عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
فه‌رمانی به‌ڕێكه‌وتن له‌ حۆرێڤه‌وه‌ 
1
ئه‌مه‌ ئه‌و وتانه‌یه‌ كه‌ موسا به‌ نه‌وه‌ی ئیسرائیلی گوت، له‌ به‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی ڕووباری ئوردون، له‌ ده‌شتوده‌ر له‌ عه‌راڤا[a] ، به‌رامبه‌ر به‌ سوف له‌نێوان پاران و تۆفه‌ل و لاڤان و حه‌چێرۆت و دی زاهاڤ.
2
له‌ حۆرێڤه‌وه‌ له‌سه‌ر ڕێگای كێوی سێعیر بۆ قادێش به‌رنێعه‌ گه‌شتێكی یازده‌ ڕۆژه‌.
3
له‌ یه‌كی مانگی یازده‌ی ساڵی چله‌مین، موسا وه‌ك هه‌موو ئه‌وه‌ی یه‌زدان فه‌رمانی پێ كردبوو له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ی ئیسرائیلدا دوا.
4
ئه‌مه‌ دوای ئه‌وه‌ بوو كه‌ سیحۆنی پاشای ئه‌مورییه‌كانی به‌زاند كه‌ له‌ حه‌شبۆن فه‌رمانڕه‌وا بوو، عۆگی پاشای باشانی شكاند كه‌ له‌ عه‌شتارۆت فه‌رمانڕه‌وا بوو له‌ ئه‌دره‌عی.
5
موسا له‌ به‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی ڕووباری ئوردون له‌ خاكی مۆئابدا ده‌ستی به‌ ڕوونكردنه‌وه‌ی ئه‌م فێركردنه‌ كرد و گوتی:
6
یه‌زدانی په‌روه‌ردگارمان له‌ حۆرێڤ پێی فه‌رمووین: «ئیتر به‌سه‌! ماوه‌یه‌كی زۆره‌ له‌م كێوه‌ دانیشتوون،
7
ڕووتان وه‌ربگێڕن و كۆچ بكه‌ن و بڕۆن بۆ ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی ئه‌مورییه‌كان و ده‌رودراوسێكانی له‌ عه‌راڤا و چیا و زوورگه‌كانی[b] خۆرئاوا و نه‌قه‌ب و كه‌ناری ده‌ریای خاكی كه‌نعان و لوبنان هه‌تا ڕووباری گه‌وره‌، واته‌ ڕووباری فورات.
8
بڕوانن ئه‌وا خاكه‌كه‌م له‌پێش داناون، بڕۆنه‌ ناوی و ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و خاكه‌دا بگرن كه‌ یه‌زدان سوێندی بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوبی باوباپیرانتان خوارد بیانداتێ و بۆ نه‌وه‌كانیشیان له‌دوای خۆیان.»
دانانی دادوه‌ره‌كان 
9
له‌و كاته‌دا له‌گه‌ڵتاندا دوام و گوتم، «ناتوانم به‌ ته‌نها بارتان هه‌ڵبگرم،
10
یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان زۆری كردوون و ئه‌وه‌تا ئه‌مڕۆ ئێوه‌ وه‌ك ئه‌ستێره‌ی ئاسمانن له‌ زۆریدا.
11
با یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری باوباپیرانتان هه‌زار قات زیاترتان بكات و به‌ره‌كه‌تدارتان بكات، هه‌روه‌ك به‌ڵێنی پێدان،
12
به‌ڵام چۆن به‌ ته‌نها قورسایی و بارگرانی و ناكۆكییه‌كانتان هه‌ڵبگرم؟
13
له‌ هۆزه‌كانتان پیاوی دانا و تێگه‌یشتوو و ڕێزدار هه‌ڵبژێرن و له‌سه‌رتان دایانده‌نێم.»
14
ئێوه‌ش وه‌ڵامتان دامه‌وه‌ و گوتتان، «ئه‌وه‌ی گوتت باشه‌، با بیكه‌ین.»
