان و ماڵه‌كه‌تانی داوه‌، ئێوه‌ و لێڤییه‌كان و ئه‌و نامۆیانه‌ی له‌نێوتاندان.
12
كاتێك له‌ ده‌رهێنانی ده‌یه‌كی هه‌موو داهاته‌كه‌تان ته‌واو بوون له‌ ساڵی سێیه‌م كه‌ ساڵی ده‌یه‌كه‌، داتانه‌ لێڤی و نامۆ و هه‌تیو و بێوه‌ژنان، له‌ شارۆچكه‌كانتاندا خواردیان و تێر بوون،
13
له‌به‌رده‌م یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان ده‌ڵێن: «به‌شی ته‌رخانكراوی خودام له‌ ماڵه‌كه‌م ده‌رهێنا و هه‌روه‌ها به‌ لێڤی و نامۆ و هه‌تیو و بێوه‌ژنم دا، به‌گوێره‌ی هه‌موو فه‌رمانه‌كه‌ت كه‌ فه‌رمانت پێكردم، له‌ فه‌رمانه‌كانت ده‌رنه‌چووم و له‌ یادم نه‌كرد.
14
له‌ ماته‌مداریمدا له‌ به‌شه‌ ته‌رخانكراوه‌كه‌م نه‌خوارد و له‌ گڵاویمدا لێم نه‌برد و هیچم لێی نه‌داوه‌ بۆ مردوو، به‌ڵكو گوێڕایه‌ڵی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارم بووم و به‌گوێره‌ی هه‌موو ئه‌وه‌م كرد كه‌ فه‌رمانت پێكردم.
15
له‌ نشینگه‌ی پیرۆزی خۆته‌وه‌، له‌ ئاسمانه‌وه‌ بڕوانه‌ و گه‌لی خۆت ئیسرائیل و ئه‌و خاكه‌ به‌ره‌كه‌تدار بكه‌ كه‌ به‌ ئێمه‌ت داوه‌، وه‌ك سوێندت بۆ باوباپیرانمان خوارد، خاكێك شیر و هه‌نگوینی لێ ده‌ڕژێت.»
فه‌رمانی یه‌زدان بپارێزن 
16
ئه‌مڕۆ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان فه‌رمانی پێ كردن كه‌ كار به‌م فه‌رز و یاسایانه‌ بكه‌ن، جا پڕ به‌ دڵ و له‌ ناختانه‌وه‌ به‌جێی بهێنن و په‌یڕه‌وی بكه‌ن،
17
ئه‌مڕۆ ڕاتانگه‌یاند بۆ یه‌زدان كه‌ ببێت به‌ خوداتان و ڕێگاكانی ئه‌و بگرنه‌به‌ر و فه‌رز و فه‌رمانه‌كان و یاساكانی به‌جێبهێنن و گوێڕایه‌ڵی ده‌نگی ببن،
18
یه‌زدانیش ئه‌مڕۆ ڕایگه‌یاند، كه‌ ئێوه‌ گه‌لی ئه‌ون، گه‌نجینه‌یه‌كی تایبه‌تی ئه‌و، وه‌ك به‌ڵێنی پێدان و هه‌موو فه‌رمانه‌كانی بپارێزن.
19
له‌ سه‌رووی هه‌موو ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی دروستی كردوون داتان ده‌نێت، له‌ ستایش و ناوبانگ و ڕێزدا، ببنه‌ گه‌لێكی پیرۆز بۆ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان وه‌ك به‌ڵێنی دا.