عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
ئه‌گه‌ر ناكۆكییه‌ك هه‌بوو له‌نێوان خه‌ڵكی، ده‌بێت بیبه‌نه‌ دادگا بۆ ئه‌وه‌ی دادوه‌ری له‌نێوانیان بكرێت و بێتاوانه‌كه‌ بێتاوان بكرێت و حوكم به‌سه‌ر تاوانباره‌كه‌دا بدرێت.
2
جا ئه‌گه‌ر ڕه‌وا بوو له‌ تاوانباره‌كه‌ بدرێت، ئه‌وا دادوه‌ر چۆكی پێ داده‌دات و له‌به‌رده‌می به‌ ژماره‌ به‌گوێره‌ی تاوانه‌كه‌ی قامچی لێده‌درێت.
3
نابێت له‌ چل قامچی زیاتر بێت، نه‌وه‌ك براكه‌ت له‌به‌رچاوت سووك بێت، ئه‌گه‌ر لێدانه‌كه‌ زیاد بێت.
4
له‌ كاتی گێره‌كردن ده‌می گا مه‌گره‌.
5
ئه‌گه‌ر چه‌ند برایه‌ك پێكه‌وه‌ ژیان و یه‌كێكیان مرد و كوڕی نه‌بوو، ئه‌وا ژنه‌كه‌ی نابێت بۆ پیاوێكی له‌ خێڵێكی دیكه‌ی ده‌ره‌وه‌ بێت، برای مێرده‌كه‌ی ده‌یخوازێت و ده‌یكاته‌ ژنی خۆی و به‌ ئه‌ركی شووبرایه‌تی هه‌ڵده‌ستێت بۆی،
6
ئه‌و كوڕه‌ نۆبه‌ره‌یه‌شی كه‌ بۆی له‌دایك ده‌بێت، به‌ ناوی برا مردووه‌كه‌ی ناوده‌بردرێت، نه‌وه‌ك ناوی له‌ ئیسرائیلدا بسڕێته‌وه‌.
7
ئه‌گه‌ر پیاوه‌كه‌ ڕازی نه‌بوو براژنه‌كه‌ی بخوازێت، ئه‌وا براژنه‌كه‌ی ده‌چێته‌ لای ده‌روازه‌ی شارۆچكه‌كه‌ بۆ لای پیران و ده‌ڵێت: «شووبرایه‌كه‌م ڕازی نه‌بوو ناوێك بۆ براكه‌ی له‌ ئیسرائیلدا درێژه‌ پێبدات، نه‌یویست به‌ ئه‌ركی شووبرایه‌تی هه‌ستێت بۆم.»
8
جا پیرانی شارۆچكه‌كه‌ی بانگی ده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵی ده‌دوێن، ئه‌گه‌ر سوور بوو و گوتی، «ڕازی نیم بیخوازم،»
9
ئه‌وا براژنه‌كه‌ی له‌به‌رچاوی پیران لێی ده‌چێته‌ پێش و یه‌كێك له‌ پێڵاوه‌كانی كابرا له‌ پێی داده‌كه‌نێت و تف له‌ ده‌موچاوی ده‌كات و ڕایده‌گه‌یه‌نێت و ده‌ڵێت: «ئاوا له‌ پیاوێك ده‌كرێت كه‌ ماڵی براكه‌ی بنیاد نه‌نێته‌وه‌.»
10
جا له‌ ئیسرائیل ناوی لێ ده‌نرێت، خێڵی پێڵاو داكه‌نراو.
11
ئه‌گه‌ر دوو پیاو له‌گه‌ڵ یه‌كتری كردیان به‌ شه‌ڕ، ژنی یه‌كێكیان هات بۆ ئه‌وه‌ی فریای پیاوه‌كه‌ی بكه‌وێت له‌ ده‌ست ئه‌وه‌ی لێی ده‌دات، جا ده‌ستی درێژكرد و گونی گرت،
12
ده‌ستی ببڕنه‌وه‌ و به‌زه‌ییتان پێی نه‌یه‌ته‌وه‌.
13
با له‌ تووره‌كه‌كه‌ت كێشی جیاواز نه‌بێت، قورس و سووك.
14
با له‌ ماڵه‌كه‌ت پێوانه‌ی جیاواز نه‌بێت، گه‌وره‌ و بچووك.
15
كێشی ته‌واو و ڕاستت ده‌بێت، پێوانه‌ی ته‌واو و ڕاستت ده‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌مه‌ن درێژ بیت له‌سه‌ر ئه‌و خاكه‌ی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارت پێت ده‌دات،
16
چونكه‌ هه‌ر یه‌كێك ئه‌وه‌ بكات، هه‌ر یه‌كێك ساخته‌كاری بكات، یه‌زدانی په‌روه‌ردگارت قێزی لێ ده‌بێته‌وه‌.
17
له‌ یادتان بێت ئه‌وه‌ی عه‌مالێقییه‌كان له‌ ڕێگا له‌ كاتی هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌تان له‌ میسر پێیان كردن،
18
كه‌ چۆن له‌ ڕێگا به‌ره‌و ڕووتان هاتن و له‌ پشتتانه‌وه‌ هه‌موو لاوازه‌كانی دواوه‌ی ئێوه‌یان بڕییه‌وه‌، ئێوه‌ش په‌ككه‌وته‌ و ماندوو بوون و ئه‌وانیش له‌ خودا نه‌ترسان.
19
جا كاتێك یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان ئێوه‌ی حه‌سانده‌وه‌ له‌ هه‌موو دوژمنه‌كانتان كه‌ له‌ چوارده‌ورتانن له‌و خاكه‌ی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان پێتانی ده‌دات هه‌تا ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرن وه‌ك میرات، ئه‌وا ناوی عه‌مالێق له‌ژێر ئاسمان ده‌سڕنه‌وه‌، له‌بیری نه‌كه‌ن!