15
جا پیاوه‌ گه‌وره‌كانی هۆزه‌كانی ئێوه‌م برد، پیاوانی دانا و ڕێزدار، ئه‌وانم كرد به‌ سه‌رۆك به‌سه‌رتانه‌وه‌، كاربه‌ده‌ست به‌سه‌ر هه‌زاران و سه‌دان و په‌نجایان و ده‌یان و كوێخاكان بۆ هۆزه‌كانتان.
16
له‌و كاته‌شدا فه‌رمانم به‌ دادوه‌ره‌كانتان كرد و گوتم: «گوێ له‌ داوا و سكاڵای گه‌له‌كه‌تان بگرن و به‌ ڕاستودروستی دادوه‌رییان بكه‌ن، جا چ داواكه‌ له‌نێوان دوو ئیسرائیلیدا بێت یان له‌نێوان ئیسرائیلییه‌ك و نامۆیه‌كدا بێت.
17
له‌ دادوه‌ریدا لایه‌نگری مه‌كه‌ن، گوێ له‌ بچووك بگرن وه‌ك گه‌وره‌، له‌ كه‌س مه‌ترسن، دادوه‌ریكردن هی خودایه‌ و ئه‌و داوایانه‌ی بۆتان زه‌حمه‌ت بێت، ئه‌وا بۆ منی ده‌هێنن هه‌تا گوێم لێی بێت.»
18
له‌و كاته‌شدا فه‌رمانم پێكردن سه‌باره‌ت به‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه‌ ده‌یكه‌ن.
سیخوڕی خاكه‌كه‌ 
19
ئینجا له‌ حۆرێڤ كۆچمان كرد و ئه‌و چۆڵه‌وانییه‌ مه‌زنه‌ ترسناكه‌مان گرته‌به‌ر كه‌ له‌ ڕێگای ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی ئه‌مورییه‌كان بینیتان، هه‌روه‌ك یه‌زدانی په‌روه‌ردگارمان فه‌رمانی پێ كردین و هاتین هه‌تا قادێش به‌رنێعه‌.
20
پێم گوتن: «ئه‌وا هاتنه‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی ئه‌مورییه‌كان كه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارمان پێمان ده‌دات.
21
بڕوانن! یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان خاكه‌كه‌ی له‌به‌رده‌متان داناوه‌، سه‌ربكه‌ون و ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرن، هه‌روه‌ك یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری باوباپیرانتان پێی فه‌رموون. مه‌ترسن و وره‌ به‌رمه‌ده‌ن.»
22
جا هه‌مووتان هاتنه‌ لای من و گوتتان: «با چه‌ند پیاوێك له‌پێش خۆمان بنێرین بۆ ئه‌وه‌ی سیخوڕیه‌تی خاكه‌كه‌مان بۆ بكه‌ن و هه‌واڵی ئه‌و ڕێگایه‌مان بۆ بهێننه‌وه‌ كه‌ پێیدا ده‌ڕۆین و ئه‌و شارۆچكانه‌ی بۆی ده‌چین.»
23
ئه‌و قسه‌یه‌م به‌لاوه‌ باش بوو، دوازده‌ پیاوم لێ ده‌رهێنان، له‌ هه‌ر هۆزێك پیاوێك.
24
جا چوون و سه‌ركه‌وتنه‌ سه‌ر ناوچه‌ شاخاوییه‌كه‌ و هاتنه‌ دۆڵی ئه‌شكۆل و سیخوڕییان كرد و
25
له‌گه‌ڵ ده‌ستیان له‌ به‌روبوومی خاكه‌كه‌یان بۆ هێناینه‌وه‌ و هه‌واڵیان پێ ڕاگه‌یاندینه‌وه‌ و گوتیان: «ئه‌و خاكه‌ی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارمان پێمان ده‌دات، باشه‌.»
