عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
بۆ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان گایه‌ك یان به‌رخێك سه‌رمه‌بڕن كه‌ كه‌موكوڕییه‌ك یان شتێكی خراپی تێدابێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ قێزه‌ونه‌ له‌لای یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان.
2
ئه‌گه‌ر له‌نێوتان، له‌ یه‌كێك له‌ شارۆچكه‌كانتان كه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان پێتانی ده‌دات، پیاوێك یان ئافره‌تێك بینرایه‌وه‌ خراپه‌ له‌به‌رچاوی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان ده‌كات، به‌ شكاندنی په‌یمانه‌كه‌ی و
3
ده‌ڕوات و خودای دیكه‌ ده‌په‌رستێت و كڕنۆشی بۆ ده‌بات، یان بۆ خۆر یان بۆ مانگ یان بۆ هه‌ر یه‌كێك له‌ ئه‌ستێره‌كانی ئاسمان، ئه‌و شته‌ی كه‌ فه‌رمانم پێی نه‌داوه‌.
4
جا پێتان ڕاگه‌یه‌نرا و بیستتان و باش لێتان كۆڵییه‌وه‌ و تاوانباركردنه‌كه‌ ڕاست بوو و بێگومان ئه‌و كاره‌ قێزه‌ونه‌ له‌ ئیسرائیل كرابوو،
5
ئه‌وا ئه‌و پیاوه‌ یان ئه‌و ئافره‌ته‌ی ئه‌و به‌دكارییه‌ی كردووه‌، ده‌ریبكه‌ن بۆ لای ده‌روازه‌ی شاره‌كه‌تان و به‌ردبارانی بكه‌ن هه‌تا ده‌مرێت.
6
ئه‌وه‌ی بكوژرێت له‌سه‌ر زاری دوو شایه‌ت یان سێ شایه‌ت ده‌كوژرێت، نابێت له‌سه‌ر زاری یه‌ك شایه‌ت بكوژرێت.
7
یه‌كه‌م جار ده‌ستی شایه‌ته‌كانی به‌سه‌ره‌وه‌ ده‌بێت بۆ كوشتنی پاشان ده‌ستی هه‌موو گه‌ل، جا خراپه‌كه‌ له‌نێو خۆتان داده‌ماڵن.
دادگا 
8
ئه‌گه‌ر داوایه‌كتان به‌لاوه‌ سه‌خت بوو له‌ بڕیاردان، چ له‌ تاوانی ڕووداوی كوشتن یان داواكاری ماف یان په‌لاماردان، له‌ كاروباری ناكۆكی له‌ دادگاكانتان، ئه‌وا هه‌ستن و بڕۆن بۆ ئه‌و شوێنه‌ی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان هه‌ڵیده‌بژێرێت.
9
بڕۆنه‌ لای كاهینه‌ لێڤییه‌كان و لای ئه‌و دادوه‌ره‌ی له‌و ڕۆژانه‌دایه‌ و بپرسن، جا حوكمی بڕیاره‌كه‌تان پێ ڕاده‌گه‌یه‌نن.
10
ده‌بێت ئه‌و بڕیاره‌ی كه‌ پێتانی ڕاده‌گه‌یه‌نن جێبه‌جێی بكه‌ن، له‌و شوێنه‌ی یه‌زدان هه‌ڵیده‌بژێرێت. ئاگاداربن له‌وه‌ی ڕێك ئه‌وه‌ بكه‌ن كه‌ فێرتان ده‌كه‌ن.
11
به‌پێی ئه‌و ڕێنماییه‌ فێرتان ده‌كه‌ن و ئه‌و حوكمه‌ی پێتانی ده‌ڵێن، وا ده‌كه‌ن، له‌و شتانه‌ لامه‌ده‌ن كه‌ پێتانی ڕاده‌گه‌یه‌نن، نه‌ به‌لای ڕاست و نه‌ به‌لای چه‌پ.
12
ئه‌و پیاوه‌ش كه‌ به‌ لووتبه‌رزییه‌وه‌ ده‌جوڵێته‌وه‌ و گوێ ناگرێت له‌و كاهینه‌ی له‌وێ ڕاوه‌ستاوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان بپه‌رستێت، یان گوێ له‌ دادوه‌ره‌كه‌ ناگرێت، ئه‌وا ئه‌و پیاوه‌ ده‌كوژرێت و خراپه‌كه‌ له‌ ئیسرائیلدا داده‌ماڵرێت.
13
جا هه‌موو گه‌ل ده‌بیستن و ده‌ترسن و له‌پاش ئه‌وه‌ لووتبه‌رزانه‌ ناجوڵێنه‌وه‌.
پاشاكه‌ 
14
كاتێك هاتنه‌ ئه‌و خاكه‌ی كه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان ده‌تانداتێ و ده‌ستتان به‌سه‌ردا گرت و تێیدا نیشته‌جێ بوون، جا ئه‌گه‌ر بڵێن، «پاشایه‌ك بۆ خۆمان داده‌نێین وه‌ك هه‌موو ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی ده‌وروبه‌رمان،»
15
ئه‌وا ئه‌و پاشایه‌ بۆ خۆتان داده‌نێن كه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان هه‌ڵیده‌بژێرێت، یه‌كێك له‌ براكانتان بۆ خۆتان ده‌كه‌نه‌ پاشا، بۆتان نییه‌ یه‌كێكی بێگانه‌ دابنێن كه‌ ئیسرائیلییه‌كی براتان نییه‌.
16
به‌ڵام با ئه‌و پاشایه‌ ئه‌سپ بۆ خۆی زۆر نه‌كات و گه‌ل نه‌نێرێته‌وه‌ بۆ میسر، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌سپی زۆرتر به‌ده‌ستبهێنێت، چونكه‌ یه‌زدان پێی فه‌رموون: «نه‌كه‌ن جارێكی دیكه‌ به‌و ڕێگایه‌دا بگه‌ڕێنه‌وه‌.»
17
هه‌روه‌ها با ژن بۆ خۆی زۆر نه‌كات، نه‌وه‌ك دڵی لابدات و با زێڕ و زیویش بۆ خۆی گه‌لێك زۆر نه‌كات.
18
كاتێك له‌سه‌ر ته‌ختی پاشایه‌تییه‌كه‌شی داده‌نیشێت، با وێنه‌یه‌ك له‌م فێركردنه‌ له‌ په‌ڕتووكێك له‌لای كاهینه‌ لێڤییه‌كان بۆ خۆی بنووسێته‌وه‌.
19
جا به‌ درێژایی ژیانی له‌لای ده‌بێت و لێی ده‌خوێنێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی فێر بێت له‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری خۆی بترسێت و هه‌موو وشه‌كانی ئه‌م فێركردنه‌ و ئه‌م فه‌رزانه‌ به‌جێبهێنێت هه‌تا په‌یڕه‌ویان بكات.
20
نه‌وه‌ك به‌سه‌ر براكانیدا لووتبه‌رز بێت، نه‌وه‌ك له‌ فه‌رمانه‌كان به‌لای ڕاست یان به‌لای چه‌پدا لابدات، بۆ ئه‌وه‌ی درێژه‌ به‌ ماوه‌ی پاشایه‌تییه‌كه‌ی بدات، خۆی و نه‌وه‌كانی له‌نێو ئیسرائیل.