عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
بۆ یەزدانی پەروەردگارتان گایەک یان بەرخێک سەرمەبڕن کە کەموکوڕییەک یان شتێکی خراپی تێدابێت، چونکە ئەوە قێزەونە لەلای یەزدانی پەروەردگارتان.
2
ئەگەر لەنێوتان، لە یەکێک لە شارۆچکەکانتان کە یەزدانی پەروەردگارتان پێتانی دەدات، پیاوێک یان ئافرەتێک بینرا کارێک دەکات کە لەلای یەزدانی پەروەردگارتان خراپە و پەیمانەکەی دەشکێنێت و
3
بە پێچەوانەی فەرمانی منەوە، خوداوەندی دیکە، خۆر، مانگ یان هەر یەکێک لە ئەستێرەکانی ئاسمان دەپەرستێت و کڕنۆشی بۆ دەبات،
4
جا پێتان ڕاگەیەنرا و بیستتان، دەبێت ئێوە باش لێی بکۆڵنەوە. ئەگەر تاوانبارکردنەکە ڕاست بوو و بێگومان ئەو کارە قێزەونە لە ئیسرائیل کرابوو،
5
ئەوا ئەو پیاوە یان ئەو ئافرەتەی ئەو بەدکارییەی کردووە، دەریبکەن بۆ لای دەروازەی شارەکەتان و بەردبارانی بکەن هەتا دەمرێت.
6
ئەوەی بکوژرێت لەسەر زاری دوو شایەت یان سێ شایەت دەکوژرێت، نابێت لەسەر زاری یەک شایەت بکوژرێت.
7
یەکەم جار دەستی شایەتەکانی بەسەرەوە دەبێت بۆ کوشتنی پاشان دەستی هەموو گەل، جا خراپەکە لەنێو خۆتان دادەماڵن.
دادگا 
8
ئەگەر داوایەکتان بەلاوە سەخت بوو لە بڕیاردان، چ لە تاوانی ڕووداوی کوشتن یان داواکاری ماف یان پەلاماردان، لە کاروباری ناکۆکی لە دادگاکانتان، ئەوا هەستن و بڕۆن بۆ ئەو شوێنەی یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت.
9
بڕۆنە لای کاهینە لێڤییەکان و لای ئەو دادوەرەی لەو ڕۆژانەدایە و بپرسن، جا حوکمی بڕیارەکەتان پێ ڕادەگەیەنن.
10
دەبێت ئەو بڕیارەی کە پێتانی ڕادەگەیەنن جێبەجێی بکەن، لەو شوێنەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت. ئاگاداربن لەوەی ڕێک ئەوە بکەن کە فێرتان دەکەن.
11
بەپێی ئەو ڕێنماییە فێرتان دەکەن و ئەو حوکمەی پێتانی دەڵێن، وا دەکەن، لەو شتانە لامەدەن کە پێتانی ڕادەگەیەنن، نە بەلای ڕاست و نە بەلای چەپ.
12
هەرکەسێکیش کە بە لووتبەرزییەوە دەجوڵێتەوە و گوێ لەو کاهینە ناگرێت کە لەوێ ڕاوەستاوە بۆ ئەوەی یەزدانی پەروەردگارتان بپەرستێت، یان گوێ لە دادوەرەکە ناگرێت، ئەوا دەبێت بکوژرێت و ئەو خراپەیە لە ئیسرائیلدا دابماڵرێت.
13
جا هەموو گەل دەبیستن و دەترسن و لەپاش ئەوە لووتبەرزانە ناجوڵێنەوە.
پاشاکە 
14
کاتێک هاتنە ئەو خاکەی کە یەزدانی پەروەردگارتان دەتانداتێ و دەستتان بەسەردا گرت و تێیدا نیشتەجێ بوون، جا ئەگەر بڵێن، «پاشایەک بۆ خۆمان دادەنێین وەک هەموو ئەو نەتەوانەی دەوروبەرمان،»
15
ئەوا ئەو پاشایە بۆ خۆتان دادەنێن کە یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت، یەکێک لە براکانتان بۆ خۆتان دەکەنە پاشا، بۆتان نییە یەکێکی بێگانە دابنێن کە ئیسرائیلییەکی براتان نییە.
16
بەڵام با ئەو پاشایە ئەسپ بۆ خۆی زۆر نەکات و گەل نەنێرێتەوە بۆ میسر، بۆ ئەوەی ئەسپی زۆرتر بەدەستبهێنێت، چونکە یەزدان پێی فەرموون: «نەکەن جارێکی دیکە بەو ڕێگایەدا بگەڕێنەوە.»
17
هەروەها با ژن بۆ خۆی زۆر نەکات، نەوەک دڵی لابدات. با زێڕ و زیویش بۆ خۆی گەلێک زۆر نەکات.
18
کاتێک لەسەر تەختی پاشایەتییەکەشی دادەنیشێت، با وێنەیەک لەم فێرکردنە لە پەڕتووکێک لەلای کاهینە لێڤییەکان بۆ خۆی بنووسێتەوە.
19
جا بە درێژایی ژیانی لەلای دەبێت و لێی دەخوێنێتەوە، بۆ ئەوەی فێر بێت لە یەزدانی پەروەردگاری خۆی بترسێت و هەموو وشەکانی ئەم فێرکردنە و ئەم فەرزانە بەجێبهێنێت هەتا پەیڕەویان بکات.
20
نەوەک بەسەر براکانیدا لووتبەرز بێت، نەوەک لە فەرمانەکان بەلای ڕاست یان بەلای چەپدا لابدات، بۆ ئەوەی درێژە بە ماوەی پاشایەتییەکەی بدات، خۆی و نەوەکانی لەنێو ئیسرائیل.