یاخیبوون له‌ قسه‌ی یه‌زدان 
26
به‌ڵام ئێوه‌ ڕازی نه‌بوون سه‌ربكه‌ون و له‌ فه‌رمانی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان یاخی بوون و
27
له‌ناو چادره‌كانتان كه‌وتنه‌ بۆڵه‌بۆڵ و گوتتان: «یه‌زدان ڕقی له‌ ئێمه‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێمه‌ی له‌ خاكی میسر ده‌رهێنا هه‌تا بمانداته‌ ده‌ستی ئه‌مورییه‌كان و له‌ناومان ببه‌ن.
28
بۆ كوێ سه‌رده‌كه‌وین؟ براكانمان وره‌یان ڕووخاندین و گوتیان: ”گه‌لێكی له‌ ئێمه‌ مه‌زنتر و باڵا به‌رزترن، شاره‌كان مه‌زن و شوورادارن هه‌تا ئاسمان، هه‌روه‌ها له‌وێ نه‌وه‌ی عه‌ناقمان[c] بینی.“»
29
منیش پێم گوتن: «مه‌تۆقن و لێیان مه‌ترسن.
30
یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان كه‌ له‌پێشتانه‌وه‌ ده‌ڕوات، ئه‌و بۆتان ده‌جه‌نگێت، به‌گوێره‌ی هه‌موو ئه‌وه‌ی له‌پێش چاوتان له‌ میسر بۆی كردن،
31
هه‌روه‌ها له‌ ده‌شتوده‌ر كه‌ بینیتان چۆن یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان هه‌ڵیگرتن هه‌روه‌ك باوك كوڕه‌كه‌ی هه‌ڵده‌گرێت، له‌ هه‌موو ئه‌و ڕێگایه‌ی گرتتانه‌به‌ر هه‌تا هاتنه‌ ئه‌م شوێنه‌.»
32
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بڕواتان به‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان نه‌بوو،
33
ئه‌وه‌ی له‌ ڕێگا له‌پێشتانه‌وه‌ چوو هه‌تا شوێنێكتان بۆ بدۆزێته‌وه‌ بۆ چادرهه‌ڵدانتان، له‌ شه‌ودا له‌ناو ئاگردا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕێگایه‌تان پیشان بدات كه‌ پێیدا ده‌ڕۆن و له‌ ڕۆژیشدا له‌ناو هه‌ور.
34
جا یه‌زدان گوێی له‌ ده‌نگی قسه‌كانتان بوو، تووڕه‌ بوو و سوێندی خوارد و فه‌رمووی:
35
«هیچ كه‌سێك له‌م خه‌ڵكه‌ له‌م نه‌وه‌ به‌دكاره‌ ئه‌و خاكه‌ چاكه‌ نابینێت كه‌ سوێندم خوارد بیده‌م به‌ باوباپیرانتان،
36
ته‌نها كالێبی كوڕی یه‌فونه‌ نه‌بێت، ئه‌و ده‌یبینێت و ئه‌و خاكه‌ ده‌ده‌مه‌ ئه‌و كه‌ پێی لێناوه‌ و ده‌یده‌مه‌ كوڕه‌كانیشی، چونكه‌ به‌ هه‌موو دڵییه‌وه‌ به‌دوای یه‌زدان كه‌وت.»
37
به‌هۆی ئێوه‌وه‌ یه‌زدان له‌ منیش تووڕه‌ بوو و فه‌رمووی: «تۆش بۆ ئه‌وێ ناچیت.
