عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
سووڕانەوە لە دەشتودەر و چۆڵەوانیدا 
1
ئینجا ڕوومان وەرگێڕا و کۆچمان کرد بۆ دەشتودەر لەسەر ڕێگای دەریای سوور، هەروەک یەزدان پێی گوتم، ڕۆژانێکی زۆر بە دەوری ناوچە شاخاوییەکانی سێعیردا سووڕاینەوە.
2
ئینجا یەزدان پێی فەرمووم:
3
«بەسە ئیتر بەدەوری ئەم ناوچە شاخاوییانە مەسووڕێنەوە، بەرەو باکوور ڕووتان وەربگێڕن و
4
فەرمان بە گەل بدە و بڵێ: ”ئێوە خەریکن بە سنووری نەوەی عیسۆی برایانتان تێدەپەڕن کە لە سێعیر نیشتەجێن و لێتان دەترسن، بەڵام زۆر ئاگاداربن،
5
هێرشیان مەکەنە سەر، چونکە شوێن پێیەکتان لە خاکی ئەوان نادەمێ، چونکە ناوچە شاخاوییەکانی سێعیرم بە میرات بە عیسۆ داوە.
6
خۆراکیان بە زیو لێ دەکڕن هەتا بیخۆن و ئاویان بە زیو لێ وەردەگرن هەتا بیخۆنەوە.“»
7
یەزدانی پەروەردگارتان بەرەکەتداری کردوون لە هەموو کارێکی دەستەکانتان، ڕێ و شوێنتان دەزانێت لەم چۆڵەوانییە مەزنە، ئەم چل ساڵە یەزدانی پەروەردگارتان لەگەڵتاندا بووە و لە هیچ شتێکتان کەم نەبووە.
8
ئینجا بەسەر نەوەی عیسۆی برایانمان تێپەڕین کە لە چیای سێعیر نیشتەجێن. ڕێگای عەراڤامان بەجێهێشت کە لە ئێلەت و عەچیۆن گەڤەرەوە دێت، ئینجا سووڕاینەوە و بە ڕێگای چۆڵەوانی مۆئابدا ڕۆیشتین.
9
یەزدان پێی فەرمووم: «مۆئاب هەراسان مەکە و جەنگ لە دژیان بەرپا مەکە، چونکە هیچ بەشێک لە خاکەکەیان بە میرات بە تۆ نادەم، چونکە عارم بە میرات بە نەوەی لوت داوە.»
10
(پێشتر ئێمییەکان[a] تێیدا نیشتەجێ بوون، گەلێکی بەهێز و زۆر بوون، وەک عەناقییەکان باڵا بەرز بوون.
11
وەک عەناقییەکان، ئەوانیش بە ڕفائییەکان ناسراو بوون، بەڵام مۆئابییەکان هەر بە ئێمییەکان بانگیان دەکردن.
12
پێشتر حۆرییەکان لە سێعیر نیشتەجێ بوون، بەڵام نەوەی عیسۆ لەبەردەم خۆیان دەریانپەڕاندن و لەناویانبردن و لە شوێنیان نیشتەجێ بوون، وەک ئەوەی ئیسرائیل کردیان بە خاکی میراتیان کە یەزدان پێیدابوون.)
13
یەزدانیش پێی فەرمووم: «ئێستا هەستن و لە دۆڵی زەرەد بپەڕنەوە،» ئێمەش لە دۆڵی زەرەد پەڕینەوە.
14
لەو کاتەوە کە قادێش بەرنێعمان بەجێهێشت هەتا لە دۆڵی زەرەد پەڕینەوە سی و هەشت ساڵ بوو، هەتا هیچ لەو نەوەیە لە پیاوانی جەنگ لەناو ئۆردوگاکە نەمان، هەروەک یەزدان سوێندی بۆ خواردن،
15
یەزدانیش لە دژیان بوو، بۆ لەناوبردنیان لەناو ئۆردوگاکە هەتا لەناوچوون.
16
جا کاتێک هەموو پیاوانی جەنگ لەنێو گەل بە مردن لەناوچوون،
17
یەزدان پێی فەرمووم:
18
«تۆ ئەمڕۆ تێدەپەڕیت لە عار کە لە سنووری مۆئابە،
19
کاتێک لەلای عەمۆنییەکان نزیک کەوتیتەوە هەراسانیان مەکە و هێرشیان مەکە سەر، چونکە هیچت لە خاکی عەمۆنییەکان بە میرات نادەمێ، چونکە بە میرات بە نەوەی لوتم داوە.»
20
(ئەویش بە خاکی ڕفائییەکان دادەنرێت، پێشتر ڕفائییەکان تێیدا نیشتەجێ بوون، بەڵام عەمۆنییەکان بە زەمزومییەکان ناویان دەبردن،
21
گەلێکی بەهێز و زۆر بوون و وەک عەناقییەکان باڵا بەرز بوون، بەڵام یەزدان لەبەردەم عەمۆنییەکاندا لەناوی بردن، جا دەریانکردن و لە شوێنیان نیشتەجێ بوون.
22
یەزدان وەک ئەوەی بۆ نەوەی عیسۆی کرد کە لە سێعیردا نیشتەجێن، کاتێک حۆرییەکانی لە بەرامبەریان تێکشکاند، جا دەریانکردن و هەتا ئەمڕۆ لە شوێنیان نیشتەجێن.
23
هەروەها عەڤییەکان کە لە گوندەکان نیشتەجێ بوون هەتا غەزە، کەفتۆرییەکان کە لە کەفتۆرەوە[b] هاتبوون لەناویانبردن و لە شوێنیان نیشتەجێ بوون.)
شکاندنی سیحۆن پاشای حەشبۆن 
24
«هەستن، کۆچ بکەن و لە دەربەندی ئەرنۆن بپەڕنەوە. بڕوانە، ئەوا سیحۆنی پاشای حەشبۆنی ئەمۆری و خاکەکەیم بە دەستتانەوە داوە، دەستی بەسەردا بگرن و لە دژی ئەو جەنگ بەرپا بکەن.
25
ئەمڕۆ دەستپێدەکەم، ترس و سامتان دەخەمە بەرچاوی ئەو گەلانەی لەژێر هەموو ئاسمانن، ئەوانە گوێیان لە هەواڵتان دەبێت لێتان دەترسن و لەبەر ئێوە دەلەرزن.»
26
جا نێردراوانم لە چۆڵەوانی قەدێمۆتەوە بۆ لای سیحۆنی پاشای حەشبۆن نارد بە وشەی ئاشتیەوە و گوتم:
27
«ڕێمان بدە بە خاکەکەتدا تێپەڕین و تەنها بە ڕێگای سەرەکیدا دەڕۆین، لانادەین نە بەلای ڕاست و نە بەلای چەپدا،
28
بە زیو خۆراکمان پێ دەفرۆشیت هەتا بیخۆین و بە زیو ئاومان دەدەیتێ هەتا بیخۆینەوە، تەنها بە پێیەکانمان تێدەپەڕین،
29
هەروەک ئەوەی نەوەی عیسۆ کە لە سێعیردا نیشتەجێن و مۆئابییەکان کە لە عاردا نیشتەجێن بۆیان کردووین، هەتا لە ڕووباری ئوردون دەپەڕینەوە بۆ ئەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارمان پێی بەخشیوین.»
30
بەڵام سیحۆنی پاشای حەشبۆن ڕازی نەبوو ڕێگامان بدات پێیدا بڕۆین، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان وای لێکرد کەللەڕەق بێت و دڵی توند کرد تاکو بیداتە دەستتان، هەروەک چۆن ئەمڕۆ بووە.
31
یەزدان پێی فەرمووم: «بڕوانە، ئەوا دەستم پێکرد سیحۆن و خاکەکەی بدەمە دەستت، ئێستا دەستپێبکە و دەست بەسەر خاکەکەیدا بگرە.»
32
کاتێک سیحۆن و هەموو سوپاکەی لە یەهەچ بۆ جەنگ لە دژمان هاتنە دەرەوە،
33
یەزدانی پەروەردگارمان ئەوانی دا بە دەستمان و ئێمەش لێمان دان لەگەڵ کوڕەکانی و هەموو سوپاکەی.
34
لەو کاتەدا هەموو شارۆچکەکانیمان گرت و لە هەموو شارۆچکەیەک پیاو و ژن و منداڵمان بە تەواوی قڕکرد[c] ، نەمانهێشت کەس دەرباز بێت،
35
بەڵام ئاژەڵە ماڵییەکانمان بۆ خۆمان تاڵان کرد و دەستکەوتی شارۆچکەکانمان برد.
36
لە عەرۆعێرەوە کە لەسەر لێواری دەربەندی ئەرنۆنە و ئەو شارۆچکەیەی لە دۆڵەکەیە هەتا گلعاد، هیچ شارێک نەبوو لەپێشمان بوەستێت، یەزدانی پەروەردگارمان هەمووی دا بە دەستمان،
37
بەڵام لە خاکی عەمۆنییەکان نزیک نەکەوتینەوە، هەموو لایەکی دۆڵی یەبۆق و شارۆچکەکانی ناوچە شاخاوییەکە و هەموو ئەوەی یەزدانی پەروەردگارمان فەرمانی پێدا.
  1. a. 2‏:10 ئێمییەکان: بڕوانە پەیدابوون 14‏:5‏‏.‏
  2. b. 2‏:23 کەفتۆر: واتا دوورگەی کریت، کە ئەمڕۆ بەشێک لە وڵاتی یۆنان.‏
  3. c. 2‏:34 لە زمانی عیبری ئەم زاراوەیە دەگەڕێتەوە بۆ شتێک یان کەسێک کە دەبەخشرێت بە یەزدان، زۆر جار بەخشینەکە بە تەواوی لە ناودەبردرێت.‏