عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
یەکەمین بەرهەم و دەیەکەکان 
1
کاتێک هاتنە ناو ئەو خاکەی کە یەزدانی پەروەردگارتان بە میرات پێتانی دەدات و دەستتان بەسەردا گرت و تێیدا نیشتەجێ بوون،
2
ئەوا هەرکەسێک یەکەمین بەرهەمی هەموو بەروبوومی زەوییەکە کە دەستی دەکەوێت لە خاکەکەتان کە یەزدانی پەروەردگارتان پێتانی دەدات دەیکاتە ناو سەبەتەیەک و دەچێتە ئەو شوێنەی کە یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت بۆ ئەوەی ناوی لەوێ بێت.
3
ئینجا دێتە لای ئەو کاهینەی کە لەو کاتەدایە و پێی دەڵێت: «ئەمڕۆ بە یەزدانی پەروەردگارت ڕادەگەیەنم کە من چوومە ناو ئەو خاکەی یەزدان سوێندی بۆ باوباپیرانمان خوارد کە پێمانی بدات.»
4
جا کاهینەکەش سەبەتەکە لە دەستی وەردەگرێت و لەبەردەم قوربانگاکەی یەزدانی پەروەردگارتان دایدەنێت،
5
ئینجا کەسەکە لە بەرامبەر یەزدانی پەروەردگارتان ڕایدەگەیەنێت و دەڵێت: «باوکم ئارامییەکی گەڕۆک بوو، چوو بۆ میسر و لەوێ ئاوارە بوو، چەند کەسێکی کەم بوون، جا لەوێ بوو بە نەتەوەیەکی مەزن و بەهێز و زۆر.
6
ئینجا میسرییەکان خراپەیان دەرهەق کردین و ئازاریان داین و کۆیلایەتییەکی سەختیان بەسەرماندا سەپاند.
7
ئیتر کاتێک هاوارمان بۆ یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانمان کرد، یەزدان گوێی لە دەنگمان بوو و ناخۆشی و ماندووبوونی و چەوساندنەوەی ئێمەی بینی.
8
جا یەزدان بە دەستێکی پۆڵایین و بازووێکی بەهێز و ترسی مەزن و نیشانە و پەرجووەوە لە میسر دەریهێناین،
9
ئێمەی هێنایە ناو ئەم شوێنە و ئەم خاکەی پێداین، خاکێک شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت.
10
ئێستاش ئەی یەزدان، ئەوەتا یەکەمین بەرهەمی ئەو زەوییەم هێناوە کە تۆ بە منت داوە.» ئینجا لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان دایدەنێت و لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان کڕنۆش دەبات و
11
بە هەموو ئەو خێروبێرە دڵخۆش دەبن کە یەزدانی پەروەردگارتان بە خۆتان و ماڵەکەتانی داوە، ئێوە و لێڤییەکان و ئەو نامۆیانەی لەنێوتاندان.
12
کاتێک لە دەرهێنانی دەیەکی هەموو داهاتەکەتان تەواو بوون لە ساڵی سێیەم کە ساڵی دەیەکە، داتانە لێڤی و نامۆ و هەتیو و بێوەژنان، لە شارۆچکەکانتاندا خواردیان و تێر بوون،
13
لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان دەڵێن: «بەشی تەرخانکراوی خودام لە ماڵەکەم دەرهێنا و هەروەها بە لێڤی و نامۆ و هەتیو و بێوەژنم دا، بەگوێرەی هەموو فەرمانەکەت کە فەرمانت پێکردم، لە فەرمانەکانت دەرنەچووم و لە یادم نەکرد.
14
لە ماتەمداریمدا لە بەشە تەرخانکراوەکەم نەخوارد و لە گڵاویمدا لێم نەبرد و هیچم لێی نەداوە بۆ مردوو، بەڵکو گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارم بووم و بەگوێرەی هەموو ئەوەم کرد کە فەرمانت پێکردم.
15
لە نشینگەی پیرۆزی خۆتەوە، لە ئاسمانەوە بڕوانە و گەلی خۆت ئیسرائیل و ئەو خاکە بەرەکەتدار بکە کە بە ئێمەت داوە، وەک سوێندت بۆ باوباپیرانمان خوارد، خاکێک شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت.»
فەرمانی یەزدان بپارێزن 
16
ئەمڕۆ یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی پێ کردن کە کار بەم فەرز و یاسایانە بکەن، جا پڕ بە دڵ و لە ناختانەوە بەجێی بهێنن و پەیڕەوی بکەن،
17
ئەمڕۆ ڕاتانگەیاند بۆ یەزدان کە ببێت بە خوداتان و ڕێگاکانی ئەو بگرنەبەر و فەرز و فەرمانەکان و یاساکانی بەجێبهێنن و گوێڕایەڵی دەنگی ببن،
18
یەزدانیش ئەمڕۆ ڕایگەیاند، کە ئێوە گەلی ئەون، گەنجینەیەکی تایبەتی ئەو، وەک بەڵێنی پێدان و هەموو فەرمانەکانی بپارێزن.
19
لە سەرووی هەموو ئەو نەتەوانەی دروستی کردوون داتان دەنێت، لە ستایش و ناوبانگ و ڕێزدا، ببنە گەلێکی پیرۆز بۆ یەزدانی پەروەردگارتان وەک بەڵێنی دا.