38
یه‌شوعی كوڕی نون كه‌ له‌به‌رده‌مت وه‌ستاوه‌ ده‌چێته‌ ئه‌وێ، هانی بده‌، چونكه‌ خاكه‌كه‌ وه‌ك میرات بۆ ئیسرائیل دابه‌ش ده‌كات،
39
به‌ڵام منداڵه‌كانتان كه‌ گوتتان ده‌بنه‌ دیل و كوڕه‌كانتان ئه‌وانه‌ی هه‌تا ئه‌مڕۆ چاكه‌ و خراپه‌یان نه‌زانیوه‌، ئه‌وان ده‌چنه‌ ئه‌وێ و ده‌یده‌مه‌ ئه‌وان و ئه‌وان ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گرن،
40
به‌ڵام ئێوه‌ ڕووتان وه‌ربگێڕن و كۆچ بكه‌ن بۆ ده‌شتوده‌ر، له‌سه‌ر ڕێگای ده‌ریای سوور[d]
41
جا وه‌ڵامتان دایه‌وه‌ و به‌ منتان گوت: «گوناهمان سه‌باره‌ت به‌ یه‌زدان كرد، ئێمه‌ ده‌چین و ده‌جه‌نگین هه‌روه‌ك یه‌زدانی په‌روه‌ردگارمان فه‌رمانی به‌ ئێمه‌ كردووه‌.» بۆیه‌ هه‌ریه‌كه‌تان خۆی به‌ چه‌ك و تفاقی جه‌نگ به‌ست، واتانزانی سه‌ركه‌وتن بۆ ناوچه‌ی شاخاوییه‌كه‌ ئاسانه‌!
42
به‌ڵام یه‌زدان پێی فه‌رمووم، «پێیان بڵێ: ”مه‌ڕۆن و مه‌جه‌نگن، چونكه‌ من له‌گه‌ڵتان نابم، نه‌وه‌ك له‌به‌رده‌م دوژمنتان ببه‌زن.“»
43
جا قسه‌م له‌گه‌ڵ كردن و گوێتان نه‌گرت، به‌ڵكو له‌ فه‌رمانی یه‌زدان یاخی بوون و لووت به‌رز بوون و بۆ ناوچه‌ی شاخاوییه‌كه‌ سه‌ركه‌وتن.
44
جا ئه‌مورییه‌كانی دانیشتووی ئه‌و شاخانه‌ په‌لاماریان دان و ده‌ریانپه‌ڕاندن، هه‌روه‌ك پووره‌ هه‌نگی كێوی ده‌یكات و له‌ سێعیره‌وه‌ تێكیان شكاندن هه‌تا حۆرما.
45
ئینجا گه‌ڕانه‌وه‌ و گریان له‌به‌رده‌م یه‌زدان، به‌ڵام یه‌زدان گوێی له‌ ده‌نگتان نه‌گرت و گوێی بۆ شل نه‌كردن.
46
ماوه‌یه‌كی درێژ له‌ قادێش دانیشتن به‌ قه‌د ئه‌و ڕۆژانه‌ی تێیدا مانه‌وه‌.
  1. a. 1‏:1 شیوێك بوو له‌ ده‌ریاچه‌ی جه‌لیله‌وه‌ هه‌تا ده‌ریای مردوو.
  2. b. 1‏:7 زوورگ: له‌ ته‌پۆڵكه‌ به‌رزتره‌، هه‌روه‌ك به‌رزاییه‌كانی زوورگه‌زراو له‌ كوردستان.
  3. c. 1‏:28 نه‌وه‌ی عه‌ناق: خه‌ڵكێكی زه‌به‌لاح بوون و له‌به‌ر توانای جه‌سته‌ییان له‌ جه‌نگدا ترسناك بوون. بڕوانه‌ \+xt سه‌رژمێری 13‏:22‏\+xt*‏.
  4. d. 1‏:40 عیبری \+tl سوف\+tl* واته‌ (زه‌ل). ده‌شێت مه‌به‌ست له‌ ده‌ریای سوف بێت، ئه‌و ده‌ریایه‌ بێت كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌رووی باكووری كه‌نداوی سوێسی ئه‌مڕۆ، به‌ڵام له‌ ده‌قی یۆنانی په‌یمانی نوێ هه‌ر به‌ ده‌ریای سوور نووسراوه‌. بڕوانه‌ \+xt عیبرانییه‌كان 11‏:29‏\+xt*